زووم..
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
لە عێراق هیچ رۆژنامەنووسێک لەسەر کارى رۆژنامەنووسی لە زینداندا نییە
سەرەڕای نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان لە عێراق، سودانى لە ساڵرۆژی رۆژنامەنووسی عێراقدا، شانازیی بە ئازدی رادەربڕینەوە دەکات و دەڵێت، حکومەت هەموو ئازادییەکى داوە بە میدیاکان و لە عێراق هیچ رۆژنامەنوسێک لەسەر بابەتى رۆژنامەوانى لە زیندانەکاندا نییە.
لەبەرامبەردا نەیارەکانى سودانى، حکومەتەکەى تۆمەتبار دەکەن بە بەرتەسککردنەوەى ئازادییەکان و دەڵێن، سودانى خۆی سکاڵاى لە دژى محەمەد نەعناع، شرۆڤەکاری سیاسی تۆمارکردووە، لەبەر ئەوەى لە یەکێک لە کەناڵە ئاسمانییەکانەوە گوتویەتى، تواناى بەڕێوەبردنى وڵاتى نییە، دواتر بە دەستەبەرى دارایی ئازادکراوە.
دەستور
بۆ هەرزانى نرخى بەنزین عێراق لە ریزبەندیی نۆزدەیەمین وڵاتانى جیهاندایە
بەگوێرەى راپۆرتێکى ماڵپەڕى(GPP) نێودەوڵەتى تایبەت بە چاودێریکردنى نرخى وزەى نەوت و کارەبا، عێراق لە ریزبەندیى نۆزدەیەمین وڵاتانى جیهاندایە بۆ هەرزانى نرخى بەنزین، کە بەگوێرەى راپۆرتى ماڵپەڕەکە نرخی یەک لیتر بەنزین لە عێراق شەش سەنتە.
ماڵپەڕەکە لەسەر ئاستى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، ئێرانی بە هەرزانترین وڵات لە نرخى بەنزین دیاری کردووە، کە لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا یەک لیتر بە دوو سەنتە، پاشان لیبیا و چەند وڵاتێکى دیکە دێت.
گرانترین وڵاتیش هۆنگ کۆنگە، کە نرخی یەک لیتر بەنزین دوو دۆلار و 28 سەنتە.
سەباح
نیوەى ئاوى خواردنەوەى بەغداد بەفیڕۆ دەدرێت
ئەسیل عەزیز، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى ئاوى بەغداد رایگەیاند، ئاوى بەغداد لە 13 پرۆژەى گەورە و 124 پاڵاوگەوە بۆ هەر دوو بەرى کەرخ و رەسافە دابیندەکرێت، رۆژانە 250 هەزار مەتر سێجا ئاو بە هاووڵاتیان دەدرێت، کە رۆژانە دەکاتە 400 لیتر بۆ هەر هاووڵاتییەک، بەڵام لە هەندێک کاتدا نیوەى ئەو رێژەیە بەفیڕۆ دەدرێت، کە زیاترە لە دوو ملیۆن لیتر ئاوى خواردنەوە. کەمیی ئاو لە پایتەخت بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، وەک کەمی کارەبا، شکاندنى بۆرییەکانی ئاو، راکێشانى بە نایاسایی، راکێشانى ئاو بۆ کێڵگەى بەخێوکردنى ماسی بە نایاسایی و چەند رێگایەکى دیکە.
ئەسیل عەزیز ئاماژەى بەوەشکردووە، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هەماهەنگییان کردووە بۆ چارەسەرى ئەو کێشانە، بەڵام نەتواندراوە بنبڕبکرێت.
جەریدە
ئەردۆغان و ئەسەد لە بەغداد کۆدەبنەوە
رۆژنامەى وەتەنى سوریا بڵاویکردەوە، بەمزووانە بەشار ئەسەد و رەجەب تەیب ئەردۆغان لە بەغداد بەمەبەستى ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانیان کۆدەبنەوە.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە تەوەرى سەرەکیى دانیشتنى لوتکەى نێوان تورکیا و سوریا، جگە لە ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى نێوانیان، چارەسەرکردنى سنوورەکانی نێوان هەردوو وڵاتە.
بەگوێرەى رۆژنامەکە تورکیا داواى لە مۆسکۆ و بەغداد کردووە لە سەر مێزى دانیشتنەکەى نێوان وڵاتەکەى و سوریا دابنیشن.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى نێوان ئەو دوو وڵاتە بە هەوڵی روسیا و چین و ئێران بووە.
رۆژنامە تورکییەکان
تورکیا
لە ئیزمیر کارەساتێک لە شێوەى بومەلەرزە روویدا
بەهۆی تەقینەوە بوتڵی غاز لە چێشتخانەیەک لە شارۆچکەى تۆربەڵی لە پارێزگای ئیزمیر، پێنج کەس گیانیان لەدەستداو 63 کەسی دیکە برینداربوون.
بەهۆى تەقینەوەکەوە 11 باڵەخانەى نزیک چێشتخانەکە و ژمارەیەک ئۆتومبێل زیانیان بەرکەوتووە.
وەزیرى ناوخۆى تورکیا بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دوو داواکاریی گشتی راسپاردووە. خاوەنی چێشتخانەکە و کۆمپانیاى غازەکە دەستگیرکراون.
یەنی شەفەک
تورکیا و ئێران لە دژى پەکەکە لە سلێمانى کۆبوونەوە
بۆ رێگری لە هاوکارییەکانى پەکەکە لە سلێمانى، هەفتەى رابردوو شاندى تورکیا لەگەڵ شاندى ئێران لە سلێمانى کۆبوونەتەوە.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، لەو کۆبوونەوەیەدا بەرپرسانی تورکیا هۆشدارییان بە ئێرانییەکان داوە و رایانگەیاندووە، واز لە پێدان و گواستنەوەى چەک بە پەکەکە بهێنن.
شاندى تورکیا داواى هەماهەنگی لە ئێرانییەکان لە دژى پەکەکە کردووە، بەڵام ئێرانییەکان رەتیانکردووەتەوە هاوکاری لۆجیستی پەکەکەیان کردبێت، لە بەرامبەردا شاندی تورکیا گرتەى گواستنەوەى دۆرنیان نیشانداون.
لەو کۆبوونەوەیەدا بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و میت بەشداربوون.

سۆزجو
جەهەپە کۆبوونەوەى جەماوەریی بە دروشمی ناتوانین بژین ئەنجامدا
ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکی گشتیی جەهەپە یەکەم کۆبوونەوەى جەماوەری لە گەبزە ئەنجامدا، کۆبوونەوەکە بە بەشداریی هەزاران کەس لە خانەنشینان، جووتیاران و کرێکاران بەڕێوەچوو.
ئۆزال چوار داواکاری ئاڕاستەى دەسەڵات کرد ئەویش، مووچەی خانەنیشینان، کرێکاران زیاد بکرێت، ئاسانکاریی و هاوکاریی بۆ جووتیاران و کاسبکاران بکرێت، باج و رێژەى هەڵاوسان کەم بکرێتەوە.
میللییەت
لە مانگی تەمموزدا ئەردۆغان کۆبوونەوەى گرنگ ئەنجام دەدات
رۆژنامەکە نووسیویەتى، لە مانگەکانى پشووی هاویندا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا بەبێ وچان لە کارەکانى بەردەوام دەبێت؛ ئەدۆغان لە کۆبوونەوەى پارتەکەیدا رایگەیاندووە، لە نیوەى ئەم مانگەدا لەگەڵ سەرۆکى روسیا بەشداریی کۆبوونەوەکانى ئەستانە دەکەن، دواتریش لە واشنتن لە چوارچێوەى کۆبوونەوەى لوتکەى ناتۆ لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبێتەوە.
رۆژنامە فارسییەکان
ئەسکەناس
لە ئێران مووچەی مامۆستایان 26% زیاد دەکرێت
وەزیری پەروەردەی ئێران لە کۆبوونەوەی گشتی دوێنێی پەرلەمان جەختی کردەوە، رێوشوێنی پێویست بۆ ساڵی خوێندنی نوێ گیراوەتەبەر، کە بریتین لە بەرزکردنەوەی مووچەی مامۆستایان، دامەزراندنی مامۆستای نوێ و چاککردنەوەی یەکەکانی خوێندن.
رەزاموراد سەحرایی، ئاماژەی بەوەشکرد، تێکڕای مووچەی مامۆستایان 26% زیاد دەکرێت و بیمەی مامۆستایانیش باشتر دەکرێت.
ئەو دەڵێت، لە 10 ساڵی رابردوودا ژمارەی خوێندکاران زیاتر لە سێ ملیۆن کەس زیادی کردووە و بودجەی پەروەردەش 3% زیادی کردووە.
جەوان
ئەفغانییەکان 50%ـی هەموو تاوانە بە ئەنقەستەکانی ئێران ئەنجام دەدەن
محەممەد شەهریاری، داواکاری گشتیی کاروباری تاوانکاری تاران رایگەیاند، لە ئێران ئێمە لەبەردەم کێشەی کۆچبەری ئەفغانیداین، کە کێشەی سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
لانیکەم نیوەی تاوانە بە ئەنقەستەکان لەلایەن ئەو کۆچبەرانەوە ئەنجام دەدرێن و زۆربەی قوربانییەکان خۆیان خەڵکی ئەفغانستانن و پاڵنەری کوشتنەکان بەشێوەیەکی سەرەکی پرسەکانی شەرەف و تۆڵەسەندنەوەن.
ئێرانییەکانیش دەبنە قوربانی تاوانەکانی هاووڵاتیانی ئەفغانستان، بەڵام سەرەڕای ئەم پرسانە، هیچ سیاسەتێکی دیاریکراو بۆ قبوڵکردن یان رەتکردنەوەی ئەو کۆچبەرانە لە ئێراندا نییە.
خوب
پزشکیان بەڵێن دەدات بەرامبەر پولیسی حیجاب و فیلتەری ئینتەرنێت بوەستێتەوە
مەسعود پزشکیان، کاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارى ئێران، بەڵێن دەدات، حکومەتەکەی بەرەنگاری دەوریەی حیجابی زۆرەملێ و فیلتەرکردنی ئینتەرنێت و فشارە دەرەکییەکان دەبێتەوە.
مەسعود پزشکیان لە وەڵامی داوای بەکارهێنەرێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بۆ کۆکردنەوەی پۆلیسی حیجاب و هەڵوەشاندنەوەی فیلتەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان جەختی لەوە کردەوە، کە حکومەتەکەی لە دژی ئەو رێکارانە دەوەستێتەوە.
ئەبراری ئیقتسادی
ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئێران لەگەڵ 15 وڵاتی دراوسێ 61 ملیار دۆلارە
محەمەد رزوانیفەر، بەرپرسی گومرگەکانی ئێران رایگەیاند، لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ترانزێتی ئێران بە رێژەی 54% گەشەی کردووە و هەر تۆنێک ترانزێت 85 دۆلار داهاتی هەیە.
ئێران لەگەڵ 15 وڵات دراوسێیە و قەبارەی بازرگانیی نانەوتی ساڵی رابردوو 61 ملیار دۆلاری تێپەڕاند و ئەگەر ئەو یاداشت و گرێبەستانەی لە ئاستێکی بەرزدا واژۆکراون جێبەجێ بکرێن، قەبارەی ترانزێت تاوەکو سێ هێدەی ساڵی رابردووش زیاد دەکات.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
لۆپان دەڵێت ماکرۆنم راماڵی
قومارکردنەکەی سەرۆککۆماری فەرەنسا لەسەر ئەنجامدانی پێشوەختەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەنجامی پێچەوانەی لێکەوتەوە، پارتی رالیی نیشتمانیی راستڕەو، گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی بردەوە.
مارین لۆپان رایگەیاند، پارتەکەی توانیویەتی بە کردەوە ماکرۆن لەسەر پۆستی سەرەککۆماری رابماڵێت، ئەم گوتەى لۆپان ئاماژەیەک بوو بەوەی گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکانیش کۆتاییان هاتووە.
پارتی رالی نیشتمانی مارین لۆپان توانیویەتی لە پارتی میانگیری ماکرۆن بباتەوە.
تایمز
شەڕی هەڵبژاردن لەسەر دەنگە خۆڵەمێشییەکانە و سوناکیش رووی ئاگری شەڕەکەی کردووەتە فارەیج
ریشی سوناکی سەرکردەی پارتی پارێزکاران بە گاڵتەوە لەو هەڵوێستە دەڕوانێت، کە نایجڵ فارەیج بتوانێت وەک لایەنێکی ئۆپۆزسیۆنی دژ بە پارتی کار ئیش بکات.
داواشی لە دەنگدەران کرد، هەموویان بچن دەنگ بە پارێزگاران بدەن، بۆئەوەی رێگە نەدەن پارتی کار زۆرینە بەدەستبهێنێت.
ریشی سوناک ئەمڕۆ رووی ئاگری گوتارەکانی خۆی دەکاتە سەرکردەی ریفۆرمخوازەکانی بەریتانیا، چونکە فارەیجی سەرکردەی ریفۆرمخوازەکان لە لێدوانێکیدا گوتبووی، “سوناک خزاوە و لێبۆتەوە”.
فاینەنشیەڵ تایمز
سەرباری زۆربوونی ئەو گومانانەی دەڵێن بایدن کەڵکی سەرۆکایەتی نەماوە، هێشتا دیموکراتەکان هەر پشتگیریی لێدەکەن
دوێنێ سەرکردە هەرە باڵاکانی دیموکراتەکان پەیمانی خۆیانیان نوێکردەوە پشتگیری لە بایدن بکەن.
راپرسییەک، کە لەنێو سەرکردایەتی ئەو پارتەدا ئەنجامدراوە، پیشانی دەدات، کە سێ لەسەر چواری ئەو سەرکردایەتییە پشتگیری لەوەدەکەن کەسێتیی بایدن وەک کاندیدى حزبەکە بۆ ململانێکردن لەسەر پۆستی سەرۆکایەتی بمێنێتەوە، بەڵام لە راپرسییەکی دیکەدا تێکڕایەکی زۆر لە خەڵکی ئەمریکا دەڵێن، نمایش و دەرکەوتنەکەی بایدن لە دیبەیتە رووبەڕووەکەدا کارەسات بووە، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە بایدن خۆی واز لەوە بهێنێت وەک پاڵێوراو بمێنێتەوە.
واشنتن پۆست
بە بەرزبوونەوەى پلەی گەرمى زەوی ئەگەری زۆربوونی ئەو مێشوولانە زۆر دەبێت کە نەخۆشیی ئێسک کرۆشتن بڵاودەکەنەوە
کچێکی قژلوول، بە خێرایی گەیەندرایە یەکێک لە نەخۆشخانەکانى ئەمریکا، تا و ئازارێکی زۆر و نیشانەکانی وشکهەڵاتنی پێووە دیاربوو؛ ئەمانە نیشانەی هەندێک نەخۆشین، کە دەکرێت زۆر منداڵ تووشی ببن، بەڵام ئەم کچە تەمەن نۆ ساڵە لاوازتر لەوان دەردەکەوت، کە پرسیاریان لێدەکرد، بە هێواشى وەڵامی دەدایەوە، زوو لێی تێگەشتن رەوشەکەی باش نییە.
دایانپۆشی و پزیشکی پزیشکی چارەسەرکردن گەشتە سەری، تووشی حەپەسان هات، گوتی ئەمەی ئەم کچە تووشیهاتووە، نەخۆشییەکە پێی دەگوترێت دێنگوە، ئێسکەکانی مرۆڤ دەکرۆژێت، بەهۆی جۆرێک مێشوولەوە تووشی مرۆڤ دەبێت. هۆکاری دەرکەوتنەوەی ئەم جۆرە مێشولەیە گەرمبوونی گۆی زەوییە.