زووم..
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، وردبینیکردنی لیستی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی عێراقەوە 10 رۆژی دیکەی پێویستە.
سۆران عومەر لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی، سەبارەت بە مووچەی هێزە ئەمنییەکان پەیوەندی بە عەمار سوبحی، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراقەوە کردووە و ناوبراو پێی رایگەیاندووە، شاندێکی دیوانی چاودێری دووبارە بەمەبەستی وردبینی لیستی هێزە ئەمنییەکان سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات، ئەو پرۆسەیەش پێویستی بە 10 رۆژ هەیە.
هەروەها سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق گوتوویەتی، بەهۆی هەبوونی تێبینی لەسەر لیستەکان، داوای زانیارییان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام هەرێم درەنگ رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر پێدانی زانیاری.
هێزە ئەمنییەکان تا ئێستا مووچەی مانگی پێنج و شەشی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە، لە 90 رۆژی رابردوودا تەنها یەک مووچەیان پێدراوە.