زووم..
لەدوای ئاگرە کارەساتبارەکەی 20ـی ئەم مانگەی چەند گوندێکی نێوان پارێزگاکانی ئامەد و مێردین کە بووەهۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 15کەس، ئاگر لەدوای ئاگر بەرۆکی تورکیا و باکووری کوردستان بەرنادات.. نوێترینیان ئیزمیری گرتووەتەوە.
ئاگرەکە لە دوێنێوە دارستانەکانی شارۆچکەی مەندەرەسی لە ئیزمیر گرتووەتەوە و تیمەکانی فریاکەوتن بە چوار فڕۆکە، هەشت هێلیکۆپتەر و 25 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە لە ناوچەکەن و هەوڵی کوژاندنەوەی دەدەن.
ئامارە فەرمییەکانى حکومەتى تورکیا ئاشکرایان کردووە لە ساڵى 2023 دا، لە سەرتاسەری تورکیا، دوو هەزار و 160 ئاگر لە دارستانەکان کەوتوونەتەوە.
لە نوێترین لێدوانیدا، ئیبرایم یومەکڵی، وەزیرى کشتوکاڵ و دارستان لە تورکیا رایگەیاندووە، لەمساڵدا زیاتر لە 40 رووداوی ئاگرکەوتنەوە روویانداوە، لەو ژمارەیەش 22ـیان لە دارستانەکانی پارێزگای ئیزمیر بووە.
وەزیرى کشتوکاڵ و دارستان لە تورکیا باسی لەوەشکردووە، لە حەوت پارێزگادا ئاگر لە دارستان و شوێنەکانی دیکە کەوتونەتەوە، 30ـیان لە شوێنی کشتوکاڵى بوون و 11ـی دیکەیان لە شوێنە بەرز و دارستانەکاندا بووە.
لە درێژەى هەواڵەکەدا وەزیرەکەى تورکیا ئاماژەی بەوەشکردووە، 90%ـی هۆکارى ئاگرکەوتنەوەکان بەهۆى کەمتەرخەمی هاووڵاتیانەوە بووە.
لە تورکیا 23 ملیۆن هێکتار دارستانی هەیە، بەشێکی زۆری ئەو دارستانانە لە ناوچەکانى ئیجە، قەرەدەنیز، مەڕمەڕەى رۆژئاوای تورکیایە و زۆرترینیان لە پێنج پارێزگاى رۆژئاوا و باشووری رۆژئاوای تورکیایە ئەوانیش هەریەک لە پارێزگای موغڵە، ئیزمیر، مەنیسا، چاناقەلە و ئەنتاڵیایە.
بەگوێرەى هەواڵێکی ئاژانسی ئەنادۆڵو، تاکو سەرەتای ئەمساڵ، رێژەى دارستانەکان لە تورکیا گەیشتووەتە 29.9%، بەمەش، هەر بە گوێرەى ئامارێکی ئاژانسەکە، تورکیا لە ساڵی 2015 دا لە 47ـمین وڵاتانی جیهان بووە و لە 2020 دا بووەتە 27ـمین وڵات لە بوونی رووبەری زۆرى دارستاندا.