زووم..
لەسەر بنەمای قەرز کۆن دەبێت بەڵام نافەوتێت، سەرنشینانی ئەو فڕۆکە بەریتانییەی 34 ساڵ لەمەوپێش لە عێراق بە بارمتەگیران، داوای قەرەبووی ترس و ئازارەکانیان دەکەن.
رۆژی 2ـی ئابی ساڵی 1990، فڕۆکەی بۆینگ 747ـی هێڵی فڕۆکەوانیی بەریتانی لە لەندەنەوە بەڕێکەوت بۆ کۆلالامپوری مالیزیا، کاتێک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کوەیت نیشتەوە وەک وێستگەیەکی ترانسێت، لەو کاتەدا سوپای عێراق کوەیتی داگیرکرد و ئیتر فڕۆکەکە نەیتوانی بفڕێت.
سوپای عێراق دەستی بەسەر فڕۆکەکەدا گرت، ئەو 367 کەسەی کە سەرنشین و تیمی فڕۆکەوانی بوون، بە بارمتە گیران و سەرجەمیان رەوانەی بەغداد کران و پاشان هەموویان وەک قەڵغانی مرۆیی لەلایەن عێراقەوە بەکارهێنران بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشی ئەمریکا و بەریتانیا و وڵاتانی رۆژئاوا لە شەری کەنداوی یەکەمدا دژی عێراق.
ئێستا نزیکەی 100 سەرنشین و کارمەندانى فڕۆکەکە بە پشتیوانى کۆمپانیایەکى یاسایی سکاڵایان لەسەر حکومەتى بەریتانیا و کۆمپانیایەکى هێڵی فڕۆکەوانى بەریتانیا تۆمارکردووە داوای قەرەبوو دەکەنەوە.
کۆمپانیای “ماسیۆ جوری” و هاوبەشەکانی دەڵێن، 94 کەسیان سکاڵای مەدەنییان لەبەردەم دادگای باڵای لەندەن تۆمارکردووە و حکومەتی بەریتانیا و هێڵی ئاسمانی بەریتانی تۆمەتبارکردووە بەوەی خەڵکی مەدەنیان خستووەتە مەترسییەوە.
کۆمپانیا یاساییەکە دەڵێت، سەرجەمى ئەو سکاڵاکارانە لە تاقیکردنەوە و پشکنینەکاندا دوچاری زیانێکی جەستەیی و دەروونی توند بوون و تاکو ئێستاش شوێنەوارى رووداوەکەیان لەسەر ماوەتەوە.
سکاڵاکاران باس لەوە دەکەن کە حکومەتی بەریتانیا و هێڵە ئاسمانییەکە، ئاگاداربوون لەوەی کە داگیرکردنى کوەیت دەستیپێکردووە، بەڵام رێگەیان بە فڕۆکەکە داوە بە هەر شێوەیەک بێت بنیشێتەوە، چونکە فڕۆکەکە بەکارهێنراوە بۆ گواستنەوەى تیمێک بۆ ناو کوەیت، بە مەبەستى ئەنجامدانى ئۆپراسیۆنێکی سەربازی تایبەت.
حکومەتی بەریتانیا لە تشرینی دووەمی 2021 تۆمەتەکەی رەتکردەوە و داوای لێبوردنی کرد کە ئەوکات ئاگاداری پەلاماردانەکەى کوەیت نەبووە لەلایەن عێراقەوە.
بەڵام کۆمپانیا یاساییەکە حکومەتی بەریتانیا و هێڵە ئاسمانییەکەى تۆمەتبارکرد بەوەی نزیکەی 34 ساڵە راستییەکان دەشارنەوە و مافی سکاڵاکاران دەخۆن.