رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
پوتین و ئەسەد و ئەردۆغان لەبارەى چارەنوسى هەڵبژاردنەکەى رۆژاڤا کۆدەبنەوە
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا رایگەیاند، پێدەچێت لە داهاتوودا لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا و بەشار ئەسەد، سەرکى سوریا لە ئەنقەرە کۆببێتەوە، بەبێ ئەوەى وادەکەى دیاری بکات.
ئەو راشیگەیاند، ئەگەر پوتین سەردانى تورکیا بکات قۆناغێکى نوێ لە پەیوەندییەکانیان دەستپێدەکات.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە ئامانجى ئەردۆغان لەو کۆبوونەوەیە رێگرییە لە هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەى رۆژاڤا، کە بڕیارە مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
عەرەب
ئێران بەدواى جێگرەوەى عەلى سیستانیدا دەگەڕێت
رۆژنامەى نیولاینزی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، کێبەرکێ بۆ جێگرەوەى عەلی سیستانى گەورە مەرجەعى شیعەکانى عێراق دەستیپێکردوە، بە پاساوى ئەوەى تەمەنى 94 ساڵی تێپەڕاندوە.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە سیستانى دیدگایەکى جیاواز لە تێڕوانینى ئێرانییەکان و رێبەری ئەو وڵاتەى هەیە و نایەوێت عێراق راستەوخۆ لە لایەن پیاوانى ئاینییەوە بەڕێوەببرێت، سەرەڕای ئەوەش بڕواى بە ئیدارەدان و کارکردنى هاوبەش هەیە.
رۆژنامەى عەرەب نووسیویەتى لە بوارە پراکتیکیەکەیدا ئێران هەوڵدەدات لە رێگەى دەستێوەردانى ئاینى و مەزهەبییەوە لە نەجەف ئامادەکاریی بکات بۆ قۆناغى دواى عەلی سیستانى، بۆ ئەو مەبەستە عەلی خامنەیی رێبەری ئێران لە رێگەى ئایەتوڵا مەجتەبا حوسەینی نوێنەرى تایبەتى خۆیەوە دەستى بە هەڵمەتێک کردووە بە پێدانى پارە و مووچە بە مامۆستایان و قوتابییانى حەوزەى نەجەف.
شارەزایانیش دەڵێن، موجتەبا ئامادەکاریی دەکات بۆ دواى سیستانى.
جەریدە
ئیسرائیل و حەماس لەبارەى غەزە لە رێککەوتن نزیکبوونەتەوە
تۆڕی سی ئێن ئێن لە زارى سەرچاوەیەکى فەرمی ئیسرائیل ئاشکراى کردووە، حکومەتەکەى نەتانیاهۆ لەگەڵ حەماس لە چوارچێوەیەکى سنوورداردا لەبارەى ئاگربەست لە غەزە و گۆڕینەوەى بارمتەکانیان لە رێککەوتن نزیکبوونەتەوە.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە گوتەکانى ئەو بەرپرسە چەند کاتژمێرێک دواى کۆبوونەوەیەکى تایبەتى نەتانیاهۆ لەگەڵ گەورە بەرپرسانى سەربازی و ئەمنى وڵاتەکەی هاتووە و تاوتوێی نامەیەکى حەماسیان کردووە، کە لە رێگەیەکى تایبەتەوە پێیانگەیشتووە، کە لەسەر داواى جۆ بایدن وەڵامی ئیسرائیلی داوەتەوە. بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە، ئەمریکا، میسر و قەتەر بەردەوامن لە نێوەندگیری و گەیاندنى هەردوولا بە ئاگربەست و گۆڕێنەوەى بارمتەکانى نێوانیان.
وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە دۆخەکە لە چاوەڕوانى داگیرسانى گڵۆپى سەوزی ناتانیاهۆدایە و هەڵوێستى حەماس لەو بارەیەوە ئەرێنییە.
عەرەبی جەدید
گەرماى هاوین مەترسی لەسەر ئەو کەسانەش دەبێت خۆر لێیان نادات
رێکخراوى کلایمیت سەنترالى ئەمریکی، کە گرنگی بە کەشوهەوا دەدات لە راپۆرتێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، لە رۆژى 9ـى حوزەیرانى رابردوەوە تائێستا 60%ـى دانیشتوانى جیهان کێشەى بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرمایان هەیە.
پزیشکێکیش بە رۆژنامەکەى گوتووە، کاریگەری لەسەر جەستە و دەرونى مرۆڤ دادەنێت بەجۆرێک مرۆڤ هەست بەماندوبوون و خاوبوونەوە دەکات و ناتوانێت کارەکانى رۆژانەى بەباشی بکات.
وەلید شەهاب، پزیشکى پسپۆری گشتى بە رۆژنامەى عەرەبی جەدیدى راگەیاندووە، گەرما تەنها کاریگەری لەسەر ئەو کەسانە دانانێت راستەوخۆ تیشیکى بەریان دەکەوێت، بەڵکو کاریگەری لەسەر ئەوانەش دادەنێت، کە بەریان ناکەوێت، بەتایبەتى ئەوانەى تەمەنیان زۆرە یان نەخۆشى درێژخایەنیان هەیە.
رۆژنامە تورکییەکان
یەنی بیرلیک
سەرۆکی جەهەپە سەردانى دیمەشق دەکات
ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاند، بەمزووانە لە رێگەى لوبنانەوە سەردانى دیمەشق دەکەم و چاوم بە بەشار ئەسەد دەکەوێت.
ئەو دەڵێت، پێویستە تورکیا لەسەر مێزى گفتوگۆ لەگەڵ بەشار ئەسەد کۆببێتەوە، بۆ چارەسەری پرسەکانى نێوان ئەنقەرە و دیمەشق.
ئۆزگور ئۆزال رایگەیاند، جەهەپە هەموو هەوڵێکی خۆى بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو وڵات دەدات.
تورکگون
پەنابەرە سورییەکان لە تورکیا دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا رایگەیاند، لە ئەگەرى ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سوریا، کاریگەری لەسەر ژیانی ملیۆنان پەنابەرى سوری لە وڵاتەکەمان دەبێت و رێگە خۆش دەبێت بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان.
ئەو دەڵێت، هیچ رێگرییەک لە ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانمان نابینم، “پرسی تیرۆر لە پرسی پەکەکە، یەپەگە و داعش، پرسێکی جدییە، پێویستە هەردوو وڵات پێکەوە هەماهەنگییمان بۆ رووبەڕووبوونەوەى تیرۆر هەبێت”.
سەباح
ئەو سورییانەى لە تورکیا قاچاخن دیپۆرت دەکرێنەوە
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆى تورکیا رایگەیاند، لەبارەى پەنابەرە سورییەکان، لە ئایندەیەکی نزیکدا رێکارى نوێ دەگرینەبەر و ئەو پەنابەرە سورییانەى کارتی نشینگەیان نییە ئاگاداردەکرێنەوە تاوەکو مامەڵەی پێویست بکەن، لەکاتى پابەندنەبون بە یاساکانەوە یان بە نەبوونی کارتی نشینگە، دیپۆرتی وڵاتەکەیان دەکرێنەوە.
دەڵێت، تائێستا رێگرییمان لە هاتنى شەش ملیۆن پەنابەر و کۆچبەر کردووە، تورکیا وڵاتێکی نمونەیە بەو ئەندازەیە رێگریی لە هاتنى کۆچبەرى نایاسایی بکات.
یەنی چاخ
لیرەی تورکی 95% بەهای لەدەستداوە
بەهۆی سیاسەتى هەڵەى حکومەتى ئاک پارتی، لیرەى تورکی 95% بەهای لەدەستداوە. لە ساڵى 2009ـدا بەهاى 130 دۆلار 200 لیرە بوو، ئێستادا بەهاى 200 لیرە دەکاتە شەش دۆلاری ئەمریکی، بەمەش دراوى تورکی 95.38% بەهاکەى لەدەستداوە.
لە ساڵى 2009ـدا 200 لیرە 45 لیتر بەنزینی پێدەکڕدرا، ئێستا تەنها چوار لیتر بەنزین پێدەکڕدرێت.
رۆژنامە فارسییەکان
کەیهان
وەزارەتی دەرەوە: دەنگدانی ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات لە هەفتەی رابردوو زیاتر بوو
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەو راپۆرتانەی لە ناوەوە و دەرەوەى وڵات پێمان گەیشتوون پشتڕاستی دەکەنەوە، رێژەی بەشداریی هاووڵاتییان لە گەڕى دووەمى هەڵبژاردنى سەرۆککۆماردا بەراورد بە هەفتەی رابردوو زیادی کردووە.
لە پەراوێزی سەردانەکەیدا بۆ بارەگای هەڵبژاردنەکانی دەرەوەی وڵات، ناسر کەنعانی، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی باڵیۆز و بەرپرسانی نوێنەرایەتیی ئێران لە دەرەوەی وڵات تائێستا پێیان گەیاندووین، ئاستی پێشوازیی هاووڵاتییان لەم قۆناغەی هەڵبژاردنەکە بەرزتر و شایستە بووە.
روزگار
پارێزگاری تاران: نزیکەی 32%ـى بەشداریی خەڵک بەراورد بە خولی یەکەم زیادی کردووە
پارێزگاری تاران دوێنێ کاتێک لە مزگەوتی لارزادە ئامادە بوو، دوای ئەوەی دەنگیدا گوتی، تاوەکو نیوەڕۆ نزیکەی 32%ـى بەشداریی خەڵک بەراورد بە خولی یەکەم زیادی کردووە.
عەلیرەزا فەخاری گوتی، خەڵکی ئێران لە سەرەتای هەڵبژاردنەوە لە بنکەکانی دەنگدان ئامادە بوون و ئەوەش بوو بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی رێژەی دەنگدان لە هەڵبژاردنی گەڕی دووەمی سەرۆککۆماردا.
ئیرنا
مەسعود پزشکیان بوو بە نۆیەمین سەرۆککۆماری ئێران
بارەگای هەڵبژاردنەکانی ئێران ئەنجامی کۆتایی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری راگەیاند و مەسعود پزشکیان سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
کۆی گشتی بەشداربووانی هەڵبژاردنەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بە 30 ملیۆن و 530 هەزار کەس راگەیەندرا.
مەسعود پزشکیان بە 16 ملیۆن و 300 هەزار دەنگ سەرکەوتنی بەدەستهێنا و سەعید جەلیلی 13 ملیۆن و 500 هەزار دەنگی بەدەستهێنا و نەیتوانی بگاتە پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار.
رێژەی بەشداریی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکەدا بە نزیکەی 49% راگەیەندرا.
ئەبرار
لە هەندێک وڵاتى ئەوروپا هەوڵى هێرشکردنە سەر دەنگدەرانی ئێرانی درا
خەڵکی ئێران لە دەرەوەی وڵات لە کاتی دەنگدان سەردانی لقە دیاریکراوەکانیان کرد، بەڵام ئەم پرۆسەی دەنگدانە لە هەندێک وڵات بە ئاسانی ئەنجام نەدراوە.
لە هەندێک وڵاتى وەک ئوسترالیا، ئینگلتەرا و سوید خەڵک هەوڵیاندا پرۆسەی دەنگدان تێکبدەن، ئەمەش بە دەستێوەردانی پۆلیسی ئەو وڵاتە بەرەوڕوو بووەوە.
ئەم کەسانە بە وێنەگرتنی ئەو ئێرانیانەی دێن بۆ دەنگدان، دیمەنەکانیان بڵاودەکەنەوە و ئەمەش بووە بە هۆکار دەنگی خەڵک کەم بێتەوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
تایمز
ئیدى لە بەریتانیا گۆڕانکاریی دەستپێدەکات
کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی هەڵبژێردراوی نوێی بەریتانیا، بەڵێن دەدات بەریتانیا بونیاد بنێتەوە، دوای ئەوەی بەشێوەیەکی بەرچاو پارتەکەی، پارتی کرێکاران لە هەڵبژاردنە گشتییەکەی پێنجشەممە، سەرکەوتنی بەسەر پارتی پارێزگاران بەدەستهێنا.
ستامەر دەڵێت، سەردەمی سەقامگیری و گۆڕانکاری دەستپێدەکات، بەشێوەیەک حکومەکەی تێیدا بەهیچ بیروباوەڕێکەوە بارگاوی نەکرابێت.
گاردیەن
ستامەر دەڵێت، هەموو رۆژێک دەجەنگین تاوەکو ئێوە متمانەتان بۆ دەگەڕێتەوە
دوای بردنەوەی هەڵبژاردن، کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی تازەی بەریتانیا دەڵێت، حکومەتەکەم، هەموو رۆژێک لە جەنگدا دەبێت تاوەکو ئێوە متمانەتان بۆ دەگەڕێتەوە.
ستامەر ئەمەی لە گوتاری سەرکەوتندا لەبەردەم باڵەخانەی حکومەتدا گوت، کە بە باڵەخانەی ژمارە 10 ناسراوە.
ئەم لێدوانەشی هاوشێوەی هەمان بەڵێنە کە تۆنی بلێری سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا 27 ساڵ لەمەوبەر لە سەرکەوتنی پارتی کرێکاراندا، بە خەڵکی وڵاتەکەیدا.
واشنتن پۆست
بەتەمەنداچوونی جۆ بایدن بەمدواییانە خێراتر بووە
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، کە رکابەریی دۆناڵد ترەمپ دەکات بۆ دووبارە بەدەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا، لە تەمەنی 81 ساڵیدا دەبێتە بەتەمەنترین سەرۆکی ئەمریکا ئەو پۆستەی وەرگرتبێت.
بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە، ئەندامانی گۆنگرێس و چەندین یاریدەدەر رایانگەیاندووە، لەماوەی سێ ساڵ و نیوی رابردوودا تبینییان کردووە جۆ بایدن خێراتر پیربووە، بەشێوەیەک، جووڵەکانی هێواشتربووە و نەرمتر قسە دەکات و زیاتر دەوەستێت بۆ بیرکردنەوە.
لەدوایین هەڵەشدا کە بەهۆیەوە رەخنەی زۆری لێدەگیرێت، بایدن گوتی، “شانازیی دەکەم وەک یەکەم ژنی رەشپێست سەرۆکایەتی وڵات دەکەم”.
عەرەب نیوز
ئاڕاستەیەکی نوێ بۆ هێنانەکایەی ئاشتیی لە غەزە هەنگاو دەنێت
دوێنێ هەینی، هەنگاوێکی نوێ بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە غەزە نرا، دوای ئەوەی حەماس هەنگاوێکی پێچەوانەی نا لەبارەی مەرجەکانی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و بەڕێوەبەریی هەواڵگریی مۆسادی ئیسرائیلیش بە سەرکردایەتیکردنی شاندێکی باڵای وڵاتەکەی لە قەتەر دەستی بە دانوستانەکان کردەوە.
سەرچاوەکان دڵنیایی دەدەن دەرفەتێکی راستەقینە بۆ گەیشتنە رێککەوتن لە ئارادایە.