زووم…
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێم رایگەیاند، خەرجیی مانگانەی وەزارەتەکەیان 100 ملیۆن دۆلارە، لە ساڵی 2020ـەوە هیچ پارەیەکیان بۆ خەرج نەکراوە و 8%ـی خەرجییەکانیان لەڕێی هاوبەشەکانەوە وەردەگرن.
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە زوومی گوت، قەرزێکی زۆر لەسەر وەزارەتی کارەبا کەڵەکە بووە و قەرزێکی زۆریش لای هاوبەشەکانی کارەبایە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئاماری ورد لەبەردەستدا نییە، چونکە قەرزەکان لە 2014ـەوە بەردەوامن.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا گوتیشی، توانای بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستاندا لە نێوان سێ هەزار و 500 بۆ چوار هەزار مێگاواتدایە، بەڵام خواستی کارەبا زیاترە لە پێنج هەزار و 500 مێگاوات.
ئومێد ئەحمەد لەبارەی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا بە هاووڵاتییان گوتی، لە ئێستادا 12 بۆ 13 کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی دەدرێتە هاووڵاتیان.