ئەمڕۆ دووشەممە، 21ی تشرینى دووەمى 2022 بومەلەرزەیەک لە دورگەی جاڤای ئیندۆنیزیا روویدا، بەگوتەی بەرپرسە ناوخۆییەکانی وڵاتەکە تاوەکو ئێستا 162 کەس گیانیان لەدەستداوە، سەدان کەسیش بریندارن.
بومەلەرزەکە بە گوڕی 5.6 پلەی رێختەر بووە لە شارۆچکەی سیانجۆر لە جاڤای رۆژئاوای ئیندۆنیزیا، بە قوڵایی 10کیلۆمەتر، بەگوێرەى زانیارییەکانى سەنتەری لێکۆڵینەوەی جیۆلۆجی ئەمریکا.
بومەلەرزەکە بە گوڕی 5.6 پلەی رێختەر بووە
هاوڵاتیان لە جاکارتای پایتەخت هەستیان بە هێزی بومەلەرزەکە کردووە، کە لە دووری 100 کیلۆمەترە لە جەرگەی بومەلەرزەکە، دەسەڵاتداران بینا بەرزەکانیان بە هاوڵاتیان چۆڵکردووە.
دەسەڵاتداران هۆشداریاندا لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی بومەلەرزەکان و بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیان.
دورگەی جاڤا ناوچەیەکی چری پر دانیشتووانە، لەبەردەم مەترسی بومەلەرزەدایە بەردەوام و بیناکانیش بەشێوازێکی سەلامەت دروستنەکراون، بەگوێرەى بەدواداچوونى ئاژانسەکان.
چەندین تیمی فریاگوزاری لە ناوچەکە ئامادەبوون و سەرقاڵی دەرهێنانی ئەو کەسانەن، کە لە ژێر دار و پەردووی بیناکان ماونەتەوە.
رەزوان کامل، حاکمی دورگەی جاڤا رایگەیاند، ژمارەی قوربانیان گەیشتووەتە 162 کەس، زیاد لە 700 کەسی دیکەش برینداربوون، گوتیشی ژمارەی قوربانیان ئەگەری بەرزبوونەوەی هەیە، بەهۆی ئەوەی هێشتا چەندین کەس لەژێر دار و پەردووی بیناکان ماون.
ژمارەی قوربانیان گەیشتووەتە 162 کەس، زیاد لە 700 کەسی دیکەش برینداربوون
دەزگای هەواڵی فرانس پرێس رایگەیاند، زۆربەی بریندارەکان دووچاری شکانی ئێسک بوون بە هۆی داڕووخانی بیناکان.
هەروەها لە گوندەکانیش چەندین هاوڵاتی ماون، کە ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن گەیشتوونەتە لایان بۆ گواستنەوەیان.
“دەزگای نیشتیمانی بەرەنگاربوونەوەی کارەساتەکان” لە ئیندۆنیزیا رایگەیاند، چەندین بینا لە کاتی بومەلەرزەکە رووخاون لەنێویاندا چەند خوێندنگا و نەخۆشخانەیەک هەیە.
خوێندنگا و نەخۆشخانە و مزگەوت لە بینا رووخاوەکانن
دەزگای هەواڵی فرانس پرێس دەڵێت لە کاتی بومەلەرزەکە، کە خولەکێکی خایاندووە، لە جاکارتای پایتەخت فەرمانبەران و کارمەندان و هاوڵاتیان لە ئۆفیس و ماڵ و شوێنی کارەکانیان چوونەتە دەرەوە.
چەند کارمەندێک بە دەزگاکەیان راگەیاندووە، کە “راهاتووین بە بومەلەرزە دووبارەکان، بەڵام ئەمجارە جیاواز بوو، بۆیە زیاتر دوو دڵ بووین”.
بومەلەرزەکان لە ئیندۆنیزیا چەند بارەن، سنورەکەی دەکەوێتە ناوچەیەک پێی دەگوترێت “بازنەی ئاگرین” بەهۆی چالاکیە تەکتۆنیکیەکانی زەریای هێمن.
بە درێژایی مێژوو وڵاتەکە چەندین بومەلەرزەی وێرانکەر تێیدا روویداوە، دیارترینیان بومەلەرزەی “سسولاوێزی” لە ساڵی 2018 کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاد لە دوو هەزار کەس.
BREAKING 🇮🇩 : Death toll rises to 46
At least 46 people have been killed in an earthquake on Indonesia’s main island of #Java, with another 700 injured, a government official says – AP
⚠️Warning Graphic Footage⚠️#Indonesia #Earthquake pic.twitter.com/NmrQUvqtOj— Zaid Ahmd (@realzaidzayn) November 21, 2022