شوان محەمەد
ماوەی زیاتر لە مانگ و نیوێکە هەڵمەتی دژی تێکدانی سروشتی چیای گۆیژە بەردەوامە و تا ئەمڕۆ ئەم هەڵمەتە لەسەر ئاستی میدیا و سۆسیال میدیا و لەسەر ئاستی میلییش درێژەی هەیە.
جگە لە پاڵپشتی هەڵمەتەکە، هاوڵاتیان مافی خۆیانە و حەز دەکەن بزانن ئەنجامی ئەم جووڵانەوە ژینگەپارێز و خۆکردە کە لە لایەن دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی و گرووپی گۆیژە ببپارێزە و سەرجەم رێکخراو و ژینگەپارێزانی دی، هەنگاوی پۆزەتیڤ و کاریگەریان هاویشتووە، بە کوێ گەیشتووە؟
یەکێک لەو خاڵە پۆزەتیڤانەی لە ئەنجامی ئەو جموجوڵەوە لەسەر ئاستی ستونی هاتۆتە ئاراوە، پەیوەندی بە هۆشیاری ژینگەییەوە هەیە، لە ئێستادا لە هۆشیاریی هاوڵاتیاندا پرسی پاراستنی ژینگە بۆتە داخوازییەکی هەنووکەیی و سەرنجێکی زۆری خەڵکی سلێمانی و کوردستانی بە گشتی بەلای خۆیدا راكێشاوە، بە ئەندازەیەک ڕای گشتی مكوڕە لەسەر ئەوەی کە چیتر پرسی پاراستنی ژینگەی کوردستان پرسێکی پلەکانی خوارەوەی داواکارییەکانی نەبێت، بەڵکو لەسەرەوەی لیستی داخوازییەکانیەوە بێت و خەباتی بۆ بکات.
هاوکات ئەم بزووتنەوەیە لەسەر ئاستی ئاسۆیی توانی لەو ماوە کەمەدا خەڵکێکی زۆر لە دەوری ئەم داخوازییە کۆبکاتەوە و پرسەکەی کردووە بە پرسێکی جڤاکیی بەرفراوان و لەسەر ئاستی میدیا و جەماوەریش و بۆتە داخوازییەکی هەنووکەیی.
پرسی گۆیژە بپارێزە ئێستا تەنها لە زنجیرە چیایەکدا نەماوەتەوە کە ناوی گۆیژەیە، بەڵکو درێژبۆتەوە بۆ هەموو گرد و باخ و سەرچاوە ئاویانەی کە لەلایەن کۆمپانیاکان و بەرپرسە حزبییەکانەوە داگیرکراون.
ئەو دەمەی ئەم بزووتنەوەیە سەری هەڵدا و کەوتە چالاکی، پرسی پاراستنی ژینگە لەسەر ئاستی میدیایی تەنها لە سنوری سلێمانیدا نەمایەوە، بەڵکو رۆژ بەرۆژ فراوانتربوو، لە ئێستادا ناوچە و شوێنی دیکەشی گرتۆتەوە و ئێستا لە قۆناغێکدایە کە تۆڕێکی فراوانی هەمەهانگی لەسەر ئاستی هەرێم و دەرەوەش خەریکە گەڵاڵە دەبێت و بۆتە پرسێکی گشتی کۆمەڵگا و رای گشتیی خەڵکی کوردستان بەشێوەیەکی فراوان لە دەوری کۆبوونەتەوە و بە جۆرێک ئەم پرسە هێندە بەرفراوان و کاریگەر بووە کە خۆی بەسەر دۆسیەکانی تری ئەجێندای دەسەڵاتی سیاسی و حوکمڕانی هەرێمی کوردستاندا سەپاندووە و گەیشتۆتە ئاستێک لە لوتکەی دەسەڵاتی هەرێمدا گفتوگۆی لە بارەوە دەکرێت.
لەسەر ئاستی کۆمەڵگاش گەر تا دوێنێ کوردەواری دابەش بووبێت بەسەر توێژێکی دەسەڵاتداری خۆسەپێنێی هەرێم کە لە هیچ بابەتێک نەپرینگابێتەوە و هەموو هێڵە سورەکانی شکاندبێت، ئەوا ئەمڕۆ بەتایبەتی لەبواری سروشتی کوردستان، ئەوەی پەیوەندی بە خاک و ئاو و سروشتی وڵاتەوە هەیە، ئەوا ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێنە رووبەڕووی ناڕەزایەتییەکی گەورە بۆتەوە و لەمەودوا هەروا کارێکی ئاسانییە نییە کە بوێری بکات وەک پێشوو دەست بۆ شێواندنی ژینگەی کوردستان بەرێت، ئەمە هەروەک چۆن بۆ دەسەڵاتی سیاسی و هەردوو حزبی حوکمڕان راستە، هاوکات بۆ کۆمپانیاکان زەحمەتترە کە جارێکی تر هەر وەک پێشوو بە سانایی دەست بۆ چیاو قەدپاڵ و ئاو و سروشت ببەن و تێکی بدەن.
لەگەڵ دروستبوونی ئەم بزووتنەوەیەدا کۆمەڵگە بەشێوازێکی جیاوازتر لەجاران دابەشبووە بەسەر دوو بەرەدا؛ بەرەیەکی داکۆکیکار لە سروشت و ژینگەی کوردستان، بەرەیەکی تریش کە پێکدێن لە کۆمپانیاکان و دەسەڵاتی حوکمڕانی کوردستان و کۆمەڵێک بەرپرسی خۆجێی و رۆژنامەنووس و رۆشنبیر کە هەریەکە و بە شێوازێک سوودەمەندە لە رووی دارایی و موڵکەوە لە تێکدانی سروشتی کوردستان.
ئەو رێکخراو و دەستانەی کە داکۆکی لە ژینگەی کوردستان و گۆیژە دەکەن، لە نێوان ئەوان و ژینگەی کوردستاندا هیچ نێوەندگیرێک ( واستەیەک ) نییە، تەنها خۆشەویستی و خۆبەخشی نەبێت بۆ ئەم نیشتمانە و ئایندەی وڵات، بەڵام لە نێوان ئەوانەی سروشتی کوردستان تێک دەدەن، چەندان نێوەندگیری دەسەڵاتخوازی و سوودمەندی دارایی هەیە، لەنێوان حزب و کۆمپانیا و بەرپرسە ئیدارییەکان و ژمارەیەک دەزگای راگەیاندن و نووسەر و رۆژنامەنووسە دەربارەکاندا کە پاکانە بۆ تێکدانی گۆیژە و شوێنەکانی تری کوردستان دەدۆزنەوە، ئەمانە هەموویان بە تۆڕێکی بەرژەوەنی ئاڵۆزەوە بە یەک بەستراون و سەرجەمیان وەک بلۆکێکی خاوەن بەرژەوەندی دەردەکەون کە لە لوتکەکەیدا بنەماڵەو حزب و کۆمپانیاکانن، بە چواردەوریشیاندا بەرپرسە خۆجێیەکان و ژمارەیەک میدیاو میدیاکارو رۆشنبیری پیسخۆر دەور دراون کە هەندێکیان وەک رۆژی رووناک دیارە سودمەندن لەو کۆمپانیایانەو ناتوانن بیشارنەوە، هەندێکیانی تریشیان نزیک یان دوور لە ئایندەدا ئاشکرا دەبێت کە چەند سوودمەندبوون لەو داکۆییە ناویژدانییەی لە کۆمپانیاکانی دەکەن.
ئەم بزووتنەوەیە کە لەم ماوە کورتەدا دەستی پێکردووە هەنگاوێکی نوێی کۆمەڵگای کوردی باشوری کوردستانە، هەرچەندە ئەم هەنگاوە نوێیە بە بەراورد بە پارچەکانی تری کوردستان هەنگاوێکی کەمێک لە رووی زەمەنیەوە دواکەوتووە، بەڵام هەنگاوێکی بابەتیانەو دواخوازییەکی واقیعی باشوری کوردستان و عێراق و پرسێکی هاوچەرخی کۆمەڵگای مرۆڤایەتییە کە گۆی زەوی تیایدا هاوبەشن.
هیوادارین ئەم بزووتنەوەیە هەرچی زووترە بە چڕی لەشارەکانی تر دەست پێبکات و سنورێک بۆ ئەو هەموو سەرپێچیانە دابنێت کە چەندان ساڵە دەکرێتەوە سەر سروشت و مێژوو و کەلتوریی کوردستان.
چالاکییەکانی دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی لەم ماوەیەدا:
بە درێژایی ئەو ماوەیەی دەستەی داکۆیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی دروستبووە، بە مەبەستی راگرتنی ئەو شێواندنەی کراوەتە سەر چیای گۆیژە چەندین دیداری لەگەڵ بەرپرسانی خۆجێی سلێمانی و هەرێمدا سازکردووە.
لەو کۆبوونەوانە، رۆژی ٢٩ ی ئایار لەسەر داوای ئەنجومەنی شارەوانی کۆبوونەوەیەکی درێژی دوو کاتژمێرو نیوی دەستەی داکۆیکردن لەگەڵ ئەنجومەن شارەوانی سازکرا، سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەن کە نزیکی ٢٠ ئەندام دەبوون، تەنها دوو ئەندامیان رای جیاوازیان هەبوو، تێکڕایان مکوڕبوون لەسەر ئەنجامدانی پرۆژەی نیشتەجێبوونی گۆیژەو چاککردنی ئەو رێگایە لەلای تونێلی گۆیژەیە، لەو کۆبوونەوەیەدا نە گەیشتینە هیچ ئەنجامێک و ئەوان سووربوون لەسەر رای خۆیان، ئێمەش ئەو پڕۆژەیەمان بە تێکدانی گۆیژە و سودی کۆمپانیایەک ناوزەد کرد کە هیچ بەرژوەندییەکی گشتی تێدا نییە.
کۆبوونەوەیەکی تر دەستەی داکۆکیکردن لەگەڵ وەزیری دارایی هەرێمدا رۆژی ٥ ی حوزەیران سازکرا، لەو کۆبوونەوەیەدا ئێمە داوامان کرد کە بەو پێیەی ئەو زەویانە موڵکی وەزارەتی دارایین هەقە وەزارەتی دارایی لەسەریان بێنە دەنگ و داوای یاسایی تۆمار بکات، بەڕێزی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەو زەویانە بەبێ ئاگاداری ئەوان ئەو پرۆژەیەی لەسەر ئەنجام دەدرێت، ئەمەشیان لە راگەیاندنەکەیاندا بڵاوکردەوە، بەڵام ئەم هەڵوێستە لێرەدا نابێت بوەستێت، بەڵکو وەزارەتی دارایی داوای یاسایی خۆی تۆمار بکات بۆ ئەوەی پڕۆژەکە رابگیرێت، تا ئێستا وەزارەتی ناوبراو ئەم کارەی نەکردووە، بڕیاریشە لە داواکاری گشتییەوە نامەیەک ئاراستەی وەزارەتی دارایی بکرێت و لەسەر ئەم پرسە داوای روونکردنەوەیان لێبکرێت.
لەیەكێک لەو دیدارانەی تر رۆژی ١٠ ی حوزەیران بوو لەگەڵ دەستەی داواکاری گشتی سلێمانی کە تا ئەندازەیەکی باش کۆبوونەوەیەکی پۆزەتیڤانە بوو، هەر لە کۆبوونەوەیەدا زانیاری ئەوەمان وەرگرت کە رۆژی ٢٨ ی ئایار داواکاری گشتی هەرێم بە نامەیەک بۆ سەرۆکایەتی حوکمەتی هەرێم داوایکردووە ئەو پرۆژەیە چیای گۆیژە رابگیرێت و لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکبهێنرێت بە نوێنەرایەتی داواکاری گشتی بۆ لێکۆڵێنەوە لەسەر ئەو پرۆژەیە.
هەر هەمان رۆژ نوێنەری دەستە لەگەڵ سەرۆکی دەستەی نەزاهەی هەرێم لە هەولێر دیداری کردووەو لەو دیدارەدا دەستە پاڵپشتی خۆی بۆ دەستەکە دووپاتکردۆتەوە، هاوکات لەو دیدارەدا زانیاری گەیتشۆتە دەستەکەمان کە داوایەکی یاسایی لەسەر یەکێک لەو گردانەی چیای گۆیژە تۆمارکراوەو دەبێت لە رۆژانی داهاتوودا کار لەو گردەدا رابگیرێت.
هەموو ئەم دیدارانەش لە کاتی خۆیدا لە رێگای کۆنگرەی رۆژنامەگەرییەوە بۆ هاوڵاتیان و رای گشتی بڵاوکراونەتەوە.
هاوکات دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی لە زۆربەی چالاکییەکانی تیمی گۆیژە بپارێزە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە رێکخراوی ژینگەیی و رێکخراوی بواری مافەکانی مرۆڤ و چالاکوانی ژینگە دۆستی لە خۆگرتووەو، لەگەڵ ئەماندا بەشداری زۆربەی چالاکییەکانی کردووە بە گردبوونەوەی رۆژی ١٣ ی حوزەیرانیشەوە لە چیای گۆیژە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگری بۆ دروستکرا.
تێببینی.. دەستەی داکۆیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی کە لە ١٥ ی ئایاری ٢٠٢٤ دا دامەزراوە، دەستەیەکە لە کەسانی ئەکادیمی و مامۆستای زانکۆ و ژمارەیەک ئەندازیاری بە ئەزموون و یاساناس و رۆژنامەنووس پێکهاتووە کە خەمی پاراستنی ژینگەی سلێمانی و کوردستان و سیمای شارستانی شارەکانی هەرێمی کوردستانە.