زووم…
هەفتەی رابردوو کۆبوونەوەیەکی باڵای هەواڵگریی تورکیا و ئێران لە سلێمانى بەڕێوەچووە بە ئامانجی وشککردنی هاوکارییە لۆجستییەکانی بۆ پەکەکە، بە تایبەت لەلایەن ئێرانییەکانەوە، ئەوەش بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەى یەنی شەفەقی تورکی.
رۆژنامەکە لە لاپەڕەی یەکەمی ئەمڕۆیدا بە گەورەیی باسی لە کۆبوونەوەیەکی نێوان بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە و دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) لەگەڵ شاندی ئێرانی کردووە، کۆبوونەوەکە لە سلێمانى و بە ئاگاداریی بەرپرسانی باڵاى یەکێتی بەرێوەچووە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، کۆبوونەوەکە هەفتەی رابردوو ئەنجام دراوە و تێیدا بەرپرسانی تورکیا هۆشدارییان بە ئێرانییەکان داوە و داوایکردووە وازبهێنن لە پێدان و گواستنەوەى چەک بۆ پەکەکە، هەروەها داوای هەماهەنگییان لە ئێرانییەکان کردووە دژی پەکەکە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا ئێرانییەکان رەتیانکردووەتەوە هاوکاریی لۆجیستی پەکەکەیان کردبێت، بەڵام شاندی تورکیا گرتەى ڤیدیۆیی گواستنەوەى دۆرنیان بۆ پەکەکە نیشانداون.
بەگوێرەى مانشێتی رۆژنامەکە کە نووسیویەتی “دوو هەنگاو لە دژى پەکەکە”، نزیکبوونەوەیەک لەنێوان تورکیا لەگەڵ ئێران و سوریا دروستبووە بۆ رووبەڕووبونەوەى پەکەکە.
بەڵام رۆژنامەکە ئەوەی نەخستووەتەڕوو ئاخۆ بۆچی کۆبوونەوەکە لە سلێمانی بەڕێوەچووە، یاخود ئایا تورکیا بەنیازە چاوبخشێنێتەوە بەو سزایەی خستوویەتییە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی یان نا.
هاوکات لە ژمارەى رۆژی 22ـى حوزەیرانى رابردوو هەمان رۆژنامەدا، ئاماژە بە هۆشدارییەکی تورکیا کرابوو کە هەڕەشەی هێرشی ئاسمانی بۆسەر فڕۆکەخانەى سلێمانى دەکات ئەگەر یەکێتی واز لە هاوکارییەکانی بۆ پەکەکە نەهێنێت.
رۆژنامەکە نوسیبووى، ئەمریکا و ئێران لەڕێگەى فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە یارمەتی لۆجیستی و سەربازی دەگەیەننە پەکەکە.
لەدرێژەى هەواڵەکە هۆشداریی دابوو بەوەی لە ئەگەرى دووبارەبونەوەى ئەو هاوکارییانە تورکیا لەڕێگەى ئاسمانییەوە هێرش دەکاتە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی.
ناوی سلێمانى و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکەکە لە رۆژەڤی راگەیاندنەکانى تورکیا نابڕێتەوە، تەنانەت سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەى ئەو وڵاتە ناوبەناو ناوی سلێمانى دەهێنن بەوەی لەڕێگەى فڕۆکەخانەکەیەوە هاوکاری پەکەکە دەکرێت.