زووم..
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
پرۆژە یاسایەکى کۆنگرێس ژمارەیەک بەرپرسی باڵاى عێراق سزا دەدات
پرۆژەیاسایەک لە کۆنگرێسی ئەمریکا ئامادەکراوە کە تیایدا ژمارەیەک بەرپرسی باڵاى عێراقى تێدا سزا دەدرێن بە پاساوى بوونى پەیوەندییان لەگەڵ ئێران و ئەم پرۆژە یاسایەش چوارچێوەى هەماهەنگی توڕەکردووە، رۆژنامە ئەمریکیەکان لە زارى مایک واڵتز پەرلەمانتاری کۆمارییەکان و ئەندامی هێزە چەکدارەکان و کاروبارى دەرەوە بڵاویانکردوەتەوە کە فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراقی تێدایە، لەبەرئەوەى کار بۆ بەرژەوەندییەکانی ئێران دەکات، بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامە ئەمریکیەکان ئەگەر فایەق زێدان بخرێتە لیستى سزادراوەکانى ئەمریکاوە هیچ بڕیارێکى دادگاى فیدراڵی کە واژۆی ئەوى لەسەربێت کاری پێناکرێت، تەنانەت ئەگەر لە دژى تیرۆر و هەڵاتووان لە یاساش بێت لە دەرەوەى عێراق و هەموو هاوکارییەکانى ئەمریکاش بۆ ئەو دامەزراوەیە رادەگیرێت.
سەباح
عێراق ئاسایشى خۆراکى هەیە و هەڵاوسانى نییە
وەزارەتى پلاندانانى عێراق رایگەیاند عێراق ئاسایشى خۆراکی هەیە و لە لیستى ئەو وڵاتانەدا نەماوە کە هەڵاوسانیان هەیە و کۆگاکانى بەشى نزیکەى ساڵێک پێداویستى خۆراکى تێدایە و گرێبەستەکانى لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان بۆ دابینکردنى خۆراک بەردەوامە، بەگوێرەى راپۆرتى وەزارەتى بازرگانى عێراق 41 ملیۆن و 553 کەس لە عێراق سوود لە سەبەتەى خۆراکى مانگانە دەبینن لە سەرجەم پارێزگاکاندا جگە لە هەرێمى کوردستان، سەهاد شەمەرى توێژەری ئابوری بە رۆژنامەى سەباحی راگەیاندووە پلانەکەى وەزارەتى بازرگانى وایکردووە تاڕادەیەک بازاڕی خۆراک رابگرێت و هەڵاوسان دروستنەبێت و تاڕادەیەکى زۆر پێداویستى تاکی عێراقى پڕبکاتەوە.
قودسی عەرەبی
شکستێکى دیکەى ئەمریکا لە ئەفریقا لە بەرژەوەندى روسیایە
کشاندنەوەى هێزێکى هەزار کەسی دژەتیرۆری ئەمریکا لە وڵاتى نەیجیریا لە مانگى نیسانى رابردوو نیشانەى شکستى ئەو وڵاتەیە لە ئەفریقا و لە بەرژەوەندی روسیا دەشکێتەوە لەو کیشوەرەدا، کە لەم دواییانەدا هەژموونى خۆی لە وڵاتەکانى بورکینیا فاسۆ و مالی و نەیجیریا پەرەپێداوە، لە لایەکى دیکەشەوە هێزەکانى روسیا لە لیبیا سەرقاڵی راهێنانى سەربازین بە هێزە سەربازییەکانى ئەو وڵاتە.

عەرەب
نیوەى تاوانەکانى جیهان بە چەکى سوک ئەنجامدەدرێت
ئەنتۆنى گۆتێرێز ئەمینداری گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، چەک بچوک و گەورەى نییە، زۆرینەى تاوانەکانى جیهان بە چەکى بچووک ئەنجام دەدرێت کە زیاترە لە نیوەى تاوانەکان، بە گوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە زۆرینەى ئەو جەنگانەى کە لە وڵاتان بەڕێوەدەچن بەو جۆرە چەکانەیە کە ناویان لێنراوە چەکی سووک. هەروەها ریبیکا بیترز بەڕێوەبەرى تۆڕی نێودەوڵەتى چەکی بچووک رایگەیاندوە جگە لە بەرەکانى جەنگ رۆژانە هەزار کەس بە چەکی بچووک دەکوژرێن.
رۆژنامە فارسییەکان
سایە
پزشکیان و جەلیلی رکابەری هەڵبژاردن دەکەن لە گەڕی دووەمدا
گوتەبێژی مەڵبەندی هەڵبژاردنەکانی ئێران ئەنجامی ژماردنی دەنگەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری راگەیاند.
موحسینی ئەسامی گوتی: بەشداریی خەڵک 40٪ بووە و ریزبەندی دەنگەکان بەم شێوەیە: مەسعوود پزشکیان 42٪، سەعید جەلیلی 38٪، محەمەد باقر قالیباف 13٪، مستەفا پورمحەممەدی کەمتر لە 1٪.
هەڵبژاردن دەچێتە گەڕی دووەم و رۆژی هەینی داهاتوو دیسان هەڵبژاردنە.

جەوان
کوژرانی دوو ئەفسەری پۆلیس لە هێرش بۆ سەر سندوقی دەنگدان
چەکدارە نەناسراوەکان لە سیستان و بەلوچستان لە هێرشێکدا بۆ سەر سندوقی دەنگدان دوو ئەفسەری پۆلیسیان کوشت.
ناوەندی راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای سیستان و بەلوچستان رایگەیاند کە چەکدارەکان لە چەند ئاراستەیەکەوە تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی کارگێڕی و ئەفسەرانی پۆلیسی دەنگدان لە ناوچەی جەکیگور کردووە و لەو هێرشەدا پێنج پۆلیس بریندار بوون و گواستراونەتەوە بۆ ناوەندی پزیشکی، بەڵام تا ئێستا دوو ئەندامی پۆلیس بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەستداوە.

سەنعەت
بەهۆی لافاوەوە لە ئێران شەش کەس گیانیان لەدەستدا
سەرۆکی رێکخراوی فریاگوزاریی مانگی سووری ئێران رایگەیاند: لە ماوەی هەفتەیەکدا شەش هاووڵاتی بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە و کەسێکیش بێسەروشوێنە.
رزگارکەرانی مانگی سوور لە 117 چالاکیی فریاگوزاریدا یارمەتییان پێشکەش بە دوو هەزار و 139 کەس کردووە.
لەو یارمەتییانەدا 240 تیم کە پێکهاتوون لە 914 کەس خزمەتگوزارییان پێشکەش بە لێقەوماوانی لافاو کردووە.

ئەبرار
هۆشداری ئێران بۆ ئیسرائیل: هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن
نوێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڕەشەکانی ئیسرائیلی بۆ هێرشکردنە سەر لوبنان بە شەڕی دەروونی وەسف کرد و هۆشداریدا لەوەی هێرشی بەرفراوانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دەگۆڕێت بۆ شەڕێکی تەواوی ناوچەیی. لە ئەگەری لەشکرکێشییەکی سەربازیدا، شەڕێکی گەورە روودەدات و هەموو بژاردەکان بە بەشداریی تەواوی لایەنەکانی بەرەی مقاومەت لەسەر مێزن. ئێران دەڵێت هەر بڕیارێکی هەڵەی ئیسرائیلی دەبێتە هۆی لەناوچوونی ژێرخانی لوبنان و ئیسرائیل و دەرئەنجامەکەی شکستی کۆتایی ئیسرائیل دەبێت و لەوانەیە کاتی لەناوچوونی ئیسرائیل بەدەستی خۆی هاتبێت.
رۆژنامە تورکییەکان
تورکیا
لەنێوان تورکیا و سوریا پرسی پەنابەران و تیرۆر تاوتوێ دەکرێت
ئەنقەرە چاوەڕێی پێشهاتی ستراتیژیی دەکات لەپەیوەندییەکانى لەگەڵ سوریادا، چاوەڕێ دەکرێت لە هەنگاوی یەکەمی ئاساییبوونەوەى پەیوەندییەکانى نێوان تورکیا و سوریا، دۆسیەى ناردنەوەى زیاتر لە سێ ملیۆن پەنابەرى سوری بێت لە تورکیا، هەروەها ئەردۆغان رایگەیاندووە پرسی تیرۆر یەکێک لە بژاردە گرنگەکانمان لەگەڵ سوریا دەبێت، تورکیا رێگە نادات لەناو خاکی سوریا پەکەکە دەوڵەتێک دروست بکات.
سۆزجو
گەرمای گرانیی بەرۆکی میللەتی گرتووە
بەرزبوونەوەى نرخی کارەبا بە رێژەى 38% کاردانەوەى لەسەر گرانبوونی هەموو شتێک دەبێت. لەوانەش بەرزبوونەوەى رێژەى هەڵاوسان، نرخی بەنزین، جگەرە، خواردنەوە کحولییەکان، پێشبینی دەکرێت 20% نرخەکان لەسەر وەبەرهێنەران زیاتر بێت، نرخی غازی شل و بەنزین و سوتەمەنی و خۆراکیش بەرزدەبێتەوە.

میللییەت
بۆ هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار پێویستمان بە کاندیدێکی بەهێزە
ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە دەربارەى کاندیدی پارتەکەیان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆککۆماریی تورکیا رایگەیاند: ئەگەر بێت و من گونجاوترین کاندیدی پارتەکەم بم بۆ سەرۆککۆماریی، ئەوا هەنگاو بەرەو دواوە نانێم و ناکشێمەوە لە رکابەری، من یەکێکم لەوانەى بە شێوەیەکی باش ئیدارى پارتەکەم کردووە، ئێمە پێویستمان بە کاندیدێکە لە ئاست چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگەدا بێت.
ئایدنڵک
رێککەوتنى نێوان ئەنقەرە و شام کۆتایی بە پرسی پەکەکە دەهێنێت
پێشتر رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاندبوو رێگەنادەن بە دروستکردنی قەوارەیەکی فەرمی بۆ تیرۆریستان لە رۆژاڤای کوردستان، بە رێککەوتن و هەماهەنگی لەگەڵ سوریا، تورکیا دەتوانێت کۆتایی بە پرسی پەکەکە و تیرۆر بهێنێت لە باشوورى وڵاتەکەیدا.
هاوکات رێککەوتنى نێوان ئەنقەرە و شام، کۆتایی بە ستراتیژ و پلانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە دەهێنێت.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
لۆمۆند
مەترسی لە بردنەوە و سەرکەوتنی راستڕەوە پەڕگیرەکان هەموو شوێنێکی گرتوەتەوە
رۆژی شەممە نزیکەی سەد هەزار کەس لە هاووڵاتیانی پاریسی پایتەخت رژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان کرد، چونکە بڕیارە ئەمڕۆ خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی پێشوەختە بەڕێوەبچێت. پەیامەکانی خۆپیشاندەران هەمویان سیاسی بوون، دەیانگووت سەرکەوتنی ئەو حزبە دەبێت بە کێشە و گرفت بۆ مافی کەمایەتییەکان دروست دەکات.
جیمس لیبریێر وەک یەکێک لە پێشڕەوانی خۆپیشاندانەکە گوتاری سەرەکیی خوێندەوە و تیایدا گوتی، هاتنە سەرشەقامی ئەمڕۆی ئێمە بۆ ئەوەیە مێژوویەک دروست بکەین. خۆپیشاندانەکە زیاتر لە 45 خولەکی خایاند، زۆربەی رێکخراوە جەماوەرییەکانی ناو پاریس بەشدارییان تیادا کردبوو، دەیانگووت ئەگەر پارتی کۆبونەوەی نیشتمانی بچێتە دەسەڵات پاشکەشە لە زۆربەی ئەو مافانەدا روودەدات، کە ئێستا بۆ خەڵک بەردەستن.
سەندەی تایمز
جێگری سەرۆکوەزیران خەمی قووڵی هەیە لەوەی رووسەکان پشتگیری لە ریفۆرمخوازەکانی فەراج دەکەن
ئۆلیڤەر داودن جێگری سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی لەوەی رووسیا دەستوەردانی راستەوخۆ لە کاروباری هەڵبژاردنە گشتییەکانی بەریتانیادا دەکات و گوتی ئەو خەمە گەورەشە، لەو رووەوە داوای کرد لێکۆڵینەوەی تەواو بکرێت. ئەم لێدوانەی داودن لە وەڵامی پرسیارێکدا هات، کە لە دیدارێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی (ئەی بی سی)ـی ئوسترالیدا پرسیاری ئاراستەکرا.

سەندەی تەلەگراف
سوناک هۆشداریدەدات و دەڵێت پارتی کار هەموو وەچەکانی خەڵک مایەپووچ دەکات
سەرۆکوەزیران هۆشداریی دا بە دەنگدەرانی بەریتانی و گوتی تەنها چوار رۆژیان لە پێش ماوە بۆئەوەی بەریتانیا لە مەترسییەکانی هاتنەسەرکاری پارتی کار دەربازبکەن. بڕیارە ئەمڕۆ ریشی سوناک گوتارێکی هەبێت، تیایدا هۆشداری دەدات بە جەماوەری حزبەکەی و تەواوی خەڵکی بەریتانیا و دەڵێت چوار رۆژتان لە پێش ماوە بۆئەوەی وڵاتەکە دەربازبکەن. لە دیدارێکیدا کە رۆژنامەی سەندەی تەلەگراف لەگەڵیدا ئەنجامیداوە سوناک گوتویەتی لە گوتارەکەی ئەمڕۆیدا باس لەوە دەکات کە ئەم هەفتەیە کۆتا هەفتەی پێش بەڕێووەچوونی دەنگدانەکەیە و دەبێت خەڵکی وڵاتەکە بەئاگابن لەوەی دەنگ بە کێ دەدەن.
وۆڵ ستریت جۆرنەڵ
دیموکراتەکان ئەو هۆشدارییانەیان فەرامۆش کرد کە لەبارەی بایدنەوە پێیاندراوە
دەنگی رەخنەگران لە بایدن زۆر بەرزبونەتەوە، دەڵێن توانا عەقڵییەکانی زۆر لاواز بوون. لە مانگی شوباتی رابردوودا راوێژکار رۆبەرت هوور دیدارێکی پێنج کاتژمێریی لەگەڵ بایدندا ئەنجامداوە، لەپاش ئەوە ناوەڕۆکی دیدارەکەی کردووە بە راپۆرتێک تیایدا دەڵێت بە ئاشکرا ئاماژەکانی گرفتی مێشک لەلای بایدن دەرکەوتوون. زۆربەی دیموکراتەکانیش نیگەران بوون، بەڵام دواییش کەوتنە دوای بانگەشەکانی هەڵبژاردنی بایدنەوە و وەک سەرۆک پەسەندیان کرد. شایانی باسە سێ رۆژ پێش ئێستا نوسەری ناوداری ئەمریکی تۆماس فرێدمان، کە خۆی دۆستی نزیکی بایدنە و نزیکیشە لە دیموکراتەکانەوە گوتی تواناکانی سەرۆک بایدن سست بوون، توانای بەڕێوەبردنی وڵاتی نەماوە، بۆیە واباشە دیموکراتەکان بیر لە پاشەکشەپێکردنی بایدن بکەنەوە و کاندیدێکی دیکەیان هەبێت.