زووم..
رۆژنامە عەرەبیەکان
شەرقلئەوسەت
تورکیا بۆ ئاوارە سوریەکانى وڵاتەکەى ملیارەها یۆرۆی وەرگرتووە
پێگەى کۆمیسیۆنی ئەروپا بۆ کاروباری پەنابەران بڵاویکردەوە، کۆى گشتى ئەو هاوکاریانەى یەکێتیى ئەوروپا پێشکەش بە تورکیاى کردووە لە ساڵى 2011ـەوە تاوەکو 2023 زیاتر لە 10 ملیار یۆرۆ بووە، بەڵام بەهۆی هەڵگیرسانى جەنگى روسیا و ئۆکراینەوە تاڕادەیەکى زۆر هاوکاریی ئاوارەکانى سوریا کەمیان کردووە.
بەگوێرەى راپۆرتەکە زۆرینەى ئاوارە سورییەکان لەنێو کەمپ و شوێنە داخراوەکاندا ناژین و تێکەڵ بە کۆمەڵگەى تورکیا بوون و بەشێکی زۆریان پشت بە کارکردنى خۆیان دەبەستن و بژێوی خۆیان دابیندەکەن و راستەوخۆ هیچ جۆرە هاوکارییەکیان وەرنەگرتوە، ئەوەش بووەتە هۆی پاڵپشتی دارایی وڵاتەکە.
بەگوێرەى راپۆرتى فەرمانگەى کۆچی تورکیا سێ ملیۆن و 114 هەزار و 99 هاووڵاتى سوریا لە تورکیا ناویان تۆمارکراوە، جگە لە ملیۆنێک و 125 هەزار و 623 کەسى دیکە، کە مافى نیشتەجێبونى کاتى و گەشتیاری و کارکردنیان بە فەرمی وەرگرتووە و زۆرینەشیان لە بوارەکانى پیشەسازی، کشتوکاڵ و خزمەتگوزاریی جۆراوجۆردا کاردەکەن.
دەستور
قەبارەى بازرگانى نێوان عێراق و سعودیە روو لەزیادبوونە
ئەنجومەنى کارى هاوبەشى سعودیە و عێراق رایگەیاند، قەبارەى ئاڵوگۆڕیی بازرگانیى نێوانیان گەیشتووەتە پێنج ملیار ریاڵی ساڵانە و بە رێژەى 12% زیادی کردوە.
یەکێتیى ژوورە بازرگانیەکانى سعودیە رایگەیاند، عێراق پڕۆژەیاسای وەبەرهێنانى سعودیەى ئامادەکردووە بۆ گفتوگۆکردنى لە پەرلەمان، ئەوەش سەرەتایەکى باش دەبێت بۆ گەشەپێدانى زیاتری پەیوەندییە بازرگانیەکانیان، کە پێدەچێت لە ماوەیەکى کەمدا لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت.
بەگوێرەى راپۆرتەکە رێککەوتنى بازرگانیى نێوان هەردوو وڵات دەگەڕێتەوە بۆ مانگی کانوونى یەکەمى ساڵی رابردوو.
باڵیۆزی سعودیە لە عێراق رایگەیاند، ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە رێگەى وشکانیى عەرعەرەوە ئەنجامدەدرێن، کە ناوچەیەکى ئازادی بازرگانییە و هیچ جۆرە باج و رەسمێکى گومرگی لە وەبەرهێنەرانى هەردولا وەرناگیرێت.
عەرەب
عێراق بووە بەژێر مادەى هۆشبەرەوە
دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق رایگەیاند، لەنیوەى یەکەمى ئەمساڵدا رێژەى مادەى هۆشبەر و دەستگیرکردنى تاوانباران بە بەراوردى ساڵی رابردوو زیادیان کردوە و مادەى کەبتاگۆنیش بەهۆى هەرزانى نرخەکەى و ئاسان هاتوچۆپێکردنى زۆر زیادی کردوە و سەرچاوەکەشى سوریایە.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە پارت و کەسایەتى و لایەنە سیاسییەکان لەپشتى بازرگانیی مادەى هۆشبەرەوەن.
ئاماژەى بەوەشکردووە لە عێراق چاندنى کەپتاگۆن زیادی کردوە و لە پارێزگاى موسەنا دەستبەسەر کێڵگەیەکدا گیراوە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتى تەندروستیى عێراق بە رۆژنامەى عەرەبی راگەیاندووە، ئالودەبوونى مادەى هۆشبەر لەنێو لاوان و مێرمنداڵانى وڵاتەکەدا زۆر پەرەى سەندووە، بەتایبەتى ئەوانەى تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 45 ساڵیدایە و ئاماژە بە بەغداد، ئەنبار و رومادی کراوە.
سەباح
لە خۆڵ و خاشاکی بەغداد کارەبا بەرهەمدەهێنرێت
محەمەد رەبیعی، گوتەبێژى ئەمانەتى بەغداد رایگەیاند، زبڵ و خاشاکی بەغداد رۆژانە زیاترە لە نۆ هەزار تۆن و لەو رێژەیە سێ هەزار تۆنی بۆ وەبەرهێنانى کارەبا لەلایەن دوو کۆمپانیاى کەرتى تایبەتەوە بە ئەبوغرێب و نەهرەوان بەکاردەهێنرێنەوە و بەنرخێکى گونجاو بە حکومەتى دەفرۆشنەوە.
ئەو رایگەیاندووە، 24 کۆمپانیاى جیهانى داواکاریان بۆ وەبەرهێنانى کارەبا لە زبڵ و خاشاکى بەغداد پێشکەشکردوە، بەڵام کۆمپانیایەکى ئیتاڵی و تورکی گرێبەستیان بۆ کراوە، لەبەرئەوەى پێشینەیان لەو بوارەدا هەیە، لە وڵاتانى دیکەدا و سەرکەوتوو بوون.
رۆژنامە ئنیگلیزییەکان
گەڵف نیوز
ئەمڕۆ گەڕێکی نوێی گفتوگۆ لەبارەى ئاگربەستی غەزە دەستپێدەکاتەوە
چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ هەریەکە لە ویلیەم بارنز، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی سی ئای ئەی ئەمریکا و دەیڤد بارنێی، سەرۆکی ئاژانسی مۆسادی ئیسرائیلی بگەن بە دۆحەی پایتەختی قەتەر و لەلای سەرۆکوەزیرانی قەتەر دیدارێکیان هەبێت.
هەرسێ لایەنەکە لەبارەی گەڕێکی نوێی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە کەرتی غەزە گفتوگۆیان دەبێت.
دوێنێ عەبدولفەتاح سیسیی سەرۆکی میسر لە قاهیرە پێشوازی لە بارنز کرد، چونکە هەردوولای شاندی ئەمریکی و ئیسرائیلی لە قاهیرەی پایتەختی میسر دیداری ئامادەکارییان ئەنجامدابوو.
واشنتن پۆست
لە مۆسکۆ مۆدی و پوتین کار لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان دەکەن
ئەگەرچی ئەمریکا هەوڵدەدات دابڕانێکی نێودەوڵەتی لە دەوری مۆسکۆ دروست بکات، بەڵام مۆسکۆ و دەلهی باسی یەکگرتنیان دەکەن.
ماوەیەکی زۆر تێپەڕی نەکردووە بەسەر ئەو بانگهێشتکردنە دەوڵەتمەدارییەدا، کە ئیدارەکەی جۆ بایدن بۆ نارێندرا مودیی سەرۆکوەزیرانی هیندستانی رێکخست، هەردوو سەرۆک پێکەوە شیوی ئێوارەیان خوارد و لە ئاستێکی زۆر باڵادا رێز لە مودی گیرا.
هەر ئەوکاتە بەرپرسانى ئەمریکا رایانگەیاند، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هیندستاندا لە ئاستێکی زۆر باش و کاریگەردایە، کەچی ئەم هەفتەیە مۆدی بە جیهانی گوت هاوڕێیەکی نزیکی دیکەشی هەیە، کە ناوی هێنا و گوتی، هاوڕێی زۆر نزیک و خۆشەویستم ڤلادیمێر پوتین.
لەپاش ساڵی 2022 کە روسیا هێرشی بۆسەر ئۆکراین دەستپێکرد، مۆدی بۆ یەکەمجار سەردانی مۆسکۆ دەکات.
دەیلی تەلەگراف
سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا دەتوانێت هێزی سەربازیی وڵات پتەوبکات
لەکاتێکدا کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا دەچێت بۆ بەشداری لە دیدار و گفتوگۆکانی ناتۆ، پێداچوونەوەیەکی ستراتیژی بە پەرەپێدانی توانای بەرگریی سەربازیی وڵاتەکەشیدا دەکات.
کاتێک ستامەر پێداچوونەوە بە توانا جەنگییەکانی وڵاتەکەی خۆیدا دەکات، داخۆ ئەگەر لە ئایندەدا تووشی شەڕ هات، تواناکانی چۆن دەبن، دەرگای بۆ ئەو ئەگەرەش خستووەتە سەرپشت، قەبارەی هێزە چەکدارەکانی بەریتانیا گەورەتر بکرێتەوە.
رۆژنامەی دەیلی تەلەگراف زانیویەتی ئەو پێداچونەوەیەی ستامەر بەنیازە ئەنجامی بدات، زۆر قووڵە و زۆر لایەنی سەربازی دەگرێتەوە.
دەیلی مەیل
چەتوونترین شۆفێری بەریتانی بە سەرخۆشی ئۆتۆمبێلی لێخوڕیوە
لەنێو شەقامێکدا بە خێراییەک کە سێ هێندەی خێرایی رێگەپێدراو بووە ئۆتۆمبێلەکەی لێ خوڕیوە، منداڵێکی تەمەن هەشت مانگی کوشتووە و دواتریش بە پۆلیسی گوتووە، هەندێجار هەڵەی لەمشێوەیەش روودەدات.
داریڵ ئەندەرسن شۆفێرێکە بە “سەرخۆش”ـی ئۆتۆمبێلی لێخوڕیوە، لەهەمانکاتدا سەرقاڵی مۆبایلەکەی بووە، بۆیە خێرایی ئۆتۆمبێلەکەی گەیشتوە بە 227 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
لەنێو شەقامێکی گشتیدا منداڵێکی تەمەن هەشت مانگی کوشتووە، لە کاتی لێکۆڵینەوەدا بە پۆلیسی گوتووە هەندێجار هەڵەی لەمشێوەیەش روودەدات، بۆیە دادگا بڕیاریدا 17 ساڵ زیندانی بکرێت.
رۆژنامە تورکییەکان
جمهورییەت
متمانە بە سیستمی سەرۆکایەتیی تورکیا نەماوە
بەگوێرەى راپرسییەکی کۆمپانیای ئاریا 54.4%ـى هاووڵاتیانى تورکیا لەگەڵ گەڕانەوەى سیستمی پەرلەمانین بۆ وڵاتەکەیان و بڕوایان بە سیستمی سەرۆکایەتی و دەسەڵاتى تاکەکەسی نییە.
هاوکات لە راپرسییەکەدا 53.3%ـى هاووڵاتیانى تورکیا داواى ئەنجامدانی هەڵبژاردنى پێشوەختە دەکەن.
بەگوێرەى راپرسییەکە جەهەپە تائێستا پارتى یەکەمە و 32.1%ـى دەنگەکان بەدەستدەهێنێت، ئاک پارتی 29.6%ـى دەنگەکانى بەدەستدەهێنێت و دەبێتە پارتى دووەم.
تورکیا
ئەمریکا چەک بە پەکەکە و یەپەگە دەدات
هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ یەپەگە بەردەوامە، لە نوێترین پێشهاتدا ئەمریکا 1.113 بارهەڵگر چەکی بە پەکەکە و یەپەگە لە رۆژاڤای کوردستان داوە. هاوکات 65 فڕۆکە چەکی قورسی وەک هاوکاری پێشکەشکردوون.
ئەم چەکانە لەو شوێنانەى یەپەگە کۆنتڕۆڵی کردوون رادەستی هێزەکانیان کراوە. رۆژنامەکە نووسیویەتى، ئەنقەرە بەوردی چاودێری پڕۆسەى پڕچەککردنی یەپەگە لە سوریا دەکات.
یەنی شەفاق
لەسەر رووداوەکانی قەیسەرى سەرۆکی پارتى زەفەر تۆمەتباردەکرێت
لەسەر هێرشەکانى هاووڵاتیانی تورکیا بۆ سەر دووکانەکانى سورییەکان لە قەیسەری، ئومید ئۆزداغ سەرۆکی پارتى زەفەر تۆمەتبار دەکرێت.
ئۆزداغ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نزیکەى سێ ملیۆن فۆڵۆەرسی هەیە، دوو مانگ پێش رووداوەکە چەند گرتەیەکی لەسەر شوێنی کاری سورییەکانى قەیسەرى بڵاوکردبووەوە و ئەوانى کردبووە ئامانج.
لە ئێستادا باس لەوە دەکرێت داوای یاسایی لەسەر تۆماربکرێت بە پاساوی ئەوەی هانى خەڵکی داوە بۆ “گێرەشێوێنی” لە دژى سورییەکان.
یەنیچاغ
سێ سەندیکا لە تورکیا داواى زیادکردنى مووچە دەکەن
گەورەترین سێ سەندیکاى تورکیا لە کۆنفرانسێکی هاوبەشدا داوا دەکەن مووچەی خانەنیشیان و کرێکاران زیاد بکرێت.
داواشیان کردووە حکومەت کار بۆ دابەزینی رێژەى هەڵاوسان بکات و دادپەروەری لە سیستمی باج پەیڕەو بکات.
ئەو سێ سەندیکایە هەر یەک لە دیسک، تورک ئیش و هاک ئیش رایانگەیاندووە، بڕوایان بە ئامارەکانى حکومەت لەبارەى رێژەى هەڵاوسان و چاکسازی لە مووچەی خەنانشینان و کرێکاران نییە.
رۆژنامە فارسییەکان
خوب
لە هاوینی ئەمساڵدا پلەی گەرما لە ئێران 1.5 پلە بەراورد بە پلەى درێژخایەن بەرزبووەتەوە
بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە هاوینی ئەمساڵدا بووەتە هۆی تۆمارکردنی ژمارەیەکی پێوانەیی نوێ لە بەکارهێنانی کارەبا لە ئێران.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری وەزارەتی وزەى ئێران رایگەیاند، تێکڕای پلەی گەرمیی هەوا لە هاوینی ئەمساڵدا 1.5 پلە زیاترە لە پلەى درێژخایەن، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا بەکارهێنانێکی بێوێنە تۆماربکرێت و خواست لەسەر کارەبا بە رێژەی نزیکەی 5% زیاترە لە ساڵی رابردوو.
ئارمانی ئیمروز
ئەحمەد جەنەتی ماڵئاوایی لە ئەنجومەنی پارێزەرانى ئێران دەکات
رۆژنامەکە نووسیویەتى، ئەحمەد جەنەتی، یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی ئەنجومەنی پارێزەرانى ئێران، لە هەر پێنج قۆناغەکەیدا ئامادەبووە و هەمیشە رۆڵێکی گرنگی هەبووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی خەبەر ئۆنلاین، جەنەتی بڕیاریداوە بەشداری لە خولی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزەران نەکات.
ئەم بڕیارە قسە و باسی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام تائێستا وەک سکرتێری ئەنجومەنی پارێزەران کاردەکات و رۆڵێکی بەرچاو لەم دامەزراوەیەدا دەبینێت.
بڕیاری بەشدارینەکردنی جەنەتی لە هەڵبژاردنەکانی خولی داهاتوو قسە و باسی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە سەرۆکایەتی داهاتووی ئەم ئەنجومەنە لێکەوتەوە.
ئەبرار
81 ملیۆن ئێرانی “یارانە” وەردەگرن!
عەلیرەزا عەسگەریان، بریکاری وەزیری هاوکاری و چاودێریی کۆمەڵایەتی لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، 16 ملیۆن ئێرانی لەژێر هێڵی هەژاریدان و شەش ملیۆنیان لە دامودەزگاکانی خێرخوازی تۆمارکراون و هاوکاری وەردەگرن.
ئەو ئاماژەی به جێبەجێکردنی پرۆژەی یارانە کرد و رایگەیاند، ئەم پڕۆژەیە پێشوازی لێکراوه و یارمەتی نزیکەی 81 ملیۆن کەس دەدات.
هەمدلی
لە هەمەدان 28 قاچاخچی شوێنەوار دەستگیرکران
فەرماندەی پۆلیسی هەمەدان رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا 11 ئامێری دۆزینەوەی کانزا و 108 پارچە کەلوپەلی مێژوویی لە پارێزگای هەمەدان دۆزراونەتەوە و دەستیان بەسەرداگیراوە و 82 کەلوپەلی بە نرخی قۆناغە مێژووییە جیاوازەکان لەلایەن خەڵکەوە رادەستی مۆزەخانەکان کراوە.
یەکێک لەو پەیکەرە مێژووییانەی دەستی بەسەردا گیراوە زیاتر لە دوو هەزار ساڵ تەمەنی بووە و بە 300 هەزار دۆلار بە قاچاخ فرۆشراوە.