زووم..
رۆژنامە عەرەبیەکان
شەرقلئەوسەت
پێدەچێت بەریتانیا سوپاى پاسداران بخاتە لیستى تیرۆرەوە و هێزی زیاتر بنێرێتە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست
گۆڤاری سبکتاتورى نزیک لە پارتى کرێکارانى بەریتانیا بڵاویکردووەتەوە، پارتى کرێکاران لە بەرنامەیدایە سوپاى پاسدارانى ئێران، بخاتە لیستى تیرۆرەوە و گەمارۆش بخاتە سەر تۆڕە ناوخۆییەکانى، لە هەمان کاتیشدا سوپاى زیاترى وڵاتەکەى بنێرێتە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، سەرۆکوەزیرانى نوێی بەریتانیا لەبەردەم کۆمەڵێک کێشەى کەڵەکەبوودایە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بەتایبەتى کێشەى جەنگی ئیسرائیل حەماس و ئیسرائیل لوبنان، کێشەکانى یەمەن، سوریا و عێراق لەو کێشە سەرەکییانەن، کە بەرۆکی دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەى بەریتانیا دەگرێتەوە، لەهەمان کاتیشدا نزیکبوونەوەى زیاترى حکومەتەکەى لە وڵاتانى کەنداو بە یەکێک لە ئەجێنداکانى دادەنرێت.
دەستور
عێراق لە رێزبەندى وڵاتە ئاسایشییەکانى عەرەبدا لە پلەى حەوتەمدایە
بەگوێرەى راپۆرتى گۆڤاری CEOWORLD کە راپرسییەکى ئەنجامداوە، لە بوارى ئاسایشى 100 وڵاتى جیهان و دەرکەوتووە، لە ساڵی 2024ـدا عێراق لە ریزبەندى 61ـهەمینى جیهان و حەوتەمینى وڵاتانى عەرەبیدایە.
راپۆرتەکە ئاماژەى بە چەند پێوەرێکى گرنگ کردووە، کە ئەوانیش بریتین لە کەمى رێژەى تاوان، توندوتیژی، تیرۆر، کێشەکانى گواستنەوە، دابینکردنى پێداویستییەکانى تەندروستى، پاراستنى ژنان، پاراستنى گەشتیارانى بیانى.
بەگوێرەى راپۆرتەکە ئەندۆرا کە دەکەوێتە نێوان ئیسپانیا و فەرەنسا لە پلەى یەکەمى ئاسایشدایە و بچووکترین وڵاتى ئەوروپایە، لەنێو وڵاتانى عەرەبیدا حەوت وڵات دیاریکراون، کە بریتین لە ئیمارات، سعودیە، بەحرەین، کوەیت، ئوردن و قەتەر، وەک لە گۆڤارەکەدا هاتووە عێراق لە ریزبەندى حەوتەمى وڵاتانى عەرەبیدایە.
عەرەب
رێکخراوى تەندروستیى جیهانى رایگەیاند، نەخۆشیی قەڵەوى لە منداڵاندا زۆر زیادی کردوە و بەشێکى پەیوەندی بە رەفتارى هەڵەى دایکان و باوکانیانەوە هەیە.
بەگوێرەى راپۆرتى رێکخراوەکە تاوەکو ساڵى 1990، تەنها 31 ملیۆن منداڵى قەڵەو لە جیهاندا هەبوون، بەڵام لە ساڵی 2022ـدا 162 ملیۆنى تێپەڕاندوە و رێژەکەش تادێت بەرزتر دەبێتەوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە قەڵەوى دەبێتە هۆی نەخۆشیەکانى شەکرە، بەرزبوونەوەى فشارى خوێن، بەرزبونەوەى کۆلیسترۆڵ و کێشە دەرونییەکانى تایبەت بە خەمۆکی.
عەرەبی جەدید
پسپۆڕێکى کاروبارى ئێران هۆکارى سەرکەوتنى پزیشکیان ئاشکرا دەکات
مەنسور بەراتى، پسپۆڕی کاروبارەکانى ئێران بە رۆژنامەى عەرەبی جەدیدى راگەیاند، بەشداری مەسعود پزشکیان و لێدوانە توندەکانى جەلیلی بووە هۆی بەرزبوونەوەى رێژەى بەشداریکردنى خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا و بەتایبەتى لە گەڕی دووەمدا.
ئەو گوتی، سەرکەوتنى پزشکیان پەیوەندى بە ترسی خەڵکەوە هەبوو لە لێدوان و ئەجێنداکانى جەلیلی، بەتایبەتى لە بوارەکانى حیجاب و هەڵگرتنى فلتەرى ئینتەرنێت و کارکردن بۆ هەڵگرتنى سزاکانى سەر ئێران.
ئەو پسپۆڕە بە دوورى نازانێت بۆشایی نێوان خەڵک و دەسەڵات کەمتر بکاتەوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی مەیل
لە ئێستاوە پاشەکشەکردن لە برێکزیتیش دەستپێدەکات
ئەم رۆژنامەیە نووسیویەتی، بۆیاندەرکەوتووە سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا گفتوگۆکانی لەگەڵ سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپادا دەستپێدەکاتەوە و دەیەوێت شێوازێکی پەیوەندیی نوێ بۆ بەریتانیا لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپادا دروستبکاتەوە. بۆریس جۆنسن لەمڕووەوە هۆشداری دەدات و دەڵێت، بەریتانیا رووی لەوەیە بچێتەوە نێو کوڵگەکانی جاران (سێرفدەمز).
بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوودا بەریتانیا گفتوگۆکانی بۆ سەردەمی پاش برێکزیت لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپادا دەستپێبکاتەوە.
دەیلی تەلەگراف
پارتی کرێکاران گفتوگۆی لەگەڵ ئەڵمانیا دەستپێکردووە و دەیەوێت پەیوەندییەکی نزیکتری لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپادا هەبێت
حکومەتەکەی پارتی کرێکاران لەگەڵ ئەڵمانیا دەستیکردووە بە کارکردن، دەیەوێت بتوانێت رێگایەک بدۆزێتەوە بۆئەوەی بەریتانیا نزیکتر ببێتەوە لە یەکێتیی ئەوروپا.
هەرلەئێستاوە ئاماژەکانی ئەو هەوڵدان و کارکردنەش دەرکەوتوون، دەیڤید لامی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە حکومەتە نوێیەکەدا بە خێرایی چووە بۆ ئەڵمانیا و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش لە هەژماری خۆی لەسەر ماڵپەڕی ئێکس نووسیویەتی،”لامی بەخێربێیت بۆ بەرلین”.
تایمز
بلێر بە ستارمەر دەڵێت پێویستە پلانی خۆتت بۆ مەسەلەی پەنابەری هەبێت
تۆنی بلێری سەرۆکوەزیرانی پێشوو داوای لە سەرۆکوەزیرانی نوێ کرد، پلانێک بۆ کۆنترۆڵکردنی کێشەی پەنابەران هەبێت، بۆئەوەی هەندێک ماڵی خۆمان کۆبکەینەوە، ناچار نەبین شان بدەینە بەر کێشەی پۆپۆلیزم، چونکە ئەگەر یاسامان نەبێت ئەوا دەکەوینە بەر ئەو ئەگەرەی کەسانی دیکە حوکمان بەسەردا بدەن.
وۆڵ ستریت جۆرنەڵ
بایدن ئەو بانگەشانە رەتدەکاتەوە، کە داوا دەکەن جارێکی دیکە بیر لە خۆکاندیدکردنەکەی بکاتەوە
بایدن بەشێوازێکی دڵنیا و حاشاهەڵنەگر وەڵامی نەخێری بەتەواوی ئەو بانگەشانە دایەوە، کە داوایان لێدەکرد پاشەکشە بکات و لە پێشبڕکێکانی بوون بە سەرۆکی ئەمریکا بچێتە دەرەوە.
ئەو پێیوایە خۆی باشترین بژاردەیە بۆئەوەی بتوانێت رووبەڕووی ترەمپی کاندیدى کۆمارییەکان بوەستێتەوە و بیبەزێنێت.
رۆژنامە تورکییەکان
قەرار
لە تورکیا نزیکەى حەوت هەزار باڵەخانە دروستدەکرێنەوە
سەرۆکایەتی گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ شەش هەزار و 920 باڵەخانە لە ئیستەنبوڵ دروستدەکاتەوە، کە مەترسیی رووخانیان لەسەرە.
شارەوانی ئیستەنبوڵ بە رێژەى 40% هاوکاریی تێچووی رووخان و سەرلەنوێ دروستکردنەوەی باڵەخانەکان دەکات، کە مەترسیی لەسەر ژیانی خەڵک دروستکردووە.
ئایندڵک
پێویستە لەگەڵ سوریا هەماهەنگی سەربازی هەبێت
دۆغو پرەنچێک، سەرۆکی پارتی نیشتمان رایگەیاند، پێویستە هەماهەنگی سەربازی لەنێوان ئەنقەرە و دیمەشق هەبێت بۆ روبەڕووبونەوە و پاککردنەوەى سنوورەکان لە پەکەکە، بەو جۆرە تورکیا دەتوانێن لەماوەى چەند ساڵێکی کەمدا کۆتایی بە پرسی پەکەکە بهێنێت.
ئەکشام
رۆژانی یەکشەممە بۆ سەرتاش و ئارایشگەکان کرایە پشوو
لە ئیستەنبوڵ و ئەنقەرە، رۆژانی یەکشەممە کرایە پشوو، بۆ سەرتاشی پیاوان و ئارایشگەکانى ژنان.
ئەم بڕیارە لەپاش ئەوە هات 93%ـى سەرتاش و ئارایشگەکان داوای رۆژێکی پشوویان کردبوو.
سەرەڕای ئەوەی زۆربەیان کۆکن لەسەر ئەوەی ئەو رۆژە پشووەیان بێت و کارنەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا سەندیکای پیشەوەران لە هەوڵی ئەوەدایە رێگەچارەسەرێک بدۆزێتەوە بۆ ئەو کەسانەی لە رۆژى یەکشەممەدا ئاهەنگی هاوسەرگیرییان هەیە بتوانن بچنە ئارایشگە و سەرتاشخانەکان.
تورکیا
گومان لە مردنی راوێژکارێکی بەشار ئەسەد دەکرێت
لونا شبل، خانمە راوێژکارێکی بەشار ئەسەد بە رووداوی هاتوچۆ گیانى لەدەستدا. ئەم راوێژکارە یەک لەو کەسانە بوو، نێوەندگیریی لە پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق کردووە. لەبەر ئەو هۆکارە گومان لە گیانلەدەستدانی دەکرێت.
هاوکات پێشتر هاوسەری ئەم خانمە راوێژکارە بە فشاری ئێران دەستگیرکرابوو.
رۆژنامە فارسییەکان
ئیعتماد
جیهان ئامادەیە بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران
لە 100 رۆژی یەکەمی حکومەتی پزشکیاندا، هەڵبژاردنی کابینەیەکی کارامە و بەڕێوەبەرانی لێهاتوو، دیالۆگ لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا بۆ کەمکردنەوەی سزاکان و بەڕێوەبردنی چاوەڕوانییەکانی هەڵاوسان لە پێشینەی کارەکانی سەرۆککۆماری هەڵبژێردراون.
پێویستە حکومەت دژی فلتەرکردنى ئینتەرنێت بوەستێتەوە و رێبازی ئەرێنی و کولتووری بۆ پرسی حیجاب بگرێتەبەر.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، لەسەرەتادا کەمکردنەوەی هەڵاوسان و زیادکردنی توانای کڕینی خەڵک و زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی ئامانجى پزشکیان دەبێت.
لە درێژخایەنیشدا لابردنی سزاکان و باشترکردنی پێوەرەکانی ئابووری پێویستی بە هاوکاریی خەڵک و دامەزراوەکانی حکومەت دەبێت.
شەرق
بەرپرسانی بیانی پیرۆزبایی لە سەرۆککۆماری نوێی ئێران دەکەن
نارێندرا مودی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، “پیرۆزە لە د. پزشکیان و چاوەڕێی هاوکاریی نزیکین لەگەڵ ئێوە”.
سەرۆکی ئیماراتیش، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتى، “هیوای سەرکەوتن بۆ پزشکیان دەخوازم لە خزمەتکردنی وڵاتدا و بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی کارکردنم لەگەڵیدا بە ئاراستەی بەرژەوەندی هاوبەش”.
هەروەها ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی سەرکەوتنی مەسعود پزشکیانی کرد.
سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش لە پەیامی پیرۆزبایی خۆیاندا بۆ مسعود پزشکیان هیوایان بۆ درێژەی هاوکاریی دوو قۆڵی خواستووە.
کەیهان
98%ـى گوندەکانى ئێران ئینتەرنێتی خێرایان هەیە
وەزیری پەیوەندییەکانى ئێران سەبارەت بە دوایین بارودۆخی پەیوەندی و ئینتەرنێتی گوندەکان رایگەیاند، ئینتەرنێتى خێرا بۆ هەشت هەزار گوندی نوێ دابینکرا، ئێستا ژمارەی ئەو گوندانەی زیاتر لە 20 ماڵیان تێدایە و ئینتەرنێتی خێرایان بۆ دابینکراوە، گەیشتووەتە 98%.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە زۆربەی ئەو گوندانەی لەم ماوەیەدا ئینتەرنێتى خێرایان پێگەیشتووە، ئەو گوندانەن لە رووی بوونی ژێرخانی وەک رێگاوبان، کارەبا، و ژێرخانی پێوەندییەوە لە دۆخێکی خراپدا بوون، کە پێویستییەکی زیاتریان بە ئینتەرنێت هەبووە.
ئەبرار
راگرتنی ئاژەڵە کێوییەکان لە ماڵەوە هۆکاری تێکدانی ژینگەیە
مێهدی زارع، بەرپرسی پاراستنی ژینگەی تاران دەڵێت، بەخێوکردن، کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵە کێوییەکان لە ماڵەوە نایاساییە.
ئەو دەڵێت، ئاژەڵەکان بەسەر دوو بەشی کێوی و ماڵیدا دابەش دەکرێن و بەخێوکردنی جۆرە کێوییەکان پێویستی بە مۆڵەتی دەزگای پاراستنی ژینگە هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرترین جۆر کە بەشێوەیەکی نایاسایی بازرگانییان پێوە دەکرێت بریتین لە سمۆرە، مەیموون، تووتی، هەڵۆ و پەلەوەرەکان.