زووم..
رۆژنامە عەرەبیەکان
شەرقلئەوسەت
هەڵبژاردنى ئەمڕۆی بەریتانیا لاپەڕەى دەسەڵاتى پارێزگاران هەڵدەداتەوە
ئەمڕۆ هەڵبژاردن لە بەریتانیا بەڕێوەدەچێت، بەگوێرەى راپرسییەکان و پێشبینى شرۆڤەکاران پارتى پارێزگاران بەسەرۆکایەتى ریشى سوناک بۆ ئەم خولەى هەڵبژاردن دواى 14 ساڵ مانەوە لەسەر کورسیى دەسەڵات بارگە و بنەیان دەپێچنەوە و پارتى کرێکاران دێنەوە گۆڕەپانەکە.
ژمارەى کورسییەکانى پەرلەمانى بەریتانیا 650 کورسییە، چاوەڕێدەکرێت پارتى کرێکاران 472 کورسی بباتەوە، لە بەرامبەردا پارێزگاران تەنها 76 کورسی بەدەستبهێنن و سێیەم پارت، کە لیبراڵەکانن 60 کورسى ببنەوە، کە لە خولى پێشوودا هیچ کورسییەکیان نەبوو.
رۆژنامەى شەرقلئەوسەت نووسیویەتى، یەک سەدەى تەواوە جیاوازی وا گەورە لە دەنگەکاندا نەبووە و لەماوەى ئەم 14 ساڵەدا چەندین رووداوى گرنگ لە بەریتانیا روویاندا، کە لە بەرژەوەندى پارتەکەى سوناک نەبوون، لەوانەش جیابوونەوەى بەریتانیا لە یەکێتى ئەوروپا، سەرهەڵدانى پەتاى کۆرۆنا، هەڵاوسانى لەرادەبەدەر و بەرزکردنەوەى باج و کێشەى پەنابەران، ئەمە سەرەڕای ناکۆکییە ناوخۆییەکانى پارتى پارێزگاران، کە هەموویان بوونەتە هۆی دابەزینى دەنگەکانیان و هاتنەپێشەوەى نەیارەکانیان.
سەباح
وەبەرهێنانى غاز گەیشتە 62% و نازانرێت کەى بەشى ناوخۆ دەکات
عاسم جیهاد، گوتەببێژى وەزارەتى نەوت رایگەیاند، وەبەرهێنانى غاز لە عێراق گەیشتووەتە 62%ـى پڕکردنەوەى پێداویستیەکان و لە پارێزگاکانى میسان رۆژانە 300 ملیۆن پێ سێجا و لە ناسریەش200 ملیۆن پێ سێجا بەرهەمدەهێنرێت و کاری زۆریان کردووە بۆ ئەوەى بتوانن پێدوایستى ناوخۆی پێ پڕبکەنەوە.
عاسم جیهاد رایگەیاند، هێشتا نازانرێت کەى دەگەنە ئەو ئاستەى پێویستیان بە هاوردەکردن نەمێنێت.
گۆڤەند شیروانى، شارەزای بوارى نەوت بە رۆژنامەکەى راگەیاندووە، ساڵانە 18 ملیار مەتر چوارگۆشە غازی عێراق دەسوتێت، کە دەکاتە 40%ـى غازى عێراق و بەهاکەى ملیارەها دۆلارە.
بە گوتەى شیروانى، وەزارەتى نەوت رایگەیاندوە، لە سێ ساڵی داهاتودا سووتانى غاز کۆتایی پێدێت، بەڵام وەزارەت بەجدی کار لەو بوارەدا ناکات.
عەرەب
داعش خەلیفەیەکى سۆماڵی دادەنێت و ناوەندى کارەکانى دەگوازێتەوە بۆ ئەفریقا
هەزاران چەکداری داعش روویان لە دەشت و کەناراوەکانى سۆماڵ کردووە، شارەزایانى ئەمنیش پێیانوایە داعش بەنیازە ناوەندى کارەکانیان بگوازنەوە بۆ کیشوەرى ئەفریقا و پێدەچێت ئاماجیان ئەوەبێت لەگەڵ حوسییەکان کاریگەری لەسەر دەریاى سوور و رێڕەوى ئابووریى جیهان دابنێن.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەى عەرەب داعش خەلیفەیەکى رەشپێستى سۆماڵی دیاریکردووە و داوا لە ئەندامەکانى دەکات لە هەرشوێنێکى جیهاندا هەن کۆچ بکەن بۆ ئەفریقا.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوە کردووە، داعش لە کۆی هەشت لقى رێکخراوەکەى سێ لقى سەرەکى لە ئەفریقا هەن، کە بریتین فورقان لە رۆژئاواى کیشوەرەکە، ئەنفال لە کەناراوەکان، ئەوى دیکەیان ویلایەتى سۆماڵە.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە سەرکردایەتى داعش دەکەوێتە زنجیرە چیاکانى مەکساد و دەستیانگرتووە بەسەر بۆنتلانددا، کە بەسەر کەنداوى عەدەنى سەرەتاى دەریاى سووردا دەڕوانێت.
مەدا
بەهۆی گۆڕانى کەشوهەواوە 12 ملیۆن هێکتار زەوى عێراق لە وەبەرهێنان کەوتوون
رێکخراوى خۆراکی جیهانى ناسراو بە (WFP) بڵاویکردەوە، بەهۆی گۆڕانکارییەکانى کەشوهەواوە 12 ملیۆن هێکتار زەوى کشتوکاڵی عێراق بەجێهێڵراون و کەڵکی کشتوکاڵیان نەماوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە سەرەڕای کێشەى جەنگ و ناکۆکییە سیاسییەکانى عێراق، کێشەى گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا کاریگەریی خراپی کردووەتەسەر کەرتى کشتوکاڵ و زۆربوونى رێژەى بەبیابانبوون، ئەوەش کاریگەری راستەوخۆی لەسەر وەبەرهێنانى کشتوکاڵ کردووە و رێژەیەکى زۆر لە جوتیارەکان بێکارن و ئەمەش ئاسایشى خۆراک دەخاتە مەترسییەوە.
رێکخراوى فاو رایگەیاندووە، لە بەدواداچونێکى رێکخراوەکەیاندا بۆیان دەرکەوتووە هەزار و 448 جووتیار لەسەرانسەری پارێزگاکانى عێراق پێویستیان بەهاوکاریی هەیە، بۆ ئەوەى بتوانن ژێرخانى کارەکانیان دروستبکەنەوە و بچەوە سەر کارەکانى خۆیان.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
بایدن بیرلەوەدەکاتەوە واز لە پێشبڕکێکردنەکەی چوون بۆ کۆشکی سپی بهێنێت
چەند راپۆرتێک دەڵێن، دڵنیان بۆ یەکەمینجار بایدن خۆی دانی بەوەدا ناوە بیر لەوە دەکاتەوە کۆتایی بە ئەو هەڵمەتی هەڵبژاردنەی بهێنێت بۆ چوون و گەیشتنەوە بە کۆشکی سپی دەستیپێکردووە.
چەندین رۆژە و لەپاش دەرکەوتنە لاوازەکەی لەنێو دیبەیتی سەرۆکایەتییەکەدا، بایدن رەخنەباران دەکرێت، دەگوترێت لەبەرامبەر ترەمپ زۆر لاواز بووە، بۆیە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز نووسیویەتی، بایدن بە لایەنگرانی گوتووە، دڵنیایە ئەگەر دوو دیداری دیکەى لەمشێوەیە ئەنجام بدات و دیبەیت بکات، خۆی دەزانێت دەکەوێتە رەوشێکی جیاوازەوە.
دەیلی ئێکسپرێس
لە هەڵبژاردنەکەى ئەمڕۆى بەریتانیادا دەنگ بە تۆری بدەن
رۆژنامەی دەیلی ئێکسپرێس بە چەند دێڕێک و وێنەیەکی گەورە نووسیویەتی، دەنگ بە تۆری بدەن. وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە، لەسەری نووسراوە رێگای بنکەی دەنگدانەکە لێرەوەیە. لەسەر وێنەکە نووسیویەتی، ئەمڕۆ رۆژی یەکلاکردنەوەیە، لە رێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە پارتی پارێزگاران لێدانێکی قورسی بەردەکەوێت، ئێمە لەو بڕوایەداین ئەو هێزە پەرش و بڵاوەی پارتی کرێکاران هەیەتی ئەم وڵاتە مەزنەی ئێمە بەرەو لاوازی دەبات، لەوە تێدەگەین، بۆچی ئێوە متمانەتان بە بەهاکانی پارتی پارێزگاران هەیە، ئەوەش بە دڵنیایی مافی خۆتانە، دەتوانن دەنگەکانی خۆتان وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی بەکاربهێنن. بۆیە ئێمەش لەگەڵ ئێوەدا چرای پارێزگاری بەرزدەکەینەوە، تاوەکو ئەوکاتەی رێگای هەمووان رۆشندەکەینەوە، دەبێت هەرواش بکەین، دەنگ بە پارێزگاران بدەن.
فاینەنشیەڵ تایمز
پوتین و شی جارێکی دیکە چاویان بە یەکدى دەکەوێتەوە
ڤلادیمێر پوتین و شی جینپینگی هاوکارە چینییەکەی لە پەراوێزی دیدارەکەی ئاستانەدا چاویان بە یەکدى کەوتووە، یەکدى بینینەکەیان لە شاری ئاستانەی کازاخستان بوو.
لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا ئەوە دووەمین دیداری ئەم دوو سەرکردەیەیە و بەڕێزێکی زۆرەوە مامەڵەیان لەگەڵ یەکدیدا کرد، ئاماژەیان بە پەیوەندییە قووڵەکانی نێوان مۆسکۆ و پەکین کرد. بۆیە ئەم رۆژگارەیان بە باشترین رۆژگاری مێژوویی پەیوەندییەکانی خۆیان وەسف کرد.
ئیندیپێندەنت
پارێزگاران تەنها 82 کورسی بەدەستدەهێنن، ئەمەش سەرسووڕهێنەر نییە
پارتی پارێزگاران پێشبینیی دەکات لە هەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆدا نزیکەی 259 کورسیی پەرلەمان لەدەستبدات. بۆیە سەرۆکوەزیران ناچاردەبێت لە کورسییە وزارییەکەی بچێتەخوارەوە. چونکە پارتی کرێکاران ئەمجارە بەشێوەیەک دەنگ دەهێنن لە مێژوودا هاوشێوەى نەبووە.
ریشی سوناک، سەرکردایەتیی پارتەکەى دەکات و بەرەو خراپترین شکستی مێژوویی دەیانبات.
رۆژنامەی ئیندیپێندەنتی بەریتانی راپرسییەکی ئەنجامداوە، تێیدا دەرکەوتووە پارێزگاران لە 82 کورسی زیاتر ناهێنن، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت پارتی کرێکاران بە بەدەستهێنانی 272 کورسیی دیکە بکەوێتە پێشەوە و بەمەش ژمارەی کورسییەکانی ببێت بە 461 کورسی. ئەودەمە کەیر ستارمەر دەبێت بە کاندیدى سەرەکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران.
رۆژنامە فارسییەکان
یاقووتی وەتەن
لە ئێران 86%ـى مامۆستایان ئامادەنین دابمەزرێندرێن و شوێنەکانیان خاڵییە
لە ئێران بەهۆی کێشەی ئابوورییەوە پیاوان کەمتر ئامادەن ببن بە مامۆستا، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی مامۆستای پیاو لە قوتابخانەکانی کوڕان بەتایبەت لە قۆناغە ناوەندییەکان.
بابەک نگاهداری، سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی پەرلەمان رایگەیاند، 86%ـی توانای دامەزراندنی مامۆستای پیاو بە بەتاڵی ماوەتەوە، بەهۆی تێچووی زۆری خانووبەرە و بارودۆخی ئابووریی کە وادەکات مامۆستاکان هیچیان بۆ نەمێنێتەوە.
هاوکات وەزیری پەروەردە رایگەیاند، کێشەی کەمیی مامۆستایان بەهۆی زیادبوونی خانەنشینان و زۆربوونی ژمارەی خوێندکارانەوە قورستر بووە.
مەردوم سالاری
لە ئێران راپرسیی ئۆنلاین تاوانە
داود موعەزەمی گودەرزی، بەرپرسی پۆلیسی ئەلیکترۆنیی تاران، سەبارەت بە گرنگیی پێشگرتن لە تاوانەکان لە کاتی هەڵبژاردندا هۆشداریدا و جەختی کردەوە پۆلیس چەند مانگێک لەمەوبەر رێوشوێنە ئەمنییەکانی دەستپێکردووە و بەردەوامن لە چاودێریکردنی فەزای ئەلیکترۆنی.
گودەرزی روونیکردەوە، زۆربەی ئەو کەسانەی تاوان ئەنجام دەدەن بێ ئاگان لە یاساکان، بڵاوکردنەوەی راپرسی و هەواڵی بێ سەرچاوە تاوانە و پۆلیسی ئەلیکترۆنی مامەڵە لەگەڵ ئەو پێشێلکارییانە دەکات.
ئەو دەڵێت، باشترە خەڵک خۆیان لە ئەندامێتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدوور بگرن.
ئارمانی ئیمروز
تەنها 10%ـى ئێرانییەکان دەچنە سینەما!
موجتەبا شەریعەت، بەڕێوەبەری کەمپی سینەمای موعین ماڵ دەڵێت، “بەداخەوە تەنیا 10%ـى خەڵکى ئێران دەچنە سینەما.
فرۆشی بلیتی ئۆنلاین لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەی کرد، سیستمی فرۆشتنی بلیتی ئۆنلاین رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە زیادکردنی فرۆشی سینەماکان.
فیلمە کۆمیدیەکان بەهۆی خراپیی بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتیەوە زۆرترین پێشوازییان هەیە، چونکە بینەر بەدوای کاتێکی خۆشدا دەگەڕێت.
ئیعتماد
دۆخی ئێران لە کاتی شەڕی ئێران و عێراق خراپترە
حسێن عەبدە تەبریزی، کارناسی ئابووری لە کۆبوونەوەی چالاکانی ئابووریدا رایگەیاند، بارودۆخی ئێران زۆر سەختە و تەنانەت سەختترە لە سەردەمی شەڕ، بازرگانان ناتوانن بە رێژەی هەڵاوسانی 45%ـى کاربکەن، زۆرینەی خەڵک هیوای گەڕانەوەیان بۆ بارودۆخی ئاسایی نییە.
ئەو دەڵێت، ئێمە تائێستا لە ژێر سزای جیهانیدا نین، ئێمە تەنها لە ژێر سزاکانی ئەمریکاداین، بەڵام هاوکارینەکردنی ئێران لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆم دەبێتە هۆی گەڕانەوەی سزا جیهانییەکان.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
مووچەى خانەنشینان وەک خۆی دەمێنێتەوە
رۆژنامەکە نووسیویەتى، مووچەی سێ ملیۆن و 600 هەزار خانەنشین وەک خۆى و بەبێ زیادکردن مایەوە. ئەمساڵ حکومەت بڕیاریداوە مووچەی خانەشینان زیادنەکرێت.
حکومەتى تورکیا رایانگەیاند، مووچەی خانەنشین زیادناکەن بە پاساوی ئەوەی کاریگەریی لەسەر بودجە دەبێت. بەمەش مووچەی خانەنشین وەک خۆی بە 10 هەزار لیرە مایەوە.
زیادنەکردنى مووچەی خانەنشینان، لەکاتێکدایە رێژەى هەڵاوسان زیاتر بووە و گرانی باڵى بەسەر تەواوى پێداویستییەکانى ژیاندا کێشاوە.
حوڕییەت
تورکیا و روسیا پەیوەندییەکانیان پێشدەخەن
لە ماوەى ساڵێکدا شەش پەیوەندی تەلەفۆنی لەنێوان ئەردۆغان و پۆتیندا ئەنجامدراوە. لە کۆبوونەوەکەى دوێنێی ئەستانە لە پایتەختی کازاخستان، هەردوو سەرۆک کۆبوونەوە، باس لەوە کراوە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان لە 55 ملیار دۆلارەوە بگەیەننە 100 ملیار دۆلار.
ئەردۆغان بە پۆتنى گوتووە، ئومێدەوارم لە ئایندەیەکی نزیکدا لە ئەنقەرە پێشوازیت لێبکەم، پۆتین گوتویەتی، تادێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا پێشدەکەوێت، بەنیازم لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانى تورکیا بکەم.
قەرار
لە تورکیا میللەت داواى هەڵبژاردنى پێشوەختە دەکات
ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکی گشتیی جەهەپە دەڵێت، بەرزبونەوەى رێژەى هەڵاوسان بەهۆى سیاسەتى هەڵەی ئاک پارتییە.
ئەو دەڵێت، ئەردۆغان هەڵبژاردنى پێشوەختە رەتدەکاتەوە، لەکاتێکدا گرانی بەرۆکی ژیانى هەمووانی گرتووە و میللەت لە مەیدانەکاندا داوای ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە دەکەن.
یەنیچاخ
نرخی بەنزین لە تورکیا گران کرا
بەگوێرەى هەڵسەنگاندنی رێژەى هەڵاوسان نرخی سوتەمەنی و خواردنەوەی کحول و جگەرە بەرزبووەتەوە.
بەرزبوونەوەکە بەشێوەیەکی گشتی بۆ سوتەمەنى بە رێژەى 19.49% بووە، بۆ هەر لیترێک بەنزین دوو لیرە و 21 قوروش نرخەکەی بەرزبووەتەوە. نرخی غاز دوو لیرە و حەوت قوروش بەرزبووەتەوە، بەهەمان شێوە نرخی خواردنەوە کحولییەکان و جگەرەش بەرزبووەتەوە.