رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى نێوان تورکیا و سوریا، روسیا دەستى بە جوڵە کردووە
رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، هیچ هۆکارێک لە ئارادا نییە رێگر بێت لە بەرەوپێشچوونى پەیوەندییەکانى نێوان تورکیا و سوریا و نوێنەرى تایبەتى ڤلادیمێر پوتینیش جەختى کردەوە لە پشتیوانیکردنى وڵاتەکەى بۆ پەرەپێدانى پەیوەندى نێوان سوریا و تورکیا و رایگەیاند، ئامانجمانە پەیوەندییەکانیان ئاسایی ببێتەوە.
ئەوە لەکاتێکدا سوریا ماوەیەک پێش ئێستا داواى لە تورکیا کرد هێزەکانى لەنێو وڵاتەکەیدا بکشێنێتەوە، بەڵام تورکیا رەتیکردەوە.
چاوەڕێ دەکرێت لە مانگى ئابدا هاکان فیدان، وەزیرى دەرەوەى تورکیا لەگەڵ سەرۆکی روسیا کۆببێتەوە و کۆمەڵێک تەوەری گرنگ باس بکەن، بەتایبەتى بابەتى هەڵبژاردنەکانى رۆژاڤا سەرەڕای نیگەرانییەکانى تورکیا و بێدەنگى ئەمریکا.
جەریدە
ئەمریکا ناردنى هاوکارییەکانى بۆ ئیسرائیل دەبەستێتەوە بە هاوکارییەکانى ئێران بۆ حزبوڵاى لوبنان
سەرەڕای ئەوەى ژمارەیەکى زۆر لە وڵاتانى رۆژئاوا داوایان لە هاووڵاتییانى خۆیان کرد گەشت بۆ لوینان نەکەن، دوێنێ روسیا هەمان بڕیاریدا و داوایکرد هیچ هاووڵاتییەکى روسی سەردانى لوبنان نەکات و ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ فرانتربوونى جەنگى نێوان ئیسرائیل و لوبنان.
سەرچاوەیەکى ئەمریکی بە رۆژنامەکەى راگەیاندووە، ئیدارەى بایدن هاوکارییەکانى وڵاتەکەى پەیوەستکردووە بە جموجوڵ و هاوکارییەکانى ئێرانەوە بۆ حزبوڵاى لوبنانى، بەڵام ئیدارەى ئەمریکا نەیدەویست ئەو بابەتە بۆ رایگشتى رابگەیەنێت، تاوەکو نەتانیاهۆ ئاشکراى کرد.
سەرچاوەکە رایگەیاندووە، یەکێکى دیکە لە مەرجەکانى ئەمریکا ئەوەیە جەنگ لە لوبنان پەرەنەسنێت، هەربۆیە ئیدارەکەى بایدن داواشى لە حزبوڵاى لوبنانى کردووە، کە جەنگەکە فراوانتر نەکات.
سەرچاوەیەکیش لە حزبوڵاى لوبنانى بە رۆژنامەکەى گوتووە، سوپاى لوبنان تواناى هێرشکردنى نییەو بە 150 هەزار سەربازەوە تەنها دەتوانێت بەرگریی لە خۆی بکات.
قودسى عەرەبی
ژنانى دووگیان لە غەزە خواردنیان دەستناکەوێت
دەستەى نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروباری ژنان بڵاویکردەوە 557 هەزار ژنى دووگیان لە غەزە، بەهۆی نەبوونى خواردنەوە زیاتر لە پیاوان ئازار دەچێژن.
دەڵێت، نیگەرانن لە بەردەوامبوونى جەنگەکە، کە ژنانى خستوەتە بەردەم چەندین جۆر مەترسی، کە نەبوونى خواردن و کێشەى کۆمەڵایەتى.
بەگوێرەى راپۆرتى دەستەکەى نەتەوەیەکگرتووەکان لە یەک مانگی رابردوودا لە هەر 10 ژنى غەزە حەوتیان کێشیان لەدەستداوە و 87%ـى ئەو ژنانە گلەییان لە شێوازی دابەشکردنى هاوکارییەکان هەیە و 99%ـیان کێشەى دابینکردنى شیریان هەیە بۆ منداڵەکانیان.
عەرەب
روسیا وەبەرهێنان لە کەرتى نەوتى ئێران دەکات و ئەمریکاش نیگەرانە
جەواد ئوجی، وەزیرى نەوتى ئێران رایگەیاند، بڕیارە ژمارەیەک کۆمپانیاى روسیا لە کەرتى نەوت و گازی ئێران وەبەرهێنان بکەن.
سایمون واتکنیز، پسپۆڕی ئابووریى بە پێگەى ئۆیەل رایسى ئەمریکى راگەیاندووە، ئەم هەنگاوە هێندەى دیکە ئەمریکا نیگەران دەکات، لەبەرئەوەى ئێران سێیەم وڵاتى جیهانە لە رووى یەدەگی نەوتییەوە.
ئاماژەى بەوەشکردووە، جگە لە یەدەگی نەوت ئێران خاوەنى هەزار و 200 ترلیۆن پێ سێجا گازی یەدەگە و هاتنى کۆمپانیا روسییەکان بۆ جێگرەوەى کۆمپانیا رۆژاواییەکانە، کە لەم دواییانەدا ئێرانیان جێهێشتووە.
رۆژنامە تورکییەکان
جمهورییەت
تورکیا دەیەوێت پەیوەندییەکانى لەگەڵ سوریا ئاسایی بکاتەوە
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا رایگەیاند، دەتوانین دووبارە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سوریا ئاسایی بکەینەوە.
ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکی جەهەپە لەوبارەیەوە دەڵێت، کارمان بۆ گەڕانەوەى پەنابەرە سورییەکان بۆ وڵاتی خۆیان کردووە.
دەشڵێت، لە هەوڵى زەمینەسازیدان بۆ سازدانی دیدارەکان لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا.
یەنی شەفاق
لە دواى چوار ساڵ دەروازەى سنووریی نێوان تورکیا و حەلەب کرایەوە
لە چوارچێوەى ئاساییبوونەوەى پەیوەندییەکانى نێوان تورکیا و سوریا، دەروازەى سنووری بازرگانی لەنێوان گوندى ئەبوزەیدان لە تورکیا و حەلەب لە سوریا کرایەوە.
ئەم دەروازەیە ماوەى چوار ساڵ بوو داخرابوو، یەکەم کاروان لە 26ـی حوزەیرانەوە چەند بارهەڵگرێک لە تورکیاوە بەرەو سوریا بەو دەروازەیە تێپەڕین.
سۆزجو
لە تورکیا نرخی کارەبا 38% گران دەبێت
بەدەر لە مووچە، نرخی هەموو شتێک زیاد کراوە، حکومەتى تورکیا مووچەی خانەنشینان و فەرمانبەرانی زیاد نەکردووە، بەڵام بڕیاریداوە لە 1ـى تەمموزەوە نرخی کارەبا بەبڕی 38% گران بکات.
حکومەت رایگەیاندووە ماوەى شەش مانگ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بە بڕێکی کەم زیاد دەکات، ئەو بڕە کەمە بۆئەوەیە رێگری لە بەرزبوونەوەى رێژەى هەڵاوسان بکەن و کاریگەریی لەسەر بورزبوونەوەى هەڵاوسان نەبێت.
ئەکشام
شارەوانییەکی دەم پارتى 160 کرێکار لەسەر کارەکانیان دووردەخەنەوە
شارەوانیی باغڵەر لە ئامەد، لە 1ـى نیسانەوە تائێستا 160 کرێکاری لەسەر کارەکانیان دوورخستووەتەوە.
کرێکارەکان وەک ناڕەزایەتییەک بە راگرتنى بارهەڵگرەکانیان لەبەردەم بینای شارەوانییەکە خۆپیشاندانیان کردووە.
لە هەڵبژاردنى ئەمساڵدا دەم پارتى شارەوانی باغلەرى بردەوە.
رۆژنامە فارسییەکان
ئەبراری ئیقتسادی
گۆشت گرانترین خواردنى سفرەى ئێرانییەکانە
بەگوێرەی راپۆرتی ناوەندی ئامارى ئێران، لە دوو مانگی رابردوودا، هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لە مادە خۆراکییەکان بەراورد بە مانگی پێشوو زیادی کردووە و گۆشتی سوور و پەلەوەر بەرزترین هەڵاوسانیان تۆمارکردووە، کە رێژەی 40%ـە.
هەروەها رێژەی هەڵاوسانی گشتی گەیشتووەته 31% و لەنێوان شتومەکی ناخۆراکیدا، خانووبەرە، وزە و سووتەمەنی و پەروەردە زۆرترین هەڵاوسانیان هەیە، کە 41%ـە.
ئیمروز
ئێران لە پلەی حەوتەمی گەشەی بەرهەمهێنانی کارەبای جیهاندایە
وەزیری وزەى ئێران رایگەیاند، بەگوێرەی دوایین لێکۆڵینەوەکان لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا ئێران 45 تێراوات کاتژمێری بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد کردووە.
لە حکومەتە جیاوازەکاندا رێژەی گەشەی ساڵانە جیاوازە؛ ئێران لە پێگەیەکی بەرزتردایە، بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکەی وەک یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی.
ئێران لە ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبادا لە رۆژاوای ئاسیا پلەی یەکەم و لە ئاسیاش پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە.
لە پلانی گەشەپێدانی حەوتەمدا ئامانجی 123 هەزار مێگاوات توانای بەرهەمهێنانی کارەبای داناوە.
سایه
پیسبوونی هەوا یەکێکە لەو گرفتە جیددیانەی نابێت لەبیر بکرێت
پیسبوونى هەوا ساڵانە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی 26 هەزار کەس لە ئێران، کە زیاترە لە هەموو هۆکارەکانی دیکە، هەرگیز ژمارەی مردن بەهۆی پیسبوونی هەوا بە وردی راپۆرت نەکراوە، بەڵام کاریگەرییەکانی لەسەر تەندروستیی گشتی، بەتایبەتی نەخۆشییەکانی دڵ، نەخۆشییەکانی هەناسەدان و شێرپەنجە، دیارە.
کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی تایبەت و کۆنترۆڵکردنی پیشەسازییە پیسکەرەکان و بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی هایبرید دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی ئەم کێشەیە.
پێویستە حکومەتەکان رێوشوێنی جدی بگرنەبەر بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوا و رێگریکردن لە بەکارهێنانی سووتەمەنی پیسکەری وەک گازۆیل بۆ رێگریکردن لە زیادبوونی قوربانییەکان.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
بایدن یەک هەفتە مۆڵەتی پێدراوە بۆ ئەوەی لە کاندیدی بکشێتەوە
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، تەنها یەک هەفتەی لەبەردەمدایە بۆئەوەی وەڵامی دیموکراتەکان بداتەوە، بەپێچەوانەوە لە کاندیدی دووری دەخەنەوە. ئەمەش دوای ئەوە دێت، کە بایدن لە یەکەم دیبەیتدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ ئاستێکی لاواز و “کارەساتبار”ـی نیشاندا.
لەئێستادا پشتیوانانی بایدن داوا دەکەن لە کەمپەینی بانگەشەکان بكشێتەوە و وەڵامی نیگەرانییەکانیان بداتەوە. بۆ ئەوەش مۆڵەتی یەک هەفتەیان پێداوە.
گاردیەن
ستامەر دەبێت هەڵبژاردنەکانی بەریتانیا بباتەوە، تەنها ئەو دەتوانێت داهاتوومان دیاریی بکات
لە ئێستادا بانگەشەیەکی بەهێز لەنێوان پارتی کرێکارانی بەریتانیا و پارتی پارێزگارانی ئەو وڵاتە، کە حوکمڕانی لەدەستدایە، بەڕێوەدەچێت.
رۆژنامەی گاردیەن، سەرۆکی پارتی کرێکاران، وەک فریادڕەسێک بۆ داهاتووی وڵاتەکە دەناسێنێت و دەڵێت، ئەو تاکە هیوایە بۆ ئەوەی بتوانین داهاتووی وڵاتەکەمان ببینین، چونکە لەماوەی 14 ساڵی رابردوودا، هاووڵاتییانی وڵاتەکە بەشێوەیەکی بەرچاو نیگەرانییەکانیان لە حوکمڕانیی پارتی پارێزگاران زیادی کردووە، هەر لە کێشەی دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا تاوەکو ئەو قەیرانە سیاسی و ئابووریەی رووبەڕووی وڵاتەکە بووەتەوە.
واشنتن پۆست
دادگای باڵای ویلایەتی ئایۆوا لەباربردنی کۆرپەلەی دوای تەمەنی شەش هەفتەیی قەدەغە دەکات
دادگای باڵای ویلایەتی ئایۆوای ئەمریکا رۆژی هەینی رەزامەندیی دەربڕى لەسەر قەدەغەی لەباربردنی ئەو کۆرپەلانەی تەمەنیان دەگاتە شەش هەفتە. ئەمەش یەکێکە لە تازەتریینی ئەو زنجیرە بڕیارانەی لە ساڵی 2022ـەوە سنوور بۆ لەباربردنی کۆرپەلە دادەنێت لەو وڵاتەدا، دوای ئەوەی دادگای باڵای وڵاتەکە کۆتایی بە پارێزبەندیی فیدڕاڵیی پرۆسەکە هێنا.
دیاریکردنی ئەو ئەمەنەش بۆ رێگریی لەباربردن رێک ئەوکاتەیە کە چالاکییەکانی دڵی کۆرپەلە دەستپێدەکەن و لەوکاتەوە دایکان بەگوێرەى یاسا ناتوانن چیدیکە کۆرپەلەکانیان لەبار ببەن.
عەرەب نیوز
ئەردۆغان دەرگای زیندووکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریادا دەکاتەوە
دوای 13 ساڵ لە پچڕانی پەیوەندییەکانیان بەهۆی شەڕی ناوخۆی سوریاوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، دەکرێت پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ سوریا دووبارە زیندوو بکرێنەوە.
ئەردۆغان، دوێنی هەینی رایگەیاند، هیچ هۆکارێک نییە بۆئەوەی ئەوە روونەدات و گوتیشی ئێمە لە رابردوودا پەیوەندییەکانمان بە زیندوویی پاراستووە و گفتوگۆی خێزانیشمان لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریادا هەبووە. ئەمەش لەکاتێکدایە لە ساڵی 2011ـەوە تورکیا چەندین هێرشی بۆسەر گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە سوریا ئەنجامداوە.