زووم..
خولی یەکەمی چواردەیەمین هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران نەیتوانی کێبرکێکە یەکلایی بکاتەوە، چونکە هیچ کام لە چوار کاندیدەکە نەیانتوانی 50%ـی دەنگەکان بەدەستبهێنن، بۆیە هەڵبژاردنەکە چووە خولی دووەم و کاندیدی ریفۆرمخوازەکان بەرامبەر کاندیدی بناژۆخوازەکان دەوەستێتەوە.
لە خولی یەکەمدا کە دوێنێ بەڕێوەچوو، سەرباری سێ جار درێژکردنەوەی وادەکەی تاوەکو کاتژمێر 12ـی شەو، تەنها 24 ملیۆن کەس، لە کۆی 61 ملیۆن، دەنگیان دا، واتە رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا 40% بوو.
بەگوێرەی ئاماری دەزگای هەڵبژاردن، مەسعود پزشکیان، تاکە کاندیدی ریفۆرمخوازەکان پلەی یەکەمی هەیە بە بەدەستهێنانی 10 ملیۆن و 561 هەزار دەنگ، واتە 42.5%، هاوکات سەعید جەلیلی، کاندیدی بناژۆخوازەکان نۆ ملیۆن و 473 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، واتە 38.6% و یەکەم و دووەمی هەڵبژاردنەکە بوون.
بەڵام محەمەد باقر قاڵیباف 13.8% و مستەفا پورمحەمەدی 0.8%ـی دەنگەیان بەدەستهێنا، ئەوانیش کاندیدی بناژۆخوازەکان بوون و هەردووکیان لە کێبرکێکە چوونەدەرەوە.
ئێستا گۆڕەپانەکە چۆڵ بووە بۆ کێبرکێی مەسعود پزشکیان، تاکە کاندیدەکەی ریفۆرمخوازەکان بەرامبەر کاندیدە دڵخوازەکەی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران کە سەعید جەلیلیە.
رێژەی بەشداریی خەڵکی لەم هەڵبژاردنەکەدا کە 40% بوو، کەمترینە لە مێژووی 45 ساڵی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بە تایبەت لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ نمونە پارێزگای سنە هاوشێوەی پارێزگای تاران کەمترین رێژەی بەشدار هەبوو کە 23%ـە ، لە کرماشان 32% و لە پارێزگای ورمێ 40% و پارێزگای ئیلامیش 47% بوو.
بڕیارە رۆژی هەینی داهاتوو، 5ـی تەموز، خولی دووەم بەڕێوەبچێت، لە سبەینێوە بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات و 24 کاتژمێر پێش دەنگدان، کۆتایی دێت.
هەر دوای دۆڕانی، قاڵیباف پشتیوانی خۆی بۆ سەعید جەلیلی دەربڕی کە ئەویش بناژۆخوازە، چاودێران پێشبینی دەکەن رێژەی بەشداری لە خولی دووەمدا زۆرتر بێت چونکە ئەو کەسانە ریفۆرمخوازن و متمانەیان نەبوو پزشکیان دەربچێت، رەنگە بچنەوە سەر سندوقی دەنگدان تاوەکو کاندیدەکەیان سەربخەن.
سینا تووسی، شرۆڤەکاری ئێرانی و ئەندامی ناوەندی سیاسەتی نێودەوڵەتی لە واشنتن بە سی ئێن ئێنی گوتووە، رەنگە رێگەدان بە پزشکیان بۆ بەشداری لە کێبرکێکە بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی بەشداریی خەڵکی بێت لە هەڵبژاردنەکان بەوپێیەی لە دوو هەڵبژاردنی رابردوودا کەمترین خەڵک بەشداربوون.