زووم..
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق رایگەیاند، بەم نزیکانە 60ملیۆن دیناری پێشبینەی خانووبەرە بە زیاتر لە شەش هەزار هاووڵاتی دەدرێت.
بەنگین رێکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس دەڵێت، سەرجەم ئەو مامەڵانەی بۆ وەرگرتنی پێشینەی خانووبەرە پێشکەشکراون رەزامەندی لەسەر دراوە.
هاوکات نەبیل سەفار گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە رۆژنامەی سەباحی گوتوە، وەزارەتەکەیان رەزامەندی دارایی بە بڕی 750 ملیار دینار بەدەستهێناوە، وەک وەزارەتیش رەزامەندیان لەسەر تەواوی ئەو مامەڵانە داوە کە بۆ وەرگرتنی پێشینەکە پێشکەشیان کردوە و ژمارەیان زیاتر لە شەش هەزار مامەڵەیە.
دەشڵێت، تا مانگی ئازاری ئەمساڵ لەلایەن هاووڵاتیانەوە 17 هەزار مامەڵەیان رادەستکراوە و لەو ژمارەیەش 11 هەزاریان تەواو کردوە، مافی هەموو هاووڵاتییەکیشە بۆ وەرگرتنی پێشینەکە مامەڵە پێشکەشی وەزارەتەکەیان بکات، بە مەرجێک ئەو زەوییەی خاوەندارێتی دەکات رووبەرەکەی لە 100 مەتر کەمتر نەبێت.