زووم:
ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا گۆڕانکاری لە پۆستی یەکە ئیدارییەکانی کرد، یەکێتی سێ پۆستی وەرگرت، پارتیش ناڕازییە و لە کۆبوونەوەکە کشایەوە.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ گۆڕانکاریی لە پۆستە ئیدارییەکان کۆبووەوە، خەیری ئەحمەدی لە پێکهاتەی ئێزدی بە قایمقامی شنگال دیاریکرد.
پارتی لەوە ناڕازی بوو، بەگوێرەی زانیارییەکانی زووم، ئامادەیی دەربڕیبوو بەرامبەر وەرگرتنی پۆستی قائیمقامی شنگال، دەستبەرداری چەند پۆستێکی دیکە بێت، بەڵام لایەنی دیکە رازی نەبوون، بەو هۆیەوە پارتی کشاوەتەوە.
فراکسیۆنی پارتی لە راگەیەندراوێکیدا، ئەوەی بە کودەتا بۆسەر رێڕەوی یاسایی دابەشکردنی پۆستەکان و رێککەوتنی پێشووی لایەنەکان ناوبرد.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا پۆستی قایمقامی قەزای مەخمور و بەڕێوەبەری ناحیەکانی سنونێ و وانکێ بە یەکێتی دران.
بە گوێرەی زانیاریەکانی زووم، یەکێتی بە ڕێکەوتنی لەگەڵ چەند لایەنێکی مەسیحی و شیعی ئەو پۆستانەی وەرگرتووە.
دوای دابەشکردنی پۆستەکانیش، رەیان کلدانی لە پەیامێکی کورتدا گوتی، حکومەتی خۆجێیی نەینەوا بە هاوسەنگیی و بەگوێرەی شایستەی هەڵبژاردن لە نێوان لایەنەکان پێکهێنراوە.