زووم..
حکومەتی عێراق لەشکرکێشییەکانی تورکیای رەتکردەوە و محەمەد شیاع سودانیی سەرۆککۆوەزیران شاندێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی راسپارد سەردانی هەرێمی کوردستان بۆ بەدواداچوون بۆ دۆخەکە.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزاریی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، فەرماندی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کۆبوویەوە.
لە راگەیەنراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، ئەنجومەنەکە لەشکرکێشییەکانی تورکیای لە هەرێمی کوردستان رەتکردەوە و رایگەیاند، پێویستە تورکیا رەچاوی بنەماکانی دراوسێی باش و مامەڵەی دیپلۆماسی لەگەڵ حکومەتی عێراق بکات و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق بکات لە هەر بابەتێک کە پەیوەندیدارە بە لایەنی ئەمنییەوە.
دەشڵێت، سودانی فەرمانی کرد بە ناردنی شاندێکی بە سەرۆکایەتی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بۆ هەرێمی کوردستان لەپێناو ئاگاداربوون لە دۆخی گشتی و وەرگرتنی هەڵوێستێکی یەکگرتوو لەبارەی لەشکرکێشییەکەی تورکیا کە مەترسییە بۆسەر سەروەری عێراق.
هاوکات محەمەد شیاع سودانی داوای لە سەرجەم لایەنە و هێزە نیشتمانییەکان کردووە پاڵپشتی هەڵوێستی حکومەت بن لەبارەی شکرکێشییەکانەوە و جەختیکردەوە کە عێراق دژی لەبەکارهێنانی خاکەکەیەتی بۆ دەستدرێژیکردنەسەر هەر دەوڵەتێکی دراوسێ.