زووم..
دوای نزیکەی دووساڵ، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی خۆی بە بڕیارێکی دیکەی دادگای فیدڕاڵیی عێراقی پەسەندکرد، ئەمجارە لەبارەى هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ ئەوانەی عێراق و جێبەجێکردنی یاسای خانەنشنیی یەکگرتوو.
با تۆزێک بگەڕێینەوە دواوە، رۆژی 22ـی تشرینی دووەمی 2022، دادگای فیدڕاڵی حکومەتی هەرێمی پابەند کرد بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراقی ژمارە 9ـی ساڵی 2014 و هەڵوەشاندنەوەی یاسای ژمارە 27ـی ساڵی 2006ـی هەرێمی کوردستان، بەڵام حکومەتی گوێی بە بڕیارەکە نەدا.
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەڵێت، رازی بووە بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی و هەروەها پێشنیازەکەی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی تاوەکو هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، کار بە یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014ــی فیدڕاڵی بکرێت بە ئاراستەی یەکساني لە مووچە و ئیمتیازات و شایستەی دارایی خانەنشینانی هەرێم کە ژمارەیان 277 هەزار و 541 کەسن و خەرجی کۆی مووچەی مانگانەی ئێستایان 122 ملیار دینارە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوە کردووە کە بە شێوەیەکی گشتی جێبەجێکردنی یاسای ساڵی 2014 لە بەرژەوەندی خانەنشینانی هەرێمە کە مووچە و شایستەکانیان هاوتا دەکات لەگەڵ هاوەڵەکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ بە تایبەتیش کە ئێستا لە هەرێم کەمترین بڕی مووچەی خانەنشینی 220 هەزار دینارە، لە کاتێکدا کەمترین مووچە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق 500 هەزار دینارە، ئەمە جگە لە دەرماڵەی بژێویی کە بڕەکەی 100 هەزار دینارە و مانگانە بۆ خانەنشینانی عێراق خەرج دەکرێت.
ئەمە سەرەڕای وەرگرتنی پاداشتی کۆتایی خزمەت لە حکومەتی فیدڕاڵ لەسەر بنەمای کۆی دوا مووچە و دەڕماڵە نەک تەنیا مووچەی بنەڕەتی.
راگەیەنراوەکە ئاماژەشی بەوەش داوە، بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراقی، سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بە یەک یاسا و مەرج و پێوەر، خانەنشین دەکرێن و یەک دامەزراوەش بە ناوی دەستەی خانەنشینی نیشتیمانی تایبەتمەند دەبێت بە خانەنشینی لە سەرجەم بوارەکانی وەزیفەی گشتیی شارستانی و سەربازیی و پێشمەرگایەتیی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ.
لەدوای پەسەندکردنی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەڵێت، وەزارەتی دارایی و دیوان و سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران راسپێردران بۆ رێکاری یاسایی پێویست بگرنەبەر بۆ ئەو مەبەستە.