زووم..
رۆژنامە عەرەبیەکان
شەرقلئەوسەت
خەڵک لەو ناوچانەى سوریا هەڵدێن کە تورکیا تێیدا باڵادەستە
سەرچاوەیەکى ئەمنى لوبنان رایگەیاند، یەکشەممەى رابردوو 90 هاووڵاتى سوریایان دەستگیر کردووە، کە دەیانویست بە قاچاخ سنوورى وڵاتەکەیان ببڕن.
سەرچاوەکە باسی لەوە کردووە، بەهۆی ئەو ئاڵۆزییانەى لەنێوان سوپاى تورکیا و ئۆپۆزسیۆنى سوریا لە پارێزگاکانى رەقە، حەلەب، حەما و دێرەزوور روویانداوە خەڵک ئاسایشى تێکچوە و دەیانەوێت وڵاتەکەیان بەجێبهێڵن و لە رێگەى قاچاخەوە روو لە لوبنان دەکەن.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە خەڵکێکى زۆر لە سوریاوە بە رێگەى قاچاخ و پەڕینەوە لە سنوور دەچنە لوبنان، تەمەنى زۆرینەیان لەنێوان 20 بۆ 30 ساڵدایە و لە رێگەى چەند باندێکى هاوبەشى هەردوو وڵاتەوە کارەکانیان بۆ دەکرێت و بۆ هەر کەسێک بڕی 300 دۆلار وەردەگرن.
سەباح
سودانى داوا لە پزشکیان دەکات سەردانى عێراق بکات
محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بەمەبەستى بەهێزکردنى پەیوەندییەکانى وڵاتەکەى لەگەڵ ئێران، داوا لە مەسعود پزشکیان سەرۆککۆمارى نوێی ئێران کردووە سەردانى وڵاتەکەى بکات.
بەگوێرەى راگەیەنراوێکى نووسینگەى سودانى لە کاتى ئەنجامدانى پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا سەرەڕای پیرۆزبایی داواى لە پزشکیان کرد سەردانى بەغداد بکات و پێکەوە جەختیان لە گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پەرەپێدانى کردووەتەوە.
پزیشکیانیش جەختى لە گرنگی پەیوەندییەکانى هەردوو وڵات کردووەتەوە، بەتایبەتى لە بوارەکانى ئابووری و ئاسایشدا، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ ئاماژەیەک بە وەڵامى پزشکیان و وادەى سەردانەکە نەکراوە.
دەستور
زیاتر لە 10 ملیۆن هاووڵاتى عێراق لەژێر هێڵی هەژارییەوەن
ناوەندى ستراتیژیی بۆ مافەکانى مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند، 10 ملیۆن هاووڵاتى لە عێراق لەژێر هیڵی هەژارییەوەن، لە بودجەى ساڵی 2024یشدا بودجە بۆ ئەو 10 ملیۆن خێزانە نەکراوە، کە پێویستیان بە هاوکاری حکومەت هەیە.
ناوەندەکە ئاماژەى بەوە کردووە، حکومەت سەرەڕای ئەوەى لە بودجەى 2024ـدا گرنگی زۆری داوە بە کەرتى رێگەوبان و نیشتەجێکردن، بەڵام هیچ گرنگییەکى نەداوە بە بابەتى هەژاریی هاووڵاتیان و دۆزینەوەى هەلی کار.
بەگوێرەى راپۆرتى ناوەندەکە 25%ـى دانیشتووانى عێراق لەژێر هێڵی هەژارییەوەن، کە ژمارەیان زیاتر لە 10 ملیۆن کەسە، زیاتر لە ملیۆنێک و 650 هەزار کەس ناویان لە فەرمانگەى کار تۆمارکردووە و بێکارن.
ئاماژەى بەوەشکردوە، ژمارەى ئەو کرێکارە بیانییانەى لە عێراق کار دەکەن نزیکە لە ملیۆنێک کەس، بەڵام تەنها 40 هەزاریان ناویان لە وەزارەتى کار تۆمارکراوە.
مەدا
عێراق کار بۆ گەڕاندنەوەى 20 هەزار هاووڵاتى لە کەمپى هۆل دەکات
رێکخراوی (WFP)ـى نەتەوەیەکگرتوەکان لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە ئامادەکاری و ئاسانکاری دەکات بۆ گەڕاندنەوەى پێنج هەزار و 100 خێزان، کە کۆى گشتییان دەکاتە 20 هەزار کەس لە کەسوکارى داعش و لە ئێستادا لە کەمپى هۆل نیشتەجێن بگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکەیان.
بەگوێرەى راپۆرتەکە نزیکەى نیوەى دانیشتووانى کەمپەکە دەکات و زۆرینەیان ژن و منداڵن، لە هەمان کاتیشدا رێکخراوەکە بڵاویکردووەتەوە، کە پێویستە شوێنى نیشتەجێبون و خۆراک و تەندورستییان بۆ دابینبکرێت.
بەگوێرەى کۆتا ئامارى نەتەوەیەکگرتووەکان، لە شوباتى رابردوودا ئەنجامدراوە، ژمارەی دانیشتوانى کەمپەکە 43 هەزار و 473 کەس بووە، زیاتر لە 46%ـیان منداڵن و 31.6%ـیشیان ژنانن.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی مەیل
پوتین نەخۆشخانەیەکی چارەسەری شێرپەنجەی منداڵانی بۆردومان کرد
شەوى رابردوو سوپای روسیا نەخۆشخانەی ئۆخماتدیتی چارەسەرکردنی شێرپەنجەی منداڵانی لە کیێڤ بۆردومانکرد، ئەم کارە فشارێکى زۆری خستووەتە سەر کیەر ستامەری سەرەکوەزیرانی بەریتانیا، هەڵوێست وەربگرێت، لەبەرئەوە کیەر ستامەر و چەند سەرکردەیەکی دیکەى رۆژئاوایی لە کۆبوونەوەیەکى سەربازیانەدا بەیەک دەگەن.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، ئەم “کەتنە گەورەیە”ـی روسیا پێماندەڵێت، بۆچی پێویستە بەریتانیا و ناتۆ بودجەیەکی باشتر بۆ کاروباری بەرگری خەرج بکەن.
دەیلی تەلەگراف
پارتی کرێکاران دەیەوێت ناتۆ بودجەی سەربازی زیاد بکات
پارتی کرێکارانى بەریتانیا دەیەوێت لە کۆبوونەوەى ئەم هەفتەی ناتۆ داوا لە وڵاتە ئەندامەکانی دیکە بکات، بودجەی تەرخانکراویان بۆ کاروباری سەربازی بە رێژەی 2.5% زیاد بکەن.
دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەى بەریتانیا و جۆن هیڵیی وەزیری بەرگریی بەریتانیا پێکەوە گوتارێکی هاوبەشیان بۆ ماڵپەڕی تەلەگراف نووسیوە و داوای زیادکردنی بودجە بۆ کاروبارە سەربازییەکانی ناتۆ دەکەن.
فاینەنشیەڵ تایمز
چەپەکانی فەرەنسا پەلەیانە و دەیانەوێت سەرۆکێک بۆ حکومەتی داهاتوو هەڵبژێرن
پێشبڕکێی کەوتنە جووڵەی باڵی چەپەکانی فەرەنسا دەستیپێکردووە. لەپاش بردنەوە چاوەڕواننەکراوەکەیان لە هەڵبژاردنەکاندا دەیانەوێت کەسێک وەک سەرەکوەزیران دەستنیشان بکەن و کاروباری وڵات بگرێتەدەست. سەرکەوتنەکەی ئەوان مۆری نائومێدی نا بە دڵی مارین لۆپانەوە، کە دەیویست راستڕەوەکان ئەو لایەنە بن، حکومەت پێکبهێنن. لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندیی ئەوروپا رەخنەی ئەوە لە چەپەکان دەگرێت، لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا سەرکێشییان کردووە و پارەی زۆریان خەرج کردووە.
نیویۆرک تایمز
بەڵایەک ژیانی لە خەڵکی سیریلانکا تاڵ کردووە
لەو ناوچانەی سیریلانکادا، کە گەرمن و ئاوی خاوێنیان دەستناکەوێت، کێشەی پەککەوتنی گورچیلە بڵاوبووەتەوە.
ئەوەی لە پیاوانی ئەو وڵاتە روودەدات شتێکی نامۆیە. لەو ناوچانەی سیریلانکا کە دانیشتووانەکانی بە زۆری خەریکی جوتیاری و راوەماسیین، لە ساڵانی نەوەدەکانەوە تائێستا پیاوان لە تەمەنی 30 بۆ 40 ساڵیدا گرفتاری نەخۆشیی سستبوونى گورچیلە دەبن و پێویست بە شۆردن یان گۆڕینى دەکات.
لە هەندێک لەو کۆمەڵگایانە لە پێنج پیاو یەکێکیان تووشی ئەم کێشەیە دەبن، تائێستا هۆکاری تووشبونیان بە ئەم کێشانە روون نییە، بەڵام هەندێک لە بۆچوونەکان دەڵێن، هۆکاری سەرەکیی توشبوونەکانیان بەرکەوتنی گەرمای زۆرە، چونکە سیریلانکا لە پێش وڵاتانی دیکەوە نیشانەکانی گەرمبوونی ژینگەی لێ دەرکەوتووە.
رۆژنامە تورکییەکان
یەنی بیرلیک
تورکیا لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی سوریایە
عومەر چەلیک، گوتەبێژى ئاک پارتى رایگەیاند، هەڵوێستمان لەسەر رووداو و پێشهاتەکانى سوریا روونە، وەک تورکیا لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی سوریاین. هۆکاری مانەوەى سوپای تورکیا لە باکوورى سوریا، لە دژى یەکپارچەیی خاکی سوریا و داگیرکردنى خاکەکەی نییە، بەڵکو لەبەر ئەو هۆکارەیە رێگریی بکرێت لە دروستکردنی قەوارەیەک بۆ پەکەکە و یەپەگە.
تورکیا
ئەردۆغان بە چوار دۆسیەوە بەشداری لە لوتکەى ناتۆ دەکات
بڕیارە لە ئەمڕۆوە تاوەکو 11ـی ئەم مانگە کۆبوونەوەى لوتکەى ناتۆ لە واشنتن بەڕێوەبچێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆمارى تورکیا رایگەیاند، کۆبوونەوەى تایبەتی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەبێت و گفتوگۆ لەسەر چوار دۆسیە دەکەن، ئەوانیش؛ پرسی غەزە، رەوشی سوریا، شەری روسیا و ئۆکراین و مەسەلەی ئاسایشی دەریاى رەش.
ئایندڵک
کۆمپانیایەکی چینی لە تورکیا دەرفەتی کار بۆ 50 هەزار کەس دەڕەخسێنێت
کۆمپانیاى چینی لە براندی BYD رێککەوتنێکی لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازی و تەکنەلۆجیاى تورکیا واژکرد.
بەگوێرەى رێککەوتنەکە کۆمپانیاکە لە تورکیا بە بڕی یەک ملیار دۆلار وەبەرهێنان دەکات و هەلی کار بۆ 50 هەزار کەس لە تورکیا دەڕەخسێنێت. کۆمپانیاکە زۆرترین ئۆتومبێلی کارەبایی بەرهەمدەهێنێت، بڕیارە لە تورکیاش دەست بە دروستکردنی مۆدێلی نوێی ئۆتومبێلەکانى بکات و بۆ بازاڕەکانى ئەوروپا هەناردەی بکات.
قەرار
75 هەزار پەنابەرى سوری لە ئیستەنبوڵ ناوێرن لە ماڵ بێنەدەرەوە
تەها ئەلگازی، داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە دواى رووداوەکەى قەیسەری دژ بە پەنابەرە سورییەکان، 75 هەزار پەنابەرى سوری لەو شارە و ناوچەکانی دەوروبەری ترس لەسەر ژیانیان دروستبووە، ناتوانن بچنە سەر کارەکەیان و لەماڵ بێنەدەرەوە.
سورییەکانى قەیسەری تائێستا نەگەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان؛ دەبێت کۆمەڵگە لەوە تێبگات ئەمە پرسێکى سیاسیی نییە، بەڵکو مرۆییە.
رۆژنامە فارسییەکان
کار و کارگەر
لە ئێران 7%ـی هاووڵاتیان رووبەڕووی برسێتی دەبنەوە
رۆژنامەکە نووسیویەتى، بە پشتبەستن بە ئاماری فەرمی، نزیکەی 7%ـى دانیشتووانی ئێران رووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە و تەواوی داهاتەکەیان ناتوانێت تێچووی خۆراکەکانیان بۆ دابین بکات، لەکاتێکدا خێزانەکان، جگە لە خۆراک خەرجی دیکەشیان هەیە.
دانیشتووانی ئێران 90 ملیۆن کەسە، نزیکەی شەش ملیۆن و 300 هەزار کەس رووبەڕووى برسێتى بوونەتەوە، ئەمە ژمارەیەکى زۆرە.
ئەگەر پزشکیان بتوانێت لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا ئەم کێشەیە چارەسەر بکات، دەستکەوتێکی گەورەی بەدەستهێناوە.
پزشکیان دوو بەڵێنی دیکەشی داوە؛ لەژێر ناوی خوێندنی بێبەرامبەر بۆ هەمووان و نەهێشتنی نایەکسانی، کە چاوەڕوان دەکرێت کار لەو پێناوەدا بکات.
ئەبرار ئیقتسادی
بەروبوومى کشتوکاڵى بە رێژەی 30% زیادی کردووە
محەمەد برومەندی، بریکاری کاروباری باخداری لە وەزارەتی کشتوکاڵى ئێران رایگەیاند، بەکارهێنانی نەمامی گونجاو هاوکات لەگەڵ بەهێزکردنی پەروەردە توانیویەتی بەرهەمى باخەکان بە رێژەی 30% زیاد بکات.
ئەو دەڵێت، بۆ ئەوەی بەرهەمی میوەی بازرگانی بەدەستبهێنرێت، پێویستە نەمامی کوالێتی بەرز و تەندروست و متمانەپێکراو بەکاربهێنرێت.
ساڵی رابردوو شەش ملیۆن و 500 هەزار نەمامی بڕوانامەدار بەرهەم هێنرا و ژمارەیەکی بەرچاوی دابەشکرا.
محەمەد برۆمەندی، جەختی لە پەرەپێدانی ژێرخان و راهێنانی باخەوانان کردەوە، بۆ ئەوەی سوود لە تایبەتمەندییەکانی نەمامە بڕوانامەدارەکان وەربگرن، کە گۆڕانکاریی سروشتیان لەسەر ئەنجامدراوە بۆ بەرهەمی زیاتر و باشتر.
ئەسکەناس
کڕینی خانووی کۆن زیاتر بووە
بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی خانوبەرە لەم ساڵانەی دواییدا بووەتە هۆی ئەوەی زۆر کەس توانای کڕینی خانوویان نەبێت و شێوازی کڕینیش گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.
راپۆرتی بانکی ناوەندیی ئێران سەبارەت بە بازاڕی خانوبەرەی تاران، کەمبوونەوەی بەرچاوی مامەڵەکان نیشان دەدات، سەرەڕای کەمبوونەوەی مامەڵەی هەردوو خانووی نوێ و کۆن، شێوازی کڕینی خەڵک گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە؛ پشکی کڕین و فرۆشتنی خانووە کۆنەکان لە ماوەی پێنج ساڵدا نزیکەی 27% زیادی کردووە، کە زۆربەی ئەو خانووانەی مامەڵەیان پێدەکرێت زیاتر لە 30 ساڵە دروستکراون.
جوملە
پێویستە ژنانى ئێران لە کابینەی وەزیراندا هەبن
بەشێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی دەڵێن، پێویست ناکات چەند ساڵێک چاوەڕێ بکرێت بۆ هەڵسەنگاندنی کابینەی نوێ بە سەرۆکایەتیی مەسعود پزشکیان و بە بینینی لیستی کابینەکە دەتوانین لە دۆخەکە و جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی تێبگەین.
هەڵبژاردنی کابینە بەتایبەتی لە بوارەکانی ئابووری و رۆشنبیری و ئامادەبوونی ژنانی نەوەی نوێ، زۆر گرنگە، پێویستە هێزی نوێ بە بیرۆکەی نوێ بەکاربهێنرێت لەبری دووبارەکردنەوەی رووخسارە کۆنەکان.
هەندێک لیستی کابینە وزارییەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێنەوە، کە ئەندامانی کابینە کەسانی دووبارە و بەرپرسانی پێشووی تێدایە، ئەمەش هەڵەیەکی گەورەیە بۆ پزشیکان.
بوونی ژنان لە کابینەی وزاریدا زۆر کەمە و پێویستە ژنانی گەنج لە ئاستە بەرزەکانی حکومەتدا چالاک بن.
پێشبینی دەکرێت حکومەتی پزشکیان لانیکەم سێ وەزیری ژن لە نەوەی نوێ بۆ وەزارەتەکانی وەک پەروەردە، تەندروستی و میراتی رۆشنبیری هەڵبژێرێت.