زووم..
دیبەیتی کۆتایی نێوان مەسعوود پزشکیان و سەعید جەلیلی، کاندیدانی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران بەڕێوەچوو
لە سەرەتای بەرنامەکەدا، مەسعوود پزشکیان سیاسەتەکانی سەعید جەلیلی بە هۆکاری مانەوەی ئێران لەژێر سزا نێودەوڵەتییەکان زانی و گوتی کە “ئێمە ناتوانین لە ناو قەفەسێکدا گەشە بکەین” بەڵام سەعید جەلیلی رەخنەی لە پزشکیان گرت و گوتی: ئێوە دەتانەوێت خۆتان رادەستی ئەمریکا بکەن بۆ هەڵگرتنی سزاکانی رۆژئاوا، دەزانن دانوستان دەکەن و هیچتان دەست ناکەوێت دیسانیش پێداگریی لەسەر دەکەن بەڵام پلانی من ئەوەیە ئەمریکا “پەشیمان بکەمەوە” لە سزادانی ئێران.
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا جەلیلی گووتی کە حکومەتی ئیبراهیم رەئیسی توانی “لافاوی وەبەرهێنانی دەرەکی و هەناردەکردن” دروست بکات بەڵام لە بەرامبەردا مەسعود پزشکیان رەخنەی لە قسەکانی جەلیلی گرت و پرسیاری کرد کە ئەگەر دۆخی ئابووری باشتر بووە، بۆچی خەڵک هەستی پێ ناکەن؟
مەسعود پزشکیان پێشکەوتنی وڵاتەکەی گرێدراوی “پەیوەندیکردن لەگەڵ جیهان و هەڵگرتنی سزاکان” زانی و ئاماژەی بە پلانی سەعید جەلیلی بۆ بەدەستهێنانی گەشەی ئابووریی %8 کرد و گوتی: جەلیلی وادەزانێت کە دەکرێت گەشەی %8 بەدەستبهێنرێت بەبێ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ جیهان بەڵام ئەوە تەنها خەیاڵە”.
سەعید جەلیلی لە بەشی کۆتایی ئەم دیبەیتە قسەی بۆ “خەڵکی ئێران” کرد و جەختی لەوە کردەوە کە: کاتی “هەڵبژاردن” هاتووە، ئێستا کاتی ئەوەیە ” لە نێوان داخستنی 8 ساڵەی کاروباری ئێران یان بەردەوامیی حکومەتەکەی ئیبراهیم رەئیسی یەکێکیان هەڵبژێرین”.
لە کۆتاییدا پزشکیان باسی لە ئاستی بەشداریی خەڵک کرد لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن و گوتی: بە هەموو شەڕەکانمانەوە تەنها %40 خەڵک دەنگیان دا و %60 خەڵک هیچکام لە ئێمە قبوڵ ناکەن بەهۆی ئەوەی “زۆرینەی هاووڵاتیان” لە ئێراندا لە ژیانێکی ئاسایی و بێخەم بێبەش کراون و “مافی یاسایی و داخوازییە کۆن و نوێکانیان” لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا پشتگوێ خراوە.