رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرقلئەوسەت
ئێران ئەمڕۆ پێشبڕکێی سەرۆکایەتى یەکلادەکاتەوە
ئەمڕۆ ئیرانییەکان دەچنە سەر سندوقەکانى هەڵبژاردن، بۆ یەکلاکردنەوەى پۆستى سەرۆکایەتى کۆمار لەنێوان دوو کاندید، کە یەکێکیان کاندیدى ریفۆرمخواز مەسعود پزیشکیان و ئەوی دیکەیان کاندیدى بناژۆخواز سەعدی جەلیلی-یە.
ئەحمەد وەحیدى، وەزیری ناوخۆی ئەو ووڵاتەش دەڵێت وەزارەتەکەى هەموو رێوشوێنیکی پێویستی گرتووەبەر، بۆ ئەنجامدانى ئەو هەڵبژاردنە.
دوای هەڵبژاردنەکەى ئەمڕۆ، دەستدەکرێت بە جیاکردنەوەى دەنگەکان و پێشبینى دەکرێت وادەکەش درێژبکرێتەوە، لەکاتێکدا پلەى گەرما لە ناوچەکانى باشووری ئەو ووڵاتە 50 پلە تێدەپەڕینێت، بەرەبەیانى رۆژی شەممەش، بە فەرمی ئەنجامە بەراییەکانى ئەو هەڵبژاردنە ئاشکرادەکرێت.
عەرەبی جەدید
داواکارییەکانى ئۆپۆزسیۆنی سوریا و تورکیا بەرفراوان دەبێت بۆ راستکردنەوەى پەیوەندییەکانى هەردوو ووڵات و داڕشتنەوەیان
رووداوەکانى ئەم دواییەی لە باکووری سوریا و هەندێک پارێزگای تورکیا بەخۆیانەوە بینى، لە پەراوێزى ئەو رووداوە رەگەزپەرستییانەى بەرامبەر پەنابەرانى سوریا ئەنجامدرا، ئەوەی ئاشکراکرد، شەقامی گشتى ئۆپۆزسیۆنى سوریا و بەرهەڵستکارانى رژێمی سوریا، بەتایبەت دوای ئەو رووداوانەى لەسەر سنورەکانى هەردوو ووڵات رویانداوە، دەخوازن پەیوەندییەکانى نێوان سوریا و تورکیا راستبکرێتەوە و دوبارە دابڕێژرێتەوە.
رۆژی دووشەممەى رابردوو بە تەقەى هێزەکانى تورکیا لەسەر سنورەکانى سوریا-تورکیا، شەش خۆپیشاندەر کوژران و چەند کەسێکى دیکە بریندار بوون، لە ئەنجامى ئەو دەستدرێژییە رەگەزپەرستانەیەى لە هەندێک لە پارێزگاکانى تورکیا بەرامبەر پەنابەرە سورییەکان ئەنجامدرا.

عەرەب
ئایا میلیشیا چەکدارییەکانى عێراق لە تاڵاوی جەنگە ماڵوێرانکارەکەى لوبنانەوە دەگلێن؟
کەتیبە چەکدارییەکانى عێراق کە سەر بە ئێرانن، لە چوارچێوەى بەرپابوونى جەنگى غەزەدا چەکەکانیان خستووەتە ئامادەباشییەوە، بۆ هەر گرژییەک کە ناوچەکە بەخۆیەوە دەبینێت، بەتایبەت دوای هەڕەشەى فراوانبوونى بازنەکانى ئەو جەنگە لەنێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان، لەسەر سنورەکانى نێوانیان.
مەترسیی و ئەگەرەکانى بەرپابوونى ئەو جەنگەى نێوان حزبوڵای لوبنان و ئیسرائیل وایکردووە چەندین کەتیبەى چەکداری دیکە، هاوشێوەى حوسییەکانى یەمەن و کەتیبە چەکدارییەکانى دیکەى ئێران لە عێراق، بێدەنگ نەبن.

جەریدە
ئێران گەشتە ئاسمانییەکانى لوبنانى راگرت
فەیلەقی قودس: فڕۆکەخانەى بەیروت لەژێر چاودێریدایە و بەکاری ناهێنین بۆ کۆگاکردنى چەک و گواستنەوەی بۆ هاوپەیمانانمان
ئاماژەکان بۆ هەڵکشانى گرژییەکانى نێوان حزبوڵای لوبنان و ئیسرائیل لە بەرپابوونى جەنگى نێوانیان روونتر دەبنەوە، سەرەڕای ئەو هەوڵانەى ئەمریکا دەیاندات بۆ دۆزینەوەى چارەسەرێکى دیپلۆماسی، بۆ ئەو بارودۆخەى لە سنوورەکانى باشووری لوبنان دەگوزەرێت، دواجار ئێرانیش گەشتەکانى فڕۆکەخانەى “رەفیق حەریری” لە بەیرووت راگرت.
سەرچاوەکەى رۆژنامەى “جەریدە” رەتىکردەوە فەیلەقی قودس فڕۆکەخانەکەى وەک کۆگای چەک و دابەشکردنى بەسەر هاوپەیمانانى ئێران بەکاربهێنێت، بەو پێیەى فڕۆکەخانەکە لە رووی ئەمنییەوە دزەپێکارە و بێ سیخوڕ نییە.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
دوو پارتى سیاسیی لە پرسی پەنابەران هاوڕان
ئومید ئۆزداغ سەرۆکی زەفەر پارتی سەردانى ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپەی کرد، ئامانجی سەردانەکە بۆ گفتوگۆکردن بوو لەسەر پرسی پەنابەران لە تورکیا، هەردوولا هاوڕان لەسەر ناردنەوەی پەنابەرە سوورییەکان. کۆبونەوەکە 45 خولەک خایاند، دواتر ئومید ئۆزداغ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: هەموو رۆژێک هەزار بۆ هەزار و 200کەس لە سنوورەکانمانەوە دێنە ناو خاکی تورکیاوە و لە شارەگەورەکاندا نیشتەجێ دەبن.
یەنیچاخ
هاووڵاتیان لە گرانبوونی نرخی کارەبا نیگەرانن
بەهۆی گرانکردنى نرخی کارەبا بە رێژەى سەدا 38نیگەرانی هاووڵاتیانى لێکەوتوەتەوە، نرخی بەکارهێنانى کارەبا بۆ خێزانێکی چوار کەسی مانگانە ئەگەر 230 کیلۆوات بەکاربەرن دەکاتە 476 لیرەى تورکیی، کە دەکاتە نزیکەى 15 دۆلار.
جمهورییەت
جەهەپە کۆنفڕانسی پەنابەران سازدەکات
ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە دەربارەى پرسی پەنابەران رایگەیاند: ئەوەى لە تورکیا و لە سوریا دەگوزەرێت بەهۆى سیاسەتى هەڵەى ئاک پارتییەوەیە، بۆ دۆزینەوەى رێگە چارەسەریی بۆ پرسی پەنابەران، لە مانگی داهاتوودا کۆنفڕانسی پەنابەران دەربارەى پەنابەرى سوری و پەنابەرەکانى دیکە لە تورکیا سازدەکات.
ئایدنڵک
ڤیان تەکچە هاوسەرۆکی شارەوانی جۆلەمێرگ، دەربارەى پرسی دانانى قەیوم لە شارەوانیی جۆلەمێرگ سەردانى ئەکرەم ئیمامئۆغڵوى سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵی کردووە
ئیمامئۆغڵو پشتیوانی خۆى بۆ هاوسەرۆکی شارەوانی جۆلەمێرگ راگەیاندووە و گوتویەتی: قەیوم هەڕەشەیەکە بۆ سەر هەموومان، سیاسەتێکى نادادپەروەرانەیە، داواشی کردووە لەسەر ئاستی کۆمەڵگە کۆدەنگییەک لە دژى قەیوم دروستبکرێت.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان

گەڵف نیوز
جۆ بایدن: بە دڵنیاییەوە نەخێر، سەنگەرەکە بەجێناهڵێم، تا کۆتایی لە ئەم پێشبڕکێیەدا دەمێنمەوە، کەس ناتوانێت بمکاتە دەرەوە
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی دیبەیتە کارەساتبارەکەی نێوان خۆی و ترەمپەوە قسەدەکات و دەڵێت بە دڵنیایی ناکشێمەوە. لە گوتارێکیدا گوتی با زۆر بە روونی و سادەیی پێتان بڵێم، من بەردەوام دەبم لە هەڵمەتەکە و بەرەوپێشەوەش دەچم، کەس نییە بتوانێت بمکاتە دەرەوە، بۆیە پێشبڕکێکە بەجێناهێڵم، تا کۆتایی بەردەوام دەبم و دەیبەینەوە.

دەیلی مەیل
بە جیاوازییەکی بەرچاوەوە پارتی کرێکاران زۆرینەی بردەوە
ئەم زۆرینەیەی ستارمەر هێناویەتی لە سەردەمی تۆنی بلێرەوە تا ئێستا بێوێنەیە، پارێزگاران راماڵران و تەنها 131 کورسییان بردەوە. فارەیجیش ئەنجامی باش بوو 13 کورسیی بردەوە.
سێر کەیر ستارمەر رێگای خۆی بەرەو خانوی ژمارە 10 دۆزیوەتەوە. پارێزگارانیش خراپترین بەزینی ناو تەواوی مێژووی خۆیانیان چەشت. کرێکاران 410 کورسییان بەدەستهێناوە، ئەم ژمارەیە 140 کورسیی لە ئەو ژمارەیە زیاترە کە پێیدەگوترێت زۆرینەی رەها، بۆیە رێگاکە لەبەر پێی ستارمەردا کراوەیە بۆئەوەی بچێتە دەسەڵاتەوە و بچێتەوە خانوی ژمارە دەی داونینگ ستریتەوە.

ئیندیپێندەنت
لە هەڵبژاردنەکەی 2024ـدا بەریتانیا بڕیاری خۆیی دا
لاپەڕەی یەکەمی ئەم رۆژنامەیە دوو وێنەی گەورەی سەرکردەی هەردوو پارتی کرێکاران و پارێزگارانی لەسەرە. ستارمەر و سوناک. دەچن بۆ دەنگدان و هاوسەرەکانیان لەگەڵدایە. هەردووکیان بە شێوازی دەستووریی وڵاتەکە دەنگی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکان دەدەن.
لە خواری وێنەکەوە بە گەورەیی نوسراوە (هەرەس)!
ئەمجا بە چەند ناونیشانێک نوسراوە: لە سەرکەوتنێکی مێژووییدا کرێکاران 410 کورسییان بردەوە، 170 کورسییان لە زۆرینەی رەها زیاترە. هەروەها پارێزگاران تەنها 131 کورسییان بردوەتەوە، واتە 241 کورسییان لەدەستداوە، ئەمە خراپترین هەرەسی مێژووییە.

واشنتن پۆست
لە پایتەختی وڵاتەکە، ئەمریکییەکان جیاوازییەکانیان بەلاوەدەنێن و ئاهەنگ بۆ یادی چواری تەمووز دەگێڕن
چەند ئەکتەرێکی ئەمریکی لە نواندنێکی جواندا و لەسەر پلیکانەکانی تەلاری ئارشیفی نیشتمانی رۆڵی باوانە دامەزرێنەرەکانیان بینی و جاڕنامەی سەربەخۆیی وڵاتەکەیان خوێندەوە، ژنێکیش رۆڵی دایکە ئابیگێڵ ئادامزی بینی. هەندێک هاوڵاتیی ئەمریکی لە شارەکانی تری ئەمریکاوە چوبوونە شوێنی بۆنەکە بۆئەوەی یادی جاڕدانی سەربەخۆیی وڵاتەکە بکەنەوە، هەموویان پێکەوە بارگرژییە سیاسییەکانی کاتی هەڵبژاردنی ناو وڵاتەکەیان نا بەلاوە و بەشداریی ئاهەنگی خۆشیی یادکردنەوەی رۆژی سەربەخۆییان کردەوە.