زووم..
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە وەکالەت داوای لە وەزیری ناوخۆ کرد لێکۆڵینەوە بکات لە هەوڵی تیرۆرکردنی پەرلەمانتار تەقی وائیلی و دەڵێت، ئەو روداوانە هەڕەشەن بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی.
شەوی رابردوو، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی ئیشراقەت کانون لە پەرلەمانی عێراق لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەیەکی ئۆتۆمبێلەکەی بڵاوکردەوە کە شوێنەواری چەند گولـلەیەکی پێوەیە و نووسیویەتی، خۆی و خێزانەکەی لە هەوڵێکی تیرۆرکردن رزگاری بووە.
نووسینگەی موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە وەکالەت لە راگەیەنراوێکدا داوای لە لایەنە ئەمنییەکان بەتایبەت وەزیری ناوخۆ و سەرۆکی ئۆپراسیۆنەکانی بەغداد کرد تاوانبارەکان دەستگیربکەن و رووبەرووی دادگا بکرێنەوە.
موحسین مەندەلاوی داوایکرد هێزە ئەمنییەکان چاوپۆشی لەو تاوانە نەکەن و ئاسایش و سەقامگیریی بەغداد و سەرجەم پارێزگاکان بپارێزن، هەروەها پلانێکی چالاکانە دابڕێژن بۆ دەستگیرکردنی باندە تاوانکارەکان و چالاککردنی لایەنی هەواڵگری بۆ رێگریکردن لە هەر هێرشێک بۆسەر ئاسایشی نیشتیمانی و هاووڵاتیان.