زووم…
ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن داوای لە تورکیا کردووە لە کاتی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەکانی لەسەر سنوورەکان، هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات.
ماتیۆ میلەر لە کۆنفرانسی رۆژنامەنووسی هەفتانەیدا دەڵێت: ئەمریکا لە مەترسییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سنوورەکانی نێوان عێراق و تورکیا تێدەگات، بەڵام جەخت لە هەماهەنگی نێوان تورکیا و دەسەڵاتە ناوخۆییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکاتەوە بۆ پاراستنی کەسانی سیڤیل.
ئەوەش لە کاتێکدایە، سوپای تورکیا بە پاساوی پاراستنی سنوورەکانی هێزێکی زۆری هێناوەتە ناو خاکی عێراق و ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای دهۆک، پێشتریش رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاندبوو، سوپای وڵاتەکەی هاوینی ئەمساڵ ئۆپەراسیۆنێکی فراوان ئەنجامدەدات بۆ لە ناوبردنی پەکەکە لە سنوورەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.