زووم…
ئیسرائیلییەکان داوای دوورخستنەوەی بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیران دەکەن لە ژیانی سیاسی و رێگەنەدان پێی بۆ خۆ کاندیدکردنەوەی بۆ سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە.
بەگوێرەی راپرسییەک کە کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی ئەنجامیداوە، %66ـی بەشداربووان بە پێویستی دەزانن ناتانیاهۆی تەمەن 74 ساڵ خانەنشین بکرێت و رێگەیی پێنەدرێت جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیان کاندید بکاتەوە، لەبەرامبەردا %27یان لەگەڵ ئەوەدان جارێکی دیکە کاندید بکرێتەوە و لە ژیانی سیاسی بەردەوام بێت.
لە دوای هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووی حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل و دواتریش دەستپێکردنی جەنگی غەزە کە لەلایەن ئیسرائیلەوە روبەڕووی وێرانکاری بووەتەوە، بەگوێرەی راپرسییەکانی راگەیاندنەکانی ئیسرائیل، لایەنگرانی ناتانیاهۆ بە شێوەیەکی بەرچاو رووی لە دابەزین کردووە.
رۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلیش راپرسییەکی بڵاوکردوەتەوە و لە ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نوێدا بێنی گانتز، سەرۆکی حزبی یەکێتی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆن، لە پێشەوەی ناتانیاهۆوە دەبێت، بەڵام ناتانیاهۆ رەتیکردووەتەوە لە ئێستادا کە لە جەنگدان هەڵبژاردن بکرێت.