زووم..
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
لەشکرکێشیی تورکیا لە پارێزگاى دهۆک بەردەوامە و بەغداد و هەولێریش بێدەنگن
رێکخراوى CPTـى ئەمریکی رایگەیاند، تا کۆتایی مانگی حوزەیرانى ئەمساڵ تورکیا 300 تانک و زرێپۆشى هێناوەتە هەرێمى کوردستان و دەیەوێت هێڵێکى ئەمنى بۆ وڵاتەکەى لەناو خاکى هەرێمى کوردستاندا دروستبکات، سەرچاوەیەکى ئەمنى عێراقیش بە رۆژنامەکەى راگەیاندووە، رێکەوتنێکى نهێنى لەنێوان تورکیا و هەرێم و بەغداد هەیە کە رێگە دەدات بە هێزەکانى تورکیا بەدووى چەکدارەکانى پەکەکە بکەون لە هەرکوێیەکى خاکی عێراقدابن، راپۆرتى رێکخراوە ئەمریکییەکە ئاماژە بە هێڵە ئەمنیەکەى تورکیا دەکات کە لە شیلادزێوە دەستپێدەکات و تا قەزاى باتیفا درێژدەبێتەوە و ئاسمان و ئاو و خاکەکەش دەگرێتەوە، کیفاح مەحمود راوێژکارى مەسعود بارزانى رایگەیاندووە، لەشکرکێشى تورکیا شتێکى نوێ نییە و هۆکارەکەى بوونى هێزەکانى پەکەکەیە لەناوچەکەدا و هەردولایان دەیانەوێت کێشەکانیان لەسەر خاکى هەرێمى کوردستان یەکلایی بکەنەوە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمى یەکەمى عێراقیش لە تۆڕی کۆمەڵایەتى ئێکس نووسیویەتى عێراق لە مەترسیدایە و کەسیش قسەیەک ناکات.
سەباح
سبەینێ پێشبڕکێی کورسییەکانى خوێندنى باڵا دەستپێدەکات و 51 هەزار کەس خۆیان تۆمارکردووە
لوبنە خەمیس، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى توێژینەوە و پەرەپێدان لە وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراق رایگەیاند، وەزارەتەکەیان 29 هەزار کورسی بۆ خوێندکارانى دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا لە سەرانسەرى عێراق بۆ ساڵی خوێندنى 2024-2025 تەرخانکردوە و 51 هەزار کەس ناویان تۆمارکردوە، کاتژمێر 11ـى سەرلەبەیانى دەستپێدەکات و سێ کاتژمێر دەخایەنێت و رۆژی 14ـى ئەم مانگەش ئەنجامەکان رادەگەیەنرێت، راشیگەیاندوە، لە 22 تا 24ـى مانگیش هاوبەشەکان دەتوانن تانە لە ئەنجامەکان بگرن و لە 25ـى مانگیش ئەنجامى کۆتایی رادەگەیەنرێت و رۆژى 1ـی ئابیش زانکۆکان فەرمانی کارگێڕییان بۆ دەردەکەن.
عەرەب
هەواڵگریی تورکیا چالاکە سیاسییە حەلەبییەکان دەستگیردەکات
دوێنێ ئاژانسى ئەنادۆڵو بڵاویکردەوە، کەسێکیان دەستگیرکردوە بەناوى عەلی محەمەد حاج حەسەن لە بەرئەوەى دەستدرێژی کردووەتە سەر ئاڵای تورکیا و دڕاندویەتى، بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە، دەزگاى هەواڵگریی تورکیا ناسراو بە میت، لە باکوورى رۆژهەڵاتى سوریا هەڵمەتى دەستگیرکردنى ئەو کەسانەى دەستپێکردووە کە لە ماوەى رابردوودا خۆپیشاندانیان لە دژى پەنابەرانى سوریا لە قەیسەرى تورکیا ئەنجامدا، هەڵمەتەکە لە ناوچەى قەڵغانى فورات دەستیپێکردووە و چالاکانیش رایانگەیاندووە، دەستگیرکردنى هاووڵاتی سوری لەسەر خاکی سوریا لەلایەن تورکیاوە جگە لەوەى پێچەوانەى مافەکانى مرۆڤە پێشێلکارى سەروەری وڵاتەکەشە.
عەرەبی جەدید
توانەوەى بەستەڵەکەکان هێلکەى قرش لەنێودەبات
بەگوێرەى توێژینەوەیەکى نوێ، بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما و توانەوەى بەستەڵەکان کاریگەرى گەورە لەسەر ماسی و قرش و گیانەوەرە دەریاییەکان دروستدەکات و ئەگەر وابڕوات تا ساڵی 2100 قرش لەنێو دەریا و زەریاکاندا نامێنێت لەبەر ئەوەى هێلکەکانیان لەنێو ئاوى گەرمدا لەناودەچێت، بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە پلەى گەرما لە بەستەڵەکەکان نزیکەى دوو پلە بەرزبووەتەوە و ئەوەش کاریگەریی لەسەر مرۆڤایەتى درووستدەکات.
رۆژنامە فارسییەکان
کەیهان
25%ـی هەژماری کارەبای ماڵانی تاران بوو بە خۆڕایی
بەگوێرەی بنکەی زانیاریی وەزارەتی وزەی ئێرانی، کامبیز نازریان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبا رایگەیاند، 25%ـی خەڵکی تاران پارەی کارەبایان لێ وەرناگیرێت بەهۆی ئەوەی بەکارهێنانیان کەم بووە.
ناوبراو بە پێزانینی هاوکاریی هاووڵاتیانی تاران لە بەکارهێنانی کارەبا گوتی، ئەمساڵ جگە لە وەرنەگرتنی پارەی کارەبا، خەڵاتی زۆریش هەیە وەک ئۆتۆمبێل و کەرەستەی ناوماڵ بۆ ئەو هاووڵاتیانەی کە دەتوانن بەکارهێنانی کارەبا کەمبکەنەوە بەلایەنی کەمەوە بە رێژەی 15% و داوای لە هاووڵاتیان کرد، بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەی گەرمیی هەوا، پێویستە هاوکار بن و خۆیان لە بەکارهێنانی کەرەستەی کارەبای زۆر بەدوور بگرن.
ئەبرار
تەنها 60%ـی فستقەکانی ئێران لە دەستی جووتیاراندا ماونەتەوە
لێپرسراوی ژووری بازرگانی رەفسەنجان کە ناوەندی بەرهەمهێنانی فستقی ئێرانە رایگەیاند، بەنیازین بۆ ئەمساڵ فیستیڤاڵێکی جیاواز و گەورە رێکبخەین کە شایەنی ناوی رەفسەنجان بێت و هاوشانی ئەم فیستیڤاڵەش دەتوانین کێشەی جوتیاران چارەسەر بکەین و دەڵێت، کشتوکاڵی فستق گەشە دەکات بەڵام هێشتا کێشەی هەناردەکردنمان هەیە، گوتیشی، 60%ـی فستقەکانی جووتیاران نافرۆشرێن و لە کۆگاکاندا هەڵدەگیرێن، ئەگەر نەتوانین ئەم بەرهەمە بفرۆشین، ئەوا بازاڕی فستق لەدەست دەدەین. هەروەها داوای لە چالاکوانانی گەشتیاری کرد کە شوێنە گەشتیارییەکانی شارەکە بناسێنن بۆ ئەوەی بتوانرێت هەنگاوی کاریگەر بگیرێتەبەر بۆ راکێشانی گەشتیاران و فرۆشتنی بەرهەمی جووتیاران.
ئیمروز
70%ـی ئاوی خواردنەوە لەلایەن نیوەی بەشداربووانەوە بەکاردەهێنرێت
لە ئێران زۆرینەی ماڵەکان کەمتر لە رێژەی ئاوی دیاریکراو بەکاردەهێنن بەڵام 48%ـێ بەکارهێنەران ئاوی زۆر بەفیڕۆ دەدەن و 70%ـی ئاوی وڵاتەکە بەکاردەهێنن. وشکەساڵی ئەم دواییە و کەمبوونەوەی بارانبارین کاریگەری لەسەر سەرچاوە ئاوییەکان دروستکردووە و ئەوەش لە ناوچە گەرم و وشکەکاندا گرنگی بەڕێوەبردنی ئاو دوو هێندە دەکات. گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە هۆی کەمبوونەوەی قەبارەی ئاو بەڵام هەر ئێرانییەک رۆژانە 235 لیتر ئاو بەکاردەهێنێت کە لە وڵاتانی ئەوروپا زۆرترە و پارێزگاکانی وەک تاران و ئەلبورز رووبەڕووی کێشەی ئاو بوونەتەوە.
باختەر
رۆژانە زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلار زبڵ و خاشاکی بەنرخ لە کرماشان دەدزرێت!
بەڕێوەبەری گشتیی هەماهەنگی کاروباری خزمەتگوزاری شارەوانی کرماشان رایگەیاند، زبڵکۆکەرەوەکان رۆژانە زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلار پاشماوەی بەنرخ لە کرماشان دەدزن.
محەممەد موەحدی ئاماژەی بەوەدا کە بڕی پاشماوە لە کرماشان رۆژانە 750 گرامە بۆ هەر کەسێک و رۆژانە لەو شارە 800 تۆن پاشماوە هەیە، بەڵام تەنها 600 تۆن کۆدەکرێتەوە و 200 تۆن لەلایەن زبڵ کۆکەرەوەکانەوە دەدزرێت.
ناوبراو ئاماژەی بە چالاکی چوار هەزار زبڵکۆکەرەوەی شاری کرماشان کرد و گوتی، ئەو کەسانە کەرەستەی بەنرخ دەردەهێنن.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
پەنابەران لە تورکیا رێژەى 10%ـیان تێپەڕاندووە
پڕۆفیسۆر میقداد بایدور دەربارەی رێژەى پەنابەران رایگەیاند، رێژەى بەنابەران لە تورکیا و لە باکوورى کوردستان گەیشتووەتە 12 بۆ 13%ـی کۆی دانیشتووان.
بەگوێرەى ئامارەکان، تادێت رێژەى پەنابەران لە تورکیا روو لە هەڵکشان دەکات، ئەمە لە زۆر روانگەوە مەترسی لەسەر ئایندەى تورکیا دروست دەکات.
یەنیچاغ
دیدارى نێوان ئەسەد و ئەردۆغان لە ئانوساتدایە
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا رایگەیاند، ئێمە لە رابردوودا لەگەڵ سوریا دوژمنایەتیمان نەبووە، تێکەڵاوی خێزانیمان لەگەڵ خانەوادەى ئەسەددا هەبووە، بەم نزیکانە بە فەرمی بانگهێشتی ئەسەد دەکەین بۆ تورکیا، نییەتمان پتەوکردنى پەیوەندییەکانمانە وەک رابردوو.
لەوبارەیەوە هەریەک لە سەرۆکی روسیا و سەرۆکوەزیرانى عێراق نێوەندگیریی ئەو سەردانە دەکەن.
تورکیا
سەردەمی بەکرێدانی ئامێرە کارەباییەکان دەستیپێکرد
بەهۆی بەرزبونەوەى نرخی کەلوپەلی کارەبایی و وەک رێگەچارەیەک بۆ گرانییەکەی، سەردەمی بە کرێدانی ئامێرى کارەبایی دەستیپێکرد. لەئێستادا خواستێکی زۆر لەسەر بەکرێگرتنى ئامێرە کارەباییەکانى وەک تەلەڤزیۆن، گسکی کارەبایی، غەسالە و دەیان ئامێرە کارەباییەکانی دیکە هەیە. بۆ نمونە نرخی یەک مانگ کرێی گسکی کارەبا 160 لیرەیە. نرخی یەک مانگ تەلەڤزیۆن بەکرێ 250 بۆ 350 لیرەى تورکییە.
حوڕییەت
کۆمپانیاى BYDـی چینی لە تورکیا لق دەکاتەوە
لە پاش 27 ساڵ، بۆ یەکەمجار تورکیا لەگەڵ چیندا لە بواری پیشەسازیدا هەنگاوێکی گەورە دەنێت لە بوارى دروستکردنى ئۆتۆمبێلدا، وابڕیارە کۆمپانیای BYD بۆ درووستکردنى ئۆتۆمبێل لقێکی لە شارى مەنیسا بکاتەوە.
بەگوێرەى راگەیەنراوێک، کۆمپانیاکە بە بەهاى یەک ملیار دۆلار وەبەرهێنانى لە تورکیا کردووە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
گەڵف نیوز
راستڕەوە پەڕگیرەکان پەشێوون.. لە هەڵبژاردنەکانی فەڕەنسا هیچ لایەنێک نەیتوانی زۆرینە بباتەوە
ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی فەڕەنسا شۆکهێنەربوون، هاوپەیمانێتیی چەپەکان یەکەم بوون و بەرەکەی مارین لوپان کە راستڕەوەکانن بوون بە سێیەم. ئەنجامی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکان بەوشێوەیە شکایەوە کە هاوپەیمانێتیی بەرەی میللیی نوێی چەپڕەو توانییان یەکەم دەربچن. هاوپەیمانێتییەکەی ماکرۆن دووەم بوون و لە پاش ئەوانیشەوە راستڕەوە پەڕگیرەکان بە پلەی سیێەم هاتن. بۆیە هەر دوێنێ گابرێڵ عەتاڵی سەرۆکوەزیران گوتی، ئەمڕۆ دووشەممە دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتەکەی پێشکەش دەکات. هەروەها گوتیشی، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پێماندەڵێن ئەو مەترسییەمان تێپەڕاندووە کە چەپڕەوەکان یان راستڕەوە پەڕگیرەکان بتوانن زۆرینەی رەها بەدەستبهێنن، چونکە هیچ لایەکیان زۆرینە نەبوون. ئیمانوێل ماکرۆنیش رێز لە خواستی گەلی فەرەنسی دەگرێت و دان بەوەدا دەنێت کە هاوپەیمانێتییەکەی خۆی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپادا شکستی خواردووە.

دەیلی تەلەگراف
لەوانەیە ئەو زیندانییانەی بەریتانیا کە رێژەی 40%ـی سزاکەیان تەواوکردووە ئازاد بکرێن
پارتی کاری بەریتانی دەڵێت، کار لەسەر پلانێک دەکات بۆئەوەی رێگەبدات هەر زیندانیکراوێک بتوانێت رێژەی 10%ـێ ماوەی زیندانیکردنەکەی کاربکات، بۆئەوەی هەندێک لە قەیرانی ناو بازاڕی کار کەمبکرێتەوە.
شابانە مەحمود، وەزیری دادی بەریتانیا گوتی، ئەم رێوشوێنە بەپەلەیە پێویستە بگیرێتەبەر، بۆئەوەی هەندێک بە خێرایی لە ئەو بڕی ئەو فشارە کەم بکرێتەوە کە بەهۆی کەمیی شوێنی مانەوە لە زیندانەکاندا دروست بووە.
تایمز
ئەم هاوینە چەند ملیۆن هاووڵاتیی بەریتانی لەسەر کەناری دەریاکان کاردەکەن
جاران کاتی پشووەکان تەرخان دەکران بۆ چوون بۆسەر دەریا، خۆدانەبەر خۆر و بینینی دەریا و لم، بەڵام لەوەدەچێت ئەم هاوینە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی بەریتانی شوێنی کارکردنی خۆیان بگوازنەوە بۆ کەناری دەریاکان. چونکە ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک لە ئەو جۆرە کارانەدا کاردەکەن کە پێویستیان بەوە نییە کەسی کرێکار بچێت لە شوێنی ئییشەکەی ئامادەبێت. توێژینەوەیەک لەم رووەوە ئەنجامدراوە دەڵێت، رێژەی سێیەکی ئەو کۆمپانیایانەی کار دەدەن بە خەڵک سیاسەتێکی وایان هەیە کە کەسەکان دەتوانن هیچ نەبێت لە چەند مانگێکی ساڵدا لە هەرکوێیەکەوە کارەکەیان ئەنجام بدەن.

فاینەنشیەڵ تایمز
دیموکراتەکان قسە لەبارەی ئایندەی بایدنەوە دەکەن بەڵام خۆی لە هەڵمەتی بانگەشەکانی بەردەوامە
دوێنێ بایدن لە ویلایەتی پەنسەلڤانیا درێژەی بە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی خۆی دایەوە، دەیویست دەنگدەرانی ئەمریکی قایل بکات کە هێشتا کەڵکی ئەوەی ماوەی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەدا هەڵبژێرێتەوە. لە هەمان کاتدا ژمارەیەک لە ئەندامانی حزبەکەی خۆی قسەوباس لەسەر ئەوە دەکەن ئاخۆ کاندیدێکی دیکەی جگە لە بایدن بۆ پۆستەکە کاندید بکەن یاخود نا!