زووم..
حکومەتى هەرێمى کوردستان دەقى نووسراوێکى سەرۆکى دادگاى فیدراڵیی عێراقى لەبارەى بەبانکیکردنى مووچە بڵاوکردەوە و بەگوێرەى نووسراوەکە ئەو بانکانەى مۆڵەتى بانکى ناوەندیی عێراقیان هەیە دەتوانن بەشدارى لە بەبانکیکردنى مووچە بکەن.
لە نووسراوەکەدا دەردەکەوێت ئەمڕۆ 3ـى تەمموز مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان لەبارەى ئەو بانکانەى بەشداریی لە بانکیکردن دەکەن پرسیارى لە سەرۆکى دادگاى فیدراڵى کردووە، هەر ئەمڕۆش جاسم محەمەد عبود، سەرۆکى دادگاى فیدراڵیی عێراق بە واژۆى خۆى لەژێر ناوى روونکردنەوە وەڵامى نووسراوەکەى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستانى داوەتەوە.
لە نووسراوەکەدا سەرۆکى دادگاى فیدراڵى عێراق دەڵێت، بەگوێرەى بڕیارەکەى 21ـى شوباتى دادگاى فیدراڵى دەبێت مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان لە بانکە حکومییەکان بەبانکى بکرێت، بەڵام ئەو بانکانەش کە مۆڵەتیان لە بانکى ناوەندیی هەیە و لقیان لە هەرێمى کوردستان هەیە دەتوانن بەشدارى لە بانکیکردنى مووچە بکەن.
دەشڵێت، فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان، هاوشێوەى فەرمانبەرانى عێراق سەرپشکن لە هەڵبژاردنى ئەو بانکانەى دەیانەوێت مووچەکانیان تێدا بەبانیکى بکرێت.