ئیبراهیم سومەیدەعی، راوێژکاری محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری پەیوەندییە گشتییەکان رایگەیاند، هەماهەنگی لەنێوان حکومەتی عێراق و تورکیا هەیە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی پەکەکە لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان.
سومەیدەعی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی دیجلەی عێراقی گوتی، چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بوونەتە هەڕەشە بۆسەر هەولێر و پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
گوتیشی، لەئێستادا عێراق پەیوەندییەکی زۆر بنیادنەرانەی لەگەڵ تورکیا هەیە، پلان بۆ رێگای گەشەپێدان دادەنێن و دەیانەوێت “تیرۆر” لەسەر ئەم رێگایە دووربخەنەوە و ناوچەکە بپارێزن.
ئاشکراشیکرد، لە ساڵی 1982ـەوە لە سەرجەم حکومەتەکانی پێشووی عێراقدا چەندین هێز هەبوون دژی پەکەکە جەنگاون، بۆیە “پێموایە ئەم جارەش هەماهەنگی لەنێوان حکومەتی عێراق و تورکیا هەبووە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان.”
گوتیشی، “با چەکدارانی پەکەکە بچن لەناو خاکی تورکیا شەڕەکەیان بکەن نەوەکو لەناو خاکی عێراق.”