زووم..
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لە پاراستنی ئەو ژنانەى بوونەتە قوربانیی توندوتیژی خێزانی، شکستى هێناوە.
بەگوێرەى ئاژانسی فرانس پرێس، رێکخراوەکە نیگەرانە لەوەى رزگاربووانی توندوتیژی خێزانی لە هەرێمى کوردستان، رووبەڕووی بەربەستی گەورە بوونەتەوە کاتێک باس لە دەستەبەرکردنی مافی پاراستنیان دەکرێت و دەنووسێت دادگایینەکردنی دەستدرێژکاران شەرمەزارییە بۆ دەسەڵاتدارانى هەرێمى کوردستان.
لە راپۆرتی رێکخراوەکەدا هاتووە، هەرێمی کوردستان دەیەوێت ببێتە ناوچەیەکى سەقامگیر و مۆدێرن، بەڵام شکستی هێناوە لە پاراستنی ژنان.
راپۆرتەکە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ناتوانن لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی توندوتیژیی خێزانی بکەن، بەتایبەتی لە رووداوەکانى کوشتن و دەستدرێژیی و لێدان و سووتاندنی ژنان، هاوکات داوای دابینکردنی بودجەی زیاتر بۆ خزمەتگوزارییەکانی پاراستنی ژنان دەکات.
لێبوردنى نێودەوڵەتى لە راپۆرتەکەیدا ئامارێکی بڵاوکردووەتەوە کە ئاماژە بۆ ئەوەدەکات لە ساڵی 2023دا 30 ژن و ساڵی 2022ش 44 ژن لە هەرێمى کوردستان کوژراون.