زووم..
لە فەڕەنسا بنکەکانی دەنگدان کرانەوە و گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی فەڕەنسا دەستیپێکرد.
رۆژی 30ـی حوزەیرانی رابردوو گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکە بەڕێوەچوو، تێیدا پارتی نیشتمانیی راستڕەوی پەڕگیر بە سەرۆکایەتیی جۆردان باردێلا و هاوپەیمانانی زۆرینەی دەنگەکانیان بەدەستهێنا.
بەگوێرەی راپرسییەک دەرکەوتووە، گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی فەڕەنسا کە ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت دەبێتەهۆی دروستبوونی پەرلەمانێکی هەڵپەسێردراو بە بێ زۆرینەیەکی ئاشکرا، ئەگەر بێتو راستڕەوەکان نەتوانن کورسی پێویست بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ بەدەستبهێنن.
ئەمڕۆ لە 577 بازنەی دەنگدان هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، لە گەڕی یەکەمدا کە یەکشەممەی رابردوو بەڕێوەچوو، 76 ئەندام هەڵبژێردران، 39 ئەندامیان سەربە پارتی نیشتمانیی راستڕەو و هاوپەیمانان بوو، ئەمەش واتە هێشتا 501 کورسی ماوە تا لەم گەڕە کێبڕکێی لەسەر بکرێت.
هەڵبژاردنەکە لە هەندێک شار و شارۆچکە کاتژمێر 6ـی ئێوارە بەکاتی هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت، لە هەندێک شاری گەورەش کاتژمێر 8ـی ئێوارە کۆتایی دێت.