زووم..
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
ئێران سەرۆک هەڵدەبژێرێت و چاوەڕوان دەکرێت هەڵبژاردنەکە بچێتە گەڕی دووەم
هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى کۆمار پێشوەخت لە ئێران بەڕێوەدەچێت و چوار کاندید کێبەرکێی ئەو هەڵبژاردنە دەکەن.
ئەمڕۆ هەینى، دوای تێپەڕبوونى 40 رۆژ لە گیان لەدەستدانى ئیبراهیم رەئیسی دوای روداوى کەوتنەخوارەوەى فڕۆکەکەى، هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار بەڕێوەدەچێت و چاوەڕوانیش دەکرێت هەڵبژاردنەکە بچێتە گەڕی دووەم.
61 ملیۆن دەنگدەر دەتوانن لەو هەڵبژاردنەدا دەنگ بدەن و پرۆسەکەش مۆتەکەى بایکۆت باڵی بەسەرداکێشاوە، لە ئاکامى ئەو بارودۆخە دژوارە ئابووری و بژێوییەى ئەمساڵ وڵاتەکەى گرتووەتەوە.
عەرەبی جەدید
بۆردومانى ئیسرائیل بە کرداریی ناوچەیەکى دابڕاوی دروستکردووە
لەدوێنێوە چەند وڵاتێکى رۆژاوا و روسیاش داوا لە هاووڵاتیانیان دەکەن لوبنان جێبهێڵن، یان لانیکەم بۆ ئەو وڵاتە گەشت نەکەن، ئەمەش لە چوارچێوەى ئەو هەوڵە دیبلۆماسییانەى دەیانەوێت ئەو جەنگە لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان فراوان نەبێت.
دوابەدوای بەردەوامبوونى گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان، چەندین وڵات داوادەکەن هاووڵاتیانیان خاکى لوبنان جێبھێڵن، ئەمە سەرەڕای ئەو راپۆرتانەى ئاماژە بە جموجۆڵی سەربازیی ئیسرائیل دەکەن بە ئاڕاستەى خاکى لوبنان.
عەرەب
تورکیا ئۆپراسیۆنى سەربازیی فراوانى لە ناوچەکانى هەرێمى کوردستان دەستپێکردووە
هەرێمى کوردستان لەژێر مەترسیی لەدەستدانى سێیەکى خاکى پارێزگای دهۆکدایە. ئەو ژێرخانە سەربازییەى تورکیا دەیەوێت لە هەرێمى کوردستان بونیادی بنێت و ئەو هێز و پیتاکە سەربازییەى دەیەوێت بۆ ئەو ناوچانە بیگوازێتەوە، ئاماژەیە بۆ ئەوەى تورکیا دەیەوێت لە ناوچەکە بوونى سەربازیی هەمیشەیی خۆی لەنێو خاکى عێراقدا جێگیربکات، لە چوارچێوەى ئەو هەوڵانەى دەیەوێت جەنگی یەکلاکەرەوە بەرامبەر پارتى کرێکارانى کوردستان ئەنجام بدات.
جەریدە
واشنتن تاران رادەسپێرێت لێپێچینەوە بکات و نەهێڵێت ئیسرائیل جەنگ بەسەر لوبنان بسەپێنێت
سەرەڕای هۆشداریی باڵیۆزخانەکان بۆ چۆڵکردن و گەشتنەکردن بۆ لوبنان، لە سەروو هەمووشیانەوە مۆسکۆ، ئەوەش لەترسی هەڵگیرسانى جەنگی گشتگیری نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا، کە مەترسیی ئەوەى لێدەکرێت ئاگری ئەو جەنگە فراوان بێت.
سەرچاوەیەک لە فەیلەقی قودسی ئێرانەوە کە بە باڵی سەربازیی دەرەکى سوپای پاسداران هەژماردەکرێت، باس لەوە دەکات لەنێوان ئەمریکا و ئێران پەیوەندی هەبووە و هۆشداری دراوە لە هەڵگیرسانی ئەو جەنگە، بە جۆرێک هەوڵی ئەمریکا بۆ ئەوە بووە ناوچەکە گرژیی و ئاڵۆزی زیاتر بەخۆوە نەبینێت.
رۆژنامە تورکییەکان
سەباح
باڵەخانەکانى ئیستەنبوڵ بەهۆى کەمتەرخەمییەوە دەڕوخێن
رووخانی باڵەخانەیەکی حەوت نهۆمی لە ناوچەی باخچەلیئێڤلەرى ئیستەنبوڵ، بەهۆى بومەلەرزەوە نەبوو، بەڵکو بەهۆى کەمتەرخەمییەوە رووخا.
پێش رووخانی دانیشتوانی باڵەخانەکە ئاگادارکرانەوە بەوهۆیەوە باڵەخانەکە چۆڵ کرا و رێگریی کرا لە گیانلەدەستدانی 40 کەس.
ئەم رووداوە جارێکی دیکە لایەنی پەیوەندیداری ئاگادارکردەوە چی زووە ئاوڕ لەو باڵەخانانە بداتەوە مەترسی رووخانی لەسەرە. بەگوێرەى راپۆرتەکان لەئێستا 1556 باڵەخانە لە ئیستەنبوڵ مەترسی رووخانیان لەسەرە.
سۆزجو
بەرپرسانی حکومەتى تورکیا دوو مووچە وەردەگرن
حکومەت ئامادەنییە مووچەی خانەنشینان و کرێکاران زیادبکات، لەکاتێکدا بەشێک لە بەرپرسان دوو مووچەیان هەیە.
ڤەدات ئیشیکهان، وەزیری کار رایگەیاند، مووچەی خانەنشینان زیادناکرێت، ئەمە لە کاتێکدایە مووچەی خۆی 144 هەزار لیرەیە و لە مانگی تەمموزدا بە بڕی 29 هەزار لیرە مووچەکەی زیاددەکرێت.
هاوکات راوێژکارەکانی وەزیر مووچەی 142 هەزار لیرەیان هەیە.
لە دەزگایەکی دیکەى حکومەتەوە مووچەیەیەکی دیکەشیان بۆ بڕاوەتەوە.
میللیەت
لە حەوت پارێزگاى تورکیا رێژەى پەرلەمانتار گۆڕا
بەگوێرەى بڕیارێکی نوێی دەستەى باڵای هەڵبژاردنەکانى تورکیا و لەسەر بنەماى سەرژمێری ئەمساڵ، پۆلێنی 600 کورسی پەرلەمان بەسەر 81 پارێزگاى تورکیا کراوە.
ژمارەى پەرلەمانتاران لە حەوت پارێزگا گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە، ئیستەنبوڵ لە 98 پەرلەمانتارەوە بۆ 96 پەرلەمانتار کەمی کردووە.
لە هاتاى لە 11 پەرلەمانتارەوە بۆ 10 پەرلەمانتار کەمی کردووە، لە کوتاهیا لە پێنج پەرلەمانتارەوە بۆ چوار پەرلەمانتار کەمیکردووە، لە بورسە لە 20 پەلەمانتارەوە بۆ 21 پەرلەمانتار زیادی کردووە، لە ئێسکیشەهیر لە شەش پەرلەمانتارەوە بۆ حەوت پەرلەمانتار زیادی کردووە. لە دێرسیم و بایبورت رێژەکە زیادی کردووە.
یەنی بیرلیک
هەڵبژاردنى پێشوەختە لە تورکیا بووەتە ئەمرى واقع
ئۆزگور ئۆزل، سەرۆکی گشتی جەهەپە رایگەیاند، لەئێستادا جیاوازییەکی گەورە نییە لەنێوان ئەوانەى خوازیارن هەڵبژاردنى پێشوەختە ئەنجام بدرێت و ئەوانەشی هەڵبژاردنی پێشوەختە رەتدەکەنەوە.
ئەو دەڵێت، نیوەی کۆمەڵگەى تورکیا بە چین و توێژە جیاوازەکانەوە لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردنى پێشوەختە ئەنجام بدرێت.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی ئێکسپرێس
بی بی سی پارەی بە بینەرانی داوە بچن لەنێو گفتوگۆى سەرکردە سیاسییەکاندا دەربکەون
کەناڵی بی بی سیی ئینگلیزی زیاد لە 30 هەزار پاوەندی داوە بە خەڵک، وەک کرێیەک بۆئەوەی بچن لەنێو ئەو دیبەیتانەدا دابنیشن، کە لەبارەی هەڵبژاردنەکانەوە بۆ هەردوو سەرکردەی سیاسی ریشی سوناک و کەیر ستامەر لەسەر ئەو کەناڵە رێکدەخرێت.
کەناڵەکە کۆمپانیایەکی راسپاردووە خەڵکی بۆ بەکرێ بگرێت، بۆئەوەی بچن وەک تەماشاکەر دابنیشن. هەر یەکێک لەو کەسانە 150 پاوەندیان پێدراوە بۆ خۆیان و سی پاوەندیش بۆ خواردن و خەرجیی دیکە.
فاینەنشیەڵ تایمز
واشنتن تاوتوێی ناردنى سیستمی بەرگرییە ئاسمانییەکانی پاتریۆتی ئیسرائیلی بۆ ئۆکراین دەکات
مەبەست لە ناردنی ئەم سیستمی بەرگرییانە ئەوەیە بتوانن شەڕی دژی موشەکە روسییەکان بکەن.
هەر سێ لایەنی ئەمریکا، ئۆکراین و ئیسرائیل لە گفتوگۆکردندان و دەیانەوێت هەشت دانە لە سیستمی بەرگریی دژەئاسمانی لە جۆری پاتریۆت بنێرن بۆ ئۆکراین بۆئەوەی بتوانن لە دژی مووشەکە روسییەکان بەرگری بکەن.
ئەگەرچی هێشتا دانوستاندنەکانیش نەگەیشتوون بە خاڵی کۆتایی، بەڵام پێدەچێت لە ئێستاوە جموجوڵەکان دەستیان پێکردبێت بۆئەوەی ئیسرائیل سیستمەکان بگەیەنێت بە ئەمریکا و ئەمریکاش لای خۆیەوە بینێرێت بۆ ئۆکراین
ئیندیپێندەنت
ستارمەر دەڵێت ترسم هەیە ئەگەر لە هەڵبژاردن سەرکەوتنم بەدەستهێنا، هاوسەرەکەم باجەکەی بدات
لە دیدارێکی پڕ لە هەست و سۆزدا ، کەیر ستارمەر راست و رەوان لەبارەی ژیانی خێزانیی خۆی لەگەڵ هاوسەرەکەى و منداڵەکانیدا قسەی کرد، خەمی خۆیی بۆ ئەو پەستانانە دەربڕی کە پێشتر خرابونە سەر باوکی و خوشکەزایەکیشی، کە هاوڕێی منداڵیی خۆی بووە.
باسی لە نیگەرانییەکانی خۆی کرد لەبارەی هەر باجێکەوە کە دەشێت خۆی لە رێگەی خێزانەکەیەوە بیدات، کاتێک دەیەوێت گۆڕانکاری لە بەریتانیادا دروست بکات.
ستارمەر بەوە ناسرابوو، کەسێکی وشک و زۆر بێهەست بێت، بەڵام کە لە دیدارێکدا قسەی بۆ جۆردی گرێگ کرد، وشک دیار نەبوو، بەڵکو پڕبوو لە هەست و سۆز.
وۆڵ ستریت جۆرنەڵ
سیستمێکی دادوەریی تەمومژاوی لەمپەر بۆ دەستەی پشتیوانیکردن دروست دەکات
پەیامنێرێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرنەڵ لە روسیا دادگایی دەکرێت، لێپرسینەوەکەی براوەتە دادگایەک، کە تائێستا کەمترین کەس توانیویانە وەک بێتاوان لێی دەربچن.
بەیانیی رۆژی چوارشەممە ئیڤان گەرشکۆڤیچی پەیامنێری رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرنەڵ برایە ژووری دادگای یەکاترینبورگ بۆئەوەی بە نهێنی دادگایی بکرێت.
پەیامنێرانی کەناڵە تەلەڤزیۆنەکان لەوێ بوون و تۆمەتبارەکەش لەودیوی شووشە بەندێکی گولـلەنەبڕەوە وەستابوو، بەگوێرەى یاساکانی دادگاکە تازە سەری سفرکرابوو.
رۆژنامەنووسێکی ئەمریکی لەنێو دادگایەکی روسیدا دادگایی کرا، بەڵام نە نوێنەری باڵوێزخانەی ئەمریکای لێبوو، نە رێگە بە هاوڕێکانی تۆمەتبارەکە و پەیامنێرانیش درا پرۆسەی بەڕێووەچوونی دادگاییکردنەکەی ببینن. ناوبراو تەمەنی 32 ساڵە، ئەمریکییە و لە مانگی ئازارى ساڵی رابردووەوە بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئەمریکا لەنێو روسیادا زیندانی کراوە.