زووم..
رۆژنامە عەرەبیەکان
شەرقلئەوسەت
دواى شەش ساڵ سبەینێ بۆ یەکەمجار مەسعود بارزانى دەچێتە بەغداد
سەرچاوەیەکى تایبەت رایگەیاندووە، رۆژی چوارشەممە مەسعود بارزانى، سەرۆکی پارتى دیموکراتى کوردستان دەچێتە بەغداد و زنجیرەیەک کۆبوونەوە ئەنجام دەدات و چاوەڕێش دەکرێت لەگەڵ سەرکردە سیاسی و حکومییەکان کۆببێتەوە سەبارەت بە کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغداد قسە لەسەر کۆمەڵێک تەوەر بکەن لەوانەش شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان، پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەرانى کوردستان، دانانى پارێزگارێک بۆ کەرکوک، کێشەکانى شەنگال و کۆتا سنووربەزاندنەکانى سوپاى تورکیا بۆ پارێزگاى دهۆک و هۆکارەکانى، بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە، رۆشتنى شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ بەغداد کە وەزیری ناوخۆ و دارایی و بەڕێوەبەری گشتى گومرگ و دەروازە سنورییەکانى لەخۆگرتووە، ئامادەکاریی بووە بۆ سەردانە چاوەڕوانکراوەکەى سەرۆکی پارتى دیموکراتى کوردستان.
دەستور
بانکی ناوەندیی عێراق دۆلار بە نرخی فەرمی نادات بە عومرەکاران
بانکی ناوەندیی عێراق هەندێک رێنمایی نوێی بۆ پێدانى دۆلار بە نرخی فەرمی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوەکراوە رێنماییەکان ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە بە مەبەستی ئەنجامدانى عومرە دەچنە سعودیە و ئەوەش نیگەرانى بەشێک لە کۆمپانیاکانى حەج و عومرە و بەشێک لە هاووڵاتیانى لێکەوتووەتەوە، بەگوێرەى رۆژنامەکە ژمارەیەک لەو هاووڵاتیانە داوایەکیان ئاڕاستەى لیژنەى دارایی و حەج و عومرەى پەرلەمان کردووە کە داوا لە بانکی ناوەندی بکەن بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە و لە رێگەى بانکە فەرمییەکانى خۆیەوە بە نرخی فەرمی دۆلار بدەنە عومرەکاران لەبەرئەوەی جیاوازییەکى زۆر لەنێوان نرخی بازاڕ و فەرمیدا هەیە و ناچار نەبن روو لە بازاڕی رەش بکەن و لەگەڵ گەشتیاران جیاوازییەکى ئەوتۆیان نییە.
سەباح
کۆمپانیا نەوتییەکان لە عێراق پێوەرە ژینگەییەکان پەیڕەو ناکەن
عاسم جیهاد، گوتەبێژى وەزارەتى نەوتى عێراق رایگەیاند، وەزارەتەکەیان مەرجی پاراستنى ژینگەى لەسەر هەموو کۆمپانیایەکى بوارى نەوت داناوە، گرێبەستەکان هەموو مەرجەکانى ژینگەپارێزی تێدا رەچاوکراوە، لە بەرامبەردا سائر یوسف، پسپۆڕی ژینگەیی رایگەیاندووە شێواندنى زەوى و پیسکردنى هەوا و ئاسمان هۆکارەکانى پیسبوونى ژینگەن کە لە رێگەى چاڵە نەوتەکانەوە دروستدەبن، زۆرینەى ئەو زەوییە کشتوکاڵییانەى کارى پشکنینى نەوتیان تێدا ئەنجام دراوە بەجێهێڵراون و بەکارناهێنرێنەوە، هەرچەندە یاسای تایبەت بە خۆی هەیە، حکومەت یاساى خۆی هەیە بۆ چارەسەرى ئەو کێشەیە و ئەگەر بگیرێتەبەر و بە یاسا مامەڵە لەگەڵ خاوەنى پڕۆژەکان بکرێت و مەرجەکانى پاراستنى ژینگە رەچاو بکرێت، کارەساتەکە بەو رادەیە گەورە نابێت.
مەدا
نەتەوەیەکگرتووەکان 26 ملیۆن مەتر خاکى عێراقى لە مین خاوێنکردووەتەوە
بەگوێرەى راپۆرتێکى نووسینگەى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروبارى نەتەوەیی لە عێراق رایگەیاندوە، هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ باشترکردنى ژیانى ئاوارەکان و ئەو شوێنانەى کە مینڕێژکراون، بەگوێرەى راپۆرتەکە لە ساڵی 2023دا، 20%ـى ئەو شوێنانە لە مین خاوێنکراونەتەوە کە بەهۆکارى جەنگ و ناکۆکییەکانى ئەم وڵاتەوە لەسەر رووبەرێکى زۆر چێنراون و بەجێهێڵراون، راپۆرتەکەى نەتەوەیەکگرتوەکان باس لەوە دەکات، 26 ملیۆن مەتر چوارگۆشەیان لە مین خاوێنکردووەتەوە و ئێستا هیچ مەترسییەک لەسەر ئەو ناوچانە نییە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
واشنتن پۆست
تیمەکەی بایدن کەوتوونەتە هەڵپەی ئاشتکردنەوەی ئەو بەخشەرانەی لە پاش دیبەیتەکەی لەگەڵ ترەپ بۆچوونی خۆیان گۆڕیوە
راوێژکارە باڵاکانی بایدن هەوڵەکانی خۆیان چڕکردووەتەوە بۆ هێورکردنەوەی فشاری ئەو هەڵگەڕانەوە چاوەڕوان نەکراوانەی لە هەڵوێستی هەندێک لەو بەخشەرانەدا روویداوە کە هەتا کاتی پێش ئەنجامدانی دیبەیتەکەی لەگەڵ ترەمپ پشتگیرییان لە بایدن دەکرد. ئەم راوێژکارانە دەیانەوێت بایدن ئەو زەمینە بەهێزە لەدەستنەدات کە لە پێش ئەنجامدانی دیبەیتەکەوە هەیبوو، چونکە پارتی دیموکراتەکان کاری بە بەخشینەکانی ئەو بەخشەرانە ماوە لەڕووی داراییەوە پاڵپشتیی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن بکەن.
مۆرنینگ ستار
هەڕەشەی مانگرتنی سەندیکاکانی کرێکارانی پیشەسازیی ئاسن جارێکی دیکە قسەوباسی لەبارەی کۆمپانیای زەبەلاحی تاتاوە ورووژاند
سەندیکاکانی کرێکاران لە بەریتانیا پێشوازییان لەو دەستپێشخەرییەی کۆمپانیای زەبەلاحی بەرهەمهێنانی ئاسن کرد کە بڕیاریدا دانیشتن لەگەڵ سەندیکاکاندا بکات، پاش ئەوەی ئەو سەندیکایانە بڕیاریان دا هەفتەی داهاتوو مانگرتنی گشتی رابگەیەنن. ئەم کۆمپانیا گەورەیە کە وڵاتی هیندستان خاوەندارێتی دەکات و بنکەکەی لە باشووری وێلزە بڕیاری داوە لەگەڵ نوێنەرانی سەندیکاکاندا دابنیشێت و دانوستاندنیان لەگەڵدا بکات لەبارەی ئایندەی وەربەرهێنانەوە. ئالان دەیڤیس، بەڕێوەبەری نیشتمانیی کۆمپانیاکە دەڵێت، بۆ رازیکردنی کرێکاران هەزاران هەلی کاری نوێ دەڕەخسێنن و ئاسوودەن بەوەی سەندیکاکان نیازیان هەیە واز لە مانگرتنەکەیان بهێنن
ئیندیپێندەنت
ریشی سوناکی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا نائومێدانە هاواردەکات و دەڵێت، دەنگم پێبدەن بۆئەوەی رێگەنەدەن زۆرینەی رەها لە دژمان درووست ببێت
لەناو دوایین هەوڵەکانی بۆ هاندانی دەنگدەرانی سەر بە پارتی پارێزکاران بۆئەوەی دەنگ بە حزبەکەی بدەن، ریشی سوناکی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، پارتی کار دەیەوێت لێکترازان لەناو سەنگەری پارتی پارێزکاران درووستبکات، بەڵام ئەوە سەرناگرێت. لە بەرامبەر سوناکدا، ستارمەریش داوای لە دەنگدەرانی کرد کار بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری بکەن، چاودێرانیش دەڵێن ئەو گۆڕانکارییانەی ستارمەر باسیان دەکات لەوە نزیکترن کە چاوەڕێ دەکرێن.
فاینەنشیەڵ تایمز
لە فەڕەنسا میانڕەو و چەپەکان کەوتوونەتە جموجوڵ و دەیانەوێت کارێک بکەن نەهێڵن راستڕەوە پەڕگیرەکانی لۆپن بگەن بە دەسەڵات
میانگیرە فەڕەنسییەکان و باڵی چەپەکانیش پێکەوە کەوتوونەتە پێشبڕکێکردن و دەیانەوێت کارێک بکەن گەیشتنی پارتی کۆبوونەوەی نیشتمانی دووربخەنەوە لە گەیشتن بە دەسەڵات. سەرکەوتنی ئەم پارتە لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا هەموویانی ترساندووە. ئەو دوو ئاڕاستەیە ئەمڕۆشیان لەبەردەستدا هەیە، بۆ ئەوەی بتوانن کارێک بکەن نەهێڵن پارتەکەی مارین لۆپان دەسەڵاتی فەڕەنسا بگرن بە دەستەوە.
رۆژنامە تورکییەکان
تورکیا
هەوڵێک هەیە بۆ رێگرییکردن لە نزیکبوونەوەى تورکیا و سوریا
عەلی یەرلیکایا، وەزیرى ناوخۆى تورکیا رایگەیاند، لە هێرشبەرانی قەیسەرى بۆ سەر سورییەکان 67 کەس دەستگیرکراون و بە تۆمەتی گێرەشێوێنی رادەستی دادگا دەکرێن. لەپاش رووداوەکە لە ناوچەکانی باکوورى سوریا لەلایەن هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە هێرشکرایە سەر دەیان بارهەڵگری تورکی و ئاڵاى تورکیا سوتێنرا. چاودێرانی سیاسی دەڵێن، ئیسرائیل و وڵاتانى رۆژئاوا لەدژى نزیکبوونەوەى تورکیا و سوریان و لەگەڵ ئەوەشدان پەکەکە لە ناوچەکانی ژێردەستی خۆى لە سوریا باڵادەست بێت.
حوڕییەت
دوو وەزیری ئاک پارتى دەستیان لەکارکێشایەوە
دەنگۆى گۆڕینی چەند وەزیرێکی کابینەى ئاک پارتی لەئارادایە. هەریەک لە وەزیری تەندروستی و وەزیرى ژینگە و شارستانی دەستیان لەکارکێشایەوە. لە رۆژنامەکان بە فەرمی ناوى دوو کەسی دیکە دیاریکراوە کە لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە پێشنیازکراوە. یەک لەو ناوانەش موراد قورومە کە لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى ئەمساڵدا کاندیدی ئاک پارتى بوو بۆ گەورەشارەوانی ئیستەنبوڵ. چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ ئەو دوو وەزیرە نوێیە بەشدارى لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆی کابینەى حکومەت بکەن.
سۆزجو
کۆشکی کۆماریی تورکیا دەست بە کارەباوە ناگرێت
کۆشکی سەرۆککۆمار لەماوەى یەک مانگدا بە هێندەى 14 هەزار خانوو کارەبا سەرفدەکات.
ماهیر پۆڵات، پەرلەمانتارى جەهەپە رایگەیاند: حکومەت نرخی کارەبای بە بەهای 38% لەسەر هاووڵاتیان زیادکردووە. ئەم زیادکردنە کۆشکی کۆماریی ناگرێتەوە. لەبەرئەوە کۆشکی کۆماریی وەک چراخان دەگەشێتەوە. بەجۆرێک لەماوەى یەک مانگدا هێندەى 14هەزار خانوو کارەبا سەرف دەکات.
ئەکشام
خانەنشینانی تورکیا چاوەڕێی زیادکردنى مووچەکەیانن
وابریارە سبەینێ رێژەى هەڵاوسان بۆماوەى شەش مانگی داهاتوو دیاری بکرێت، بەمەش موچەى خانەنشینان گۆڕانکاری بەسەردا دێت. چاوەڕێ دەکرێت مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بە رێژەى 20.07% زیادبکرێت. بەمەش کەمترین مووچەی فەرمانبەر دەگاتە 39 هەزار و 456 لیرە.
رۆژنامە فارسییەکان
هەمدلی
ئێران رۆژانە 26 ملیۆن دۆلار داشکاندن بۆ چین دەکات
مەجید ئەنساری، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای دیارکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران رایگەیاند، رۆژانە داشکاندنی 26 ملیۆن دۆلار بۆ کڕیارانی چینی نەوتی ئێران دەکرێت، کە ساڵانە دەکاتە نزیکەی 10 ملیار دۆلار.
ئەو دەڵێت، رۆژانە ملیۆنێک و 300 هەزار بەرمیل نەوت بە داشکاندنی 20 دۆلار دەفرۆشرێت بە چینییەکان، بەڵام ناوی کڕیارانی نەوت بە نهێنی دەهێڵرێتەوە و ئەم بابەتە دەبێتە هۆی نیگەرانی لە شەفافیەت و بەڕێوەبردنی سامانە نیشتمانییەکان.
ئارمانی ئیمروز
سنووری باشماخ پلەی دووەمی هاوردەکردنی زێڕی هەیە
فەرامەرز ئومێدی، سەرپەرشتیاری گومرگی پارێزگای سنە رایگەیاند، بەگوێرەی ئەو ئامارەی گومرگی ئێران بڵاویکردووەتەوە، سنووری باشماخی مەریوان لە ماوەی چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لە رووی هاوردەکردنی زێڕ لە ئێراندا پلەی دووهەمی بەدەستهێناوە و 300 کیلۆگرام زێڕی هاوردەی وڵات کردووە، کە بەهای 476 ملیۆن دۆلار بووە.
گومرگی باشماخ دوای گومرگی فڕۆکەخانەی خومەینی لە پلەی دووەمدایە لەنێو فەرمانگەکانی گومرگی سەرتاسەری ئێراندا.
ئەبرار
لە ئێران کێشەى کەمیی ئۆتۆمبێلى ئاگرگوژێنەوە هەیە و دوو هەزار ئۆتۆمبێلی دیکەیان پێویستە
قودرەتوڵڵا محەمەدی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی ئاگرکوژێنەوەی تاران رایگەیاند، فەرمانگەکانى ئاگرکوژێنەوەی وڵاتەکە رووبەڕووی کەمیی زیاتر لە دوو هەزار ئۆتۆمبێل بوونەتەوە و زۆربەی ئۆتۆمبێلەکان تەمەنیان گەیشتووەتە 30 ساڵ و لەکارکەوتوون.
ئەو دەڵێت، ئەم کێشەیە پێویستی بە بودجە هەیە، چونکە بودجەی شارەوانییەکان بەشی پێویست نییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کەرەستەی ئاگرکوژێنەوە گرانە و ئاگرکوژێنەوەی هەندێک شار کەرەستەی پێویستیان نییە و بنەماڵەی شەهیدانی ئاگرکوژێنەوە یارمەتی و خزمەتگوزاریی پێویست وەرناگرن.
ئەسکەناس
کارەبای 160 فەرمانگەی تاران بەهۆى زۆرى بەکارهێنان پچڕاوە
کامبیز نازریان، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای تاران رایگەیاند، بەهۆی هاوکارینەکردن لە کەمکردنەوەی بەکارهێنان، کارەبای 160 فەرمانگەی تاران پچڕاوە.
ئەو دەڵێت، 15%ـى بەکارھێنانی کارەبای تاران بۆ دامودەزگا حکومییەکانە و ھاوکاریی بەکارھێنەرانی ئیداری دەتوانێت کاریگەرییەکی گەورەی ھەبێت لە کەمکردنەوەی بەکارھێنانی کارەبا لە کاتی لوتکەی بەکارهێناندا.