زووم..
لە دووەم رۆژى سەردانەکەیدا بۆ بەغداد، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ خەمیس خەنجەر، سەرۆکى پارتى سەروەرى و محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پارتی تەقەدوم کۆبووەوە.
ئاکام فەهمی، زوومی بەغداد دەڵێت، کۆبوونەوە سێقۆڵییەکە لە ماڵی خەمیس خەنجەر لە بەغداد بەڕێوەچووە، بارزانی لەبارەی پرسی سەرۆکی پەرلەمانى عێراقەوە گفتوگۆی لەگەڵ خەنجەر و حەلبوسی کردووە.
هەر ئەمڕۆ مەسعود بارزانی لەگەڵ موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەوەکالەت كۆبووەوە و هەڵبژاردنى سەرۆکى نوێی پەرلەمانیان تاوتوێ کرد.
بارەگای بارزانی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، مەندەلاوى هیوای خواستووە بارزانی یارمەتیدەر بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق، بارزانیش جەختی لە بوونی نیازپاکیی لایەنەکان کردووەتەوە و بە پێویستی زانیوە دیالۆگ ببێتە بنەمایەکی جێگیر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.