نووسینی: تاریق فاتیح
١
هەر کەسێک سەیری مێژووی سەد ساڵی ڕابردووی کورد و کوردستان بکاتەوە، ئەو ڕاستییەی بۆ دەردەکەوێت کە بەردەوام دوو هۆکاری سەرەکی ڕۆڵیان هەبووە لەوەدا کە کوردەکان هیچ کاتێک نەتوانن قەوارە و کیانی سیاسی خۆیان؛ چ لەسەر ئاستی نەتەوەیەکی یەکگرتوو و چ لەسەر ئاستی دەوڵەت و چ وەک هێز و حزبی سیاسیش، دروست بکەن. ئەوانیش یەکەم پەیوەندی بە بارێکی جیۆپۆلەتیکی و شوێن و هەڵکەوتەی جوگرافی کوردستانەوە هەیە، کە بەردەوام جێگای تێڕامان و چاوتێبڕین بووە لە لایەن دەوڵەتانی دراوسێ و جیهانەوە، دووەمیشیان بۆ خودی بونیاد و پێکهاتەی خێڵەکییانەی گەلی کورد دەگەڕێتەوە، کە بەردەوام گرفتی گەورەی بۆ پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی ناو خاکی کوردستان دروستکردووە و نەیهێشتووە ئاسۆیەک لەناو ئەم فەزا تار و خنکێنەرە خێڵەکییەدا بکرێتەوە و گروپ و خێزان و تیرە و تایەفە و هۆزەکان، مانایەکی گەورەتر لە دەرەوەی زێدی خۆیان بدۆزننەوە و لەم شوناسە بچوکانەوە بگوازنەوە بۆ شوناسێکی گەورەتر و مۆدێرنتر و سیاسی تر، کە دروستکردنی نەتەوە و پێکهێنانی دەوڵەتی کوردییە. ئەمە لە کاتێکدایە ئەگەر بۆ قۆناغی دوورتر بگەڕێینەوە، دەتوانین بڵێین لە سەدەی ١٦ ەوە، گەلی کورد دەیەوێت ڕزگاری ببێت و بوونی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆی، لە چوارچێوە و فۆڕمێکی گونجاودا ڕێکبخات و ببێتە خاوەنی ڕوخسار و سیمای سیاسی و نەتەوایەتی خۆی، بەڵام تا ئێستایش ئەو تیرە کە لە سەردەمی میرنیشینەکان و لە سەدەی ١٦ەوە هەڵدراوە، هەر بە ڕێوەیە و نەگەیشتووەتە ئامانەجەکەی خۆی.
٢
ڕووداوی ٨ی تەموز کە سێ ساڵێک لەمەوبەر ڕوویدا، دووبارە بوونەوە و بە بیرهێنانەوەیەکی تاڵ و تراژیدیانەی مێژووی چەند سەدەیەکی ڕابردووی گەلی کورد بوو، وەک ئەوەی نا ڕاستەوخۆ سەرانی جێبەجێکاری ڕووداوەکە، بە میللەت و وڵاتانی بەناو دراوسێمان بڵێن؛ ئەها ئێمە چەندێک وەفادارین بۆ پڕەنسیپی خێڵەکییانەی خۆمان! ئەوەتا هێشتا لە دوای چەندین سەدە و ڕوودانی سەدان گۆڕانکاری گەورەوە لەسەر ئاستی مێژوویی و سیاسی و کۆمەڵایەتی، هەر دەستمان بە نەریتی خۆخۆری و یەکتری تواندنەوەی خێڵەکییانەی خۆمانەوە گرتووە و هەر وەکو سەردەمی میرنشینەکان، ئەگەر ئیمکانێکیش بۆ دروستبوونی وەرچەرخان و ئاڵوگۆڕی سیاسی و کۆمەڵایەتی بێتەپێش بۆمان، هەر بە دەستی خۆمان لەناوی دەبەین، چ پێویست دەکات ئێوە ئەرک بکێشن و بێنە ناوەوە! یان وەک ئەوەی بە هاوڵاتیانی کوردستان بڵێن، تا ئێمە هەبین، ناهێڵین شتێک دروست ببێت بە ناوی نەتەوە و دەوڵەتی کوردییەوە!
٣
هەڵبەت کاتێک ڕووداوێک خۆی فەرز دەکات لەناو یادەوەریدا، مانای وایە بارگاوییە بە خەمێکی قوڵ و پڕ لە ژان، بۆیە پێ بە پێی تێپەڕینی کات، زەمەن دەبڕێت و لە بەرواری ساڵوەگەڕی ڕوودانەکەیدا، وەک ڕاچڵەکینێک کە لە هەستی بەرپرسیارێتییەوە بۆ پرسی کوردبوون و هەستی نەتەوایەتییەوە سەرچاوە دەگرێت، زەبرەکەی دەمانهەژێنێت و دەبێتەوە بە مژاری گفتوگۆ لەسەر کردن. ئەگینا بەدەر لەوە، کێ هەیە دڵخۆش بێت بەوەی سەیری شکستی بەڕێوەبردن و تێکدانی ڕێکخراوێتی ناو ماڵی خۆی بکاتەوە، یان بیەوێت بینەری ئەوە بێت چۆن براکان حاشا لە یەکتری دەکەن! بێگومان ئەگەر بمانەوێت تەشخیسێکی وردی هەنوکەیی بۆ ئەو ڕوداوە بکەین، کە بە ٨ی تەموز ناسراوە و دواتریش کاریگەرییەکانی لەسەر ئاستی هەرێم و ناوچەکە و جیهانیش بخوێنینەوە، پێویستە دەست بۆ ڕیشەکانی سەرهەڵدان و دروستبوونی ئەم جۆرە قەیرانە سیاسییانە ببەین، کە پەیوەستە بە چارەنووسی گەلێکەوە.
٤
زۆرێک لەو لێکۆڵینەوە کۆمەڵناسی و مرۆڤناسی و مێژووییانەی بۆ ناسینی پێکهاتەی بوونی کورد کراون، هەموویان لەسەر ئەوە کۆکن کە کورد بونیادێکی خێڵەکی هەیە. بەڵام فۆڕمی خێڵەکیبوونەکەی فۆڕمێکی هیرارشی و پلەبەند نییە، بەڵکو زۆر بە ئاسانی دەتوانێ بەشی بچوک بچوکی لێ جیا بێتەوە و دواتریش ئەم بەشانە بچنە پاڵ خێڵی دیکە، یاخود بۆ خۆیان یەکبگرن و هۆزی دیکە پێک بهێنن. کە دەکرێت لە ڕووی پۆلێنکردنیانەوە لە “بەرەباب”ەوە بۆ “تیرە” و پاشان بۆ “تایەفە” و دواتریش وەک “هۆز یان خێڵ” ناویان لێ بنرێت. کە بەرەباب، بنەماڵەیەکی بەرفراوانە و لە چەند خێزانێک پێکدێت و زۆرجاریش هەموویان دەگەڕێنەوە سەر باپیرەیەکی هاوبەش. تیرەش کۆمەڵە گروپێکن کە پەیوەنندی خوێنی پێکیانەوە دەبەستێت و تایەفەش تا ڕادەیەک هەر هاومانای تیرە و عەشیرەتی عەرەبی دەکات. هەرچی هۆز یان خێڵیشە، زیاتر کۆمەڵەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتین و لە گروپگەلی وەچەیی جیاواز پێک دێن و هیچ پەیوەندییەکی باوکایەتییان لە نێواندا نییە. هەندێک “ئێل”یش، وەک کۆنفیدراسیۆنی هۆزەکان بەکار دەهێنن و دەڵێن ئێل یەکگرتنی چەند خێڵێکە و دواتر بەگزادەیەک کاروباری هۆزەکانی ناو ئێلەکە بە ڕێوە دەبات. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە، پێکهاتەی هۆزی کوردی جیاوازە لە دراوسێکانی و زیاتر ئینتیمایان بۆ خاک و زەوی زادگاکانیان هەیە تا ئەوەی وەک هۆزە عەرەبەکان پەیوەندی خوێنی بەیەکیانەوە ببەستێتەوە. هەڵبەت ئەم پەیوەستییەشیان بە خاکەوە بۆ نیشتیمانێکی گەورەتر نییە لە جوگرافیای هۆز، بەڵکو ڕاستەوخۆ پابەندییان بە خاکەوە خاکی هۆزەکەیانە، هەر بۆیە زۆربەی ناوەکانیان لە ناوی شوێن و زادگاکانیانەوە هاتووە وەک هۆزی بارزان و بڵباس و پشدەر و ئاکۆ و خۆشنا و و دیبوکری و …هتد. بە شێوەیەکی گشتی تر دەتوانین هۆزە کوردییەکان دابەش بکەین بۆ سێ گرووپ، یەکەمیان خێڵە کۆچەرەکانن دووەمیشیان هۆزە نیشتەجێکانن. گروپی یەکەم هیچ خاکێکی جێگیریان نییە و کۆچەرین و فرە شوناسن، زەوییەکی دیاریکراویان نییە و خۆیان بە نەژادێکی بەرزتر لە هۆزە نیشتەجێکان دەزانن. زیاتر سەربازی و حەماسین و وەک ڕیچ لە گەشتنامەکەیدا باسی دەکات، وەک سوپا خۆیان دەبینن، هەرچی هۆزە نیشتەجێکانیشن سەرقاڵی کشتوکاڵ و وەرزێریین و خۆیان لە جەنگ و کوشتار بە دوور دەگرن. گروپی سێیەمیش ئەوانەن ناکەونە ناو چوارچێوەی خێڵ و هۆزەکانەوە و بە تەنیا دەژین، کە لە ناوچەکانی دەشتی هەولێر پێیان دەڵێن مسکین و لە ناوچەکانی دیکەش پێیان دەڵێن گۆران، ئەمانە وەک ڕەعییەت و کۆیلە تەماشا دەکرێن.
٥
ئەوەی گرنگە لەم دەستنیشانکردنەوەیەی بونیادی کۆمەڵایەتی بوونی کوردەوە هەڵوەستەی لەسەر بکەین، پەیوەندی ئەم دەستە و گرووپ و تاقمە جیاوازانەیە بە خاکی کوردستانەوە. بە درێژایی مێژوو خاکی کوردستان سنوری دیاریکراو و سەربەخۆی خۆی نەبووە، ئەم کێشەی سنور دیارینەکرانەش، هاوتای گرفتێکی دیکە بووە، ئەویش کێشەی نەبوونی یەک شوناسی سیاسی بووە بۆ هۆزە کوردەکان، کە ئەم دوو گرفتە بووەتە هۆی ئەوەی ناوی کوردستان تەنیا هێما بێت بۆ جوگرافیایەک کە ئەو گروپە جیاوازانە لەسەری ژیاون و بەردەوامیش لەبەر بەرژەوەندییە بەرتەسک و خێڵەکییەکانیان لەگەڵ یەکتریدا کەوتوونەتە شەڕ و ململانێوە و زۆرجار بە هۆی دان نەنانیان بە دەسەڵاتی هۆزەکییانەی یەکتریدا، کوشتار و خوێنڕێژی تۆقێنەریان ناوەتەوە. بێگومان لە ڕەوشێکی لەم شێوەیەدا کە کوردەکان نەیانتوانیوە ناسنامەی سیاسی لە دەرەوەی چوار چێوەی خێڵ، دروستبکەن، بەردەوام هەندێکیان لەبەر بەرژەوەندییە تایبەتەکانیان، خۆیان داوەتە پاڵ ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و بەشێکی دیکەشیان چوونەتە پاڵ ئیمپراتۆرییەتی سەفەوی. کە ئەم کەرتبوونە ناوەکییە تا هەنوکەیش درێژەی هەیە و بەردەوامە، وەک چۆن لە ڕووداوی ٨ی تەموزدا، لە لایەن هاوسەرۆکی پلەیەکەوە بە پێی ڕێساکانی خێڵ، لە ژێر کاریگەری خێڵاتی زۆنی زەرد و بە فەرمانی تورکیا و ئێران “لاهوری شێخ جەنگی” لە هاوسەرۆکی و دەسەڵات دوور خرایەوە، کە بێگومان ئەگەر بونیادی ئەم حزبە و دونیابینییەکەی خێڵەکیانە نەبووایە، هەرگیز ئەو هێرشکردنە بە فەرمانی ئەوانی دیکەی گەورە، ڕووینەدەدا و ڕەچاوی ئەو شەرعییەتە یاساییە دەکرا کە “لاهوری شێخ جەنگی”یش لە ڕێگەی دەنگی خەڵکەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی هاوسەرۆکی بەدەستی هێنا بوو. هەموو ئەمانە پێکڕا ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە تا ئێستا دەسەڵاتدارانی کورد نەیانتوانیوە نە کۆمەڵگە بە مانایەکی مەدەنی و نە هێزی ناوەندیی نەتەوە بە مانایەکی سیاسی، دروست بکەن و نە کلتوری خێڵەکییانەش تێپەڕێنن. چ جای بگات بەوەی بە شێوازێکی مەدەنی و مۆدێرنانە، لەسەر بنەمای بەشداری سیاسی هاوڵاتیان و ڕێزگرتن لە بەهای دەنگەکانیان، لە ماناکانی دەنگدان و هەڵبژاردن تێ بگەن!
٦
ئەم بەسەرکردنەوە بونیادی و مێژووییە، بۆ ئەوەبوو تا ئەو ڕاستییە ڕوون ببێتەوە، کە ڕووداوی ٨ی تەموز، ڕوداوێکی نوێ نەبوو، بەڵکو دووبارەکردنەوەیەکی دوور لە سیاسەت و تەواو سەرۆک خێڵانە بوو، واتە هێندەی شەڕکردن بوو بۆ دەسەڵات و خستنەدەرەوەی کوڕە مام و وەرگرتنەوەی پێگەی باوک، نیو هێندە لەبەر دڵسۆزی و خەمی نیشتیمانی و ڕێکخستنی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی نەبوو. چونکە وەک لە مێژووی سەد ساڵی ڕابردووەوە بۆمان دەردەکەوێت، هەرگیز ئەو هەلانەی بۆ کورد هاتوونەتە پێش زادەی بیری نەتەوایەتی و بیرکردنەوەی نیشتیمانی دەستە و گروپەکان نەبووە، بەڵکو زیاتر هەلی هەرێمایەتی و دەرفەتی سیاسی بوون بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی دیبلۆماسی و هاوسەنگکردنەوەی هاوکێشە هەرێمایەتییەکان. ئەگەر نا، تا کورد و سەرانی حوکمڕانی لەم وڵاتە لەم دۆخە ئیزدیواجی و دوو دیوییە ڕزگاریان نەبێت و ئەو عەقڵێتە خێڵەکییە فڕێ نەدەن، کە لەناو بەرژەوەندی بەرتەسکی هۆز و بنەماڵەکانیاندا بیری پێ دەکەنەوە، هەرگیز ناتوانن جەستەیەکی سیاسی بەناوی نەتەوەوە بۆ گەلی کورد دروست بکەن. کێشەی سەرەکی لەوەدایە؛ سەرجەم هێزە سیاسییەکان هەمان دونیابینییان هەیە، کەچی نە دان بەو ڕاستییەدا دەنێن کە خێڵەکین، نە دەتوانن ببنە هێزی سیاسی هاوچەرخ و حزبی سیاسی مۆدێرن دروستبکەن. ئەمەش ئەو ڕاستییەمان پێ دەڵێت کە دۆزی کورد تەنیا کاتێک یەکلایی دەبێتەوە و ڕووداوەکانی لە چەشنی ٨ی تەموز، ئەگەری دووبارە بوونەوەیان نابێت، کە هێزە سیاسییەکانی کورد دیوی ڕاستەقینەی خۆیان بۆ هەمووان ئاشکرا بکەن و یان وەکو خێڵ بمێننەوە، یان دونیابینی خێڵەکییانە تێپەڕێنن و لە خزمەتکردن و پاراستنی قەڵەمڕەوی هۆزەوە، بگوازنەوە بۆ پارێزگاری لە نیشتیمان و بونیادنانی نەتەوە. یا خود سود لە ئەزموونی وڵاتانی دیکە وەربگرن و وەک سعودیەی ئالسعودەکان بگەڕێنەوە بۆ سیستەمی پاشایەتی پشتا و پشت، یاخود وەک شانشینی یەکگرتوو، بە پێی دەستورێکی هاوچەرخ و مەدەنی، پەیوەندییە سیاسییەکانیان ڕێکبخەن و شانشینێکی کوردی دروستبکەن، تا چیتر نە ئینسانی کورد بێ نەتەوە بێت و نە سیاسی و سەرانی حوکمڕان لە پێناوی دەسەڵاتدا، دژ بە یەکتر بووەستنەوە.