زووم..
لە کاتژمێر حەوت و نیوی بەیانی ئەمڕۆ بە کاتی هەرێمی کوردستان، هەڵبژاردنی چواردەیەمین خولی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران بەردەوامە دوای ئەوەی دوو جار وادەکەی درێژکرایەوە.
تائێستا دەزگای هەڵبژاردنی ئێران هیچ رێژەیەکی بەشداری لە هەڵبژاردنەکان بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام بەگوێرەی هەواڵ و چاودێرانی هەڵبژاردنەکە، رێژەی بەشداری هاووڵاتیان کەمە.
لە دەوروبەری عەسردا دەزگای هەڵبژاردنی ئێران رایگەیاند، دوو کاتژمێر وادەی دەنگدان درێژدەکرێتەوە و لە کاتەکانی ئێوارەشدا، دوو کاتژمێری دیکە درێژکرایەوە، واتە تا کاتژمێر 10ـی شەو بەردەوام دەبێت.
لە سەرەتادا شەش کەس خۆیان بۆ پۆستەکە کاندید کردبوو، بەڵام ئەمیرحوسێن قازی زادە و عەلیڕەزا زاکانی کاندیدانی بناژۆخواز بە پاساوی “پاراستنی یەکڕیزی” لە خۆکاندیدکردن کشانەوە، بەمەش ژمارەی کاندیدەکان بۆ چوار کەس کەم بووەوە.
سێ لە کاندیدەکان بناژۆخوازن و یەکێکیشان ریفۆرمخوازە،
راپرسییەکان ئەوە پیشان دەدەن، ئەگەر سەعید جەلیلی یان محەمەد باقر قاڵیباف نەکشێنەوە، مەسعود پزشکیان، تاکە کاندیدی ریفۆرم خواز زۆرترین دەنگ دەهێنێت، بەڵام بەهۆی کەمیی رێژەی دەنگەکانییەوە نابێتە سەرۆککۆمار و هەڵبژاردن دەچێتە گەڕی دووەم.
ریفۆرمخوازەکان دەیانەوێت زۆرترین کەس بەشداری بکات بۆئەوەی چانسی پزیشکیان زیاتر بێت، ئەوەتا کاتێک محەمەد جەواد زەریف، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئێران لەکاتی دەنگدانیدا داوای لە خەڵک کرد دەنگبدەن و گوتی، زیزبوون لە سندوقەکانی دەنگدان دۆخەکە چارەسەرناکات.
بەڵام بەرەی بایکۆت لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهێز بوو، بەگوێرەی وێنە و گرتەیی ڤیدیۆیی کە چالاکانی سیاسی و مافی مرۆڤ بڵاویانکردووەتەوە، بەشێکی زۆر لە بنکەکانی دەنگدان لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان چۆڵن.
هەر بەگوێرەی دەزگای هەڵبژاردن، بڕیارە دواینیوەرۆی سبەینێ شەممە، ئەنجامی هەڵبژاردنەکە رابگەیەنرێت و رەوانەی ئەنجومەنی شارەزایان بکرێت بۆ پەسەندکردنی.