زووم
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان گەیشتە بەغداد و لەگەڵ محەمەد شیاع سودانیدا کۆبووەوە، بڕیارە کۆبوونەوەی دیکەش لەگەڵ بەرپرسانی عێراق ئەنجام بدات.
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ بارزانى گەیشتە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى بەغداد و لەلایەن فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە و محەمەد تەمیم جێگری سەرۆکوەزیران و سابت عەباسی وەزیری بەرگری و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی عێراقەوە پێشوازیی لێکرا.
دواتر بارزانى لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە، دواتر بڕیارە بەشداری لە کۆبوونەوەیەکى ئیدارەی دەوڵەتیش بکات.
هەر بەگوێرەی کارنامەی کۆبوونەوەکانی، بڕیارە ئێوارەى ئەمڕۆ مەسعود بارزانی لەگەڵ عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە کۆببێتەوە، سبەینێش لەگەڵ خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانی سیادەی سونەکان کۆدەبێتەوە.
بارزانی دوایین جار مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2018 سەردانی بەغدادی کرد، ئەمڕۆ دوای شەش ساڵ چووەوە بەغداد.