زووم..
لە گەڕی دووەمدا، مەسعوود پزشکیان و سەعد جەلیلی کێبڕکێیان دەکرد، پزشکیان بە بەدەستهێنانی %53ـی دەنگەکان توانی رکابەرەکەى تێپەڕێنێت و بۆ ماوەی چوار ساڵ پۆستی سەرۆککۆمار بەدەستبهێنێت.
وەک گوتەبێژى مەڵبەندى هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، زیاتر لە 30 ملیۆن کەس بەشدارییان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکەدا کردووە و رێژەی بەشداری لەسەدا 49.8 بووە، کە نزیکەی %10ـی لە گەڕی یەکەم زیاتر بووە.
پزشکیان لە دوای سەرکەوتنەکەی پەیامێکى ئاراستەى ئێرانییەکان کرد گوتى، لەپێناو داهاتووی ئێراندا ئامادەى هەموو هاوکارییەکم.
خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکە، هەفتەیەک لەمەوبەر ئەنجامدرا و بەشداریکردنی خەڵکی بە رێژەیەکی پێوانەیی کەمی بەخۆیەوە بینی و تەنیا %40ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکە کرد، کە کەمترین رێژەی بەشداریکردنی خەڵک بوو لە هەڵبژاردنێکی دوای شۆڕشی1979ـەوە.
لە گەڕی یەکەمدا مەسعود پزشکیان و سەعید جەلیلی زۆرترین دەنگیان بەدەستهێنا، بەڵام هیچ کامیان نەیانتوانی لە %50ی دەنگەکان بەدەست بهێنن و هەڵبژاردنەکە بۆ گەڕی دووەمەم درێژکرایەوە کە دوێنێ هەینی بەڕێوەچوو و ماوەی دەنگدان سێ جار درێژکرایەوە تاوەکو کاتژمێر 12ـی شەو.
لە یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، ماوەی سەرۆکایەتی کۆماری لە ئێران چوار ساڵە، کە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و دیاریکردنی سەرۆککۆمار و دوای واژۆکردنی بڕوانامەکانی لەلایەن رێبەری کۆماری ئیسلامییەوە دەست پێدەکات.