زووم…
بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا شاندێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغداد بکات بۆ تاوتوێکردنی دەستپێکردنەوەی تۆمارکردنی ناوێی نوێی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و هاوتاکردنی مووچەکانیان لەگەڵ عێراق.
یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر زانیارییەکەی بۆ زووم پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، لە داهاتوویەکی نزیکدا شاندەکە دەچێـتە بەغداد و دەڵێت، پێش جەژنی قوربان و لەسەر راسپاردەی کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێم، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و ئەو خاڵانەی کە پێویستە لە سەردانەکەدا بخرێنەڕوو دەستنیشانکران و مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان خاڵی سەرەکی بوو.
هاوکات ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێم بە زوومی گوت: ئەو بڕیارە زیاتر پەیوەندی بە وەزارەتی داراییەوە هەیە، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئامادەیی نیشان داوە هەرکات پێویست بکات بۆ تاوتوێکردنی ئەم پرسە سەردانی بەغداد دەکات، بەڵام هیچ وادەیەکی دیاریکراو دەستنیشاننەکراوە.
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان لیستی ناوی زیاتر لە 13 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەتی رەوانەی بەغداد کردووە بۆ بڕینەوەی مووچە لەسەر بودجەی هەرێم و لە ئێستادا لیستەکە لەژێر وردبینی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراقدایە.
سەبارەت بە مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، یوسف چاوشین ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، دوو کێشەی سەرەکی هەن کە ئەوانیش:
یەکەم: لە سنووری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێم زیاتر لە 74 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت سوودمەندن لە مووچە، بەڵام لە ساڵی 2013ـەوە نووسینی ناوی نوێی خاوەن پێداویستی تایبەت بە هۆی بڕینی بودجەی هەرێمەوە وەستاوە.
دووەم: هاوتانەبوونی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق.
لە هەرێمی کوردستاندا، 100 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت هەن کە 63 هەزار و 200ـیان مانگانە 150 هەزار دینار وەردەگرن، شەش هەزار و 800 کەسیشیان فەرمانبەری حکومەتن و 100 هەزار دینار وەردەگرن، ئەمە لە کاتێکدایە مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە عێراق لە 250 هەزار دینارەوە دەستپیدەکات تا نزیکەی 500 هەزار دینار.