رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا، ئەمڕۆ گوتەیەکى پێشووى دووبارەکردەوە، کە بۆنى خوێنى لێدێت.
ئەو گوتى، کاتێک دەمگوت “دەتوانین شەوێک لەناکاو دێین” لە خۆوە نەبوو، ئۆپراسیۆنەکەمان بۆسەر باکورى عێراق و سوریا، تەنها بە هێرشی ئاسمانی ناوەستێت، هێرشی زەمینیش دەکەین.
کاتێک دەمگوت “دەتوانین شەوێک لەناکاو دێین” لە خۆوە نەبوو
تورکیا دوو رۆژە ئۆپراسیۆنێکى نوێی بەناوى چنگى شمشێر بۆسەر باشور و رۆژئاڤا دەستپێکردووە؛ لەنیوەشەودا هێرشی کردە سەر ئەو دوو بەشەى کوردستان.
ئەردۆغان گوتى، لە کۆبانێ 12 ئامانجمان پێکاوە.
هێرشەکان باکورى کوردستانیشی گرتەوە، ئەمڕۆ هێرشى موشەکى کرایە سەر شارى دیلۆک، تورکیا یەپەگەى تۆمەتبارکرد، ئەو بەشەی کوردستانیش وەک هەمیشە بەهۆى لێکەوتەکانى شەڕ نائارامە.
هێرشەکان باکورى کوردستانیشی گرتەوە
سوپاى پاسدارانى ئێران، لە هەمان نیوەشەوەکەى ئەردۆغاندا هێرشى کردەوە سەر باشورى کوردستان.
دژەتیرۆرى کوردستان دەڵێت ئێران بە 7 موشەک و درۆنى بۆمبڕێژکراو هێرشەکەى ئەنجامداوە.
بە 2 درۆن کەمپی جێژنیکانی لە نزیک بەحرکە کردە ئامانج.
بە 3 موشەک بارەگای حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی لە کۆیە کردە ئامانج.
بە 2 درۆنى دیکە بارەگای کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی لە زڕگوێز کردە ئامانج.
سوپاى پاسدارانى ئێران،هێرشى کردەوە سەر باشورى کوردستان
ئێران لە رۆژهەڵاتى کوردستانیش زەبر و زەنگى زیاتر کردووە، ئەمڕۆ رۆژێکى خوێناوى بوو بۆ رۆژهەڵات، گرژییەکان چوونەتە قۆناغى پێکدادانەوە؛ لە جوانڕۆ شەڕى کۆڵان بە کۆڵان دەکرێت، تەرمى هاونیشتمانى لەسەر شەقامەکانە.
رێکخراوەکانى مافى مرۆڤ باس لە کوژرانى دەیان خۆپیشاندەر دەکەن، بە گولەى راستەوخۆى هێزە ئەمنییەکان، لەنێویاندا مێرمنداڵ و ژن هەن.
ئێستا چوار بەشەکەى کوردستان، لەژێر هێرشى تورکیا و ئێراندایە.
ئەم دوو وڵاتە تاوەکو ئێستا سڵیان لە هێرش و بەزاندنى سنورەکەى نەکردووەتەوە، جیهانیش دەستەوستانە بەرامبەر ئەو هێرشانە.
جیهانیش دەستەوستانە بەرامبەر هێرشەکان
کاردانەوەکان وەک هێرشەکانى پێشوو، تەنها ئیدانەکردن و ناڕەزایەتى دەربڕینە، تەنانەت وڵاتە زلهێزەکان جیاوازى لە ئیدانەکردنى هێرشەکانى ئێران و تورکیا دەکەن، کەمتر خۆیان لە قەرەى ئیدانەى هێرشەکانى تورکیا دەدەن. بەمشێوەیە کوردستان لەژێر هێرشی تورکیا و ئێراندایە.