زووم..
بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی وزەی عێراق دەڵێت، بە قاچاخبردنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان لە تەواوی عێراق بە ڕێژەی لەسەدا 98 کۆنترۆڵکراوە.
لیوا زافر نەزمی، بەڕێوەبەری پۆلیسی وزەی عێراق لەو بارەیەوە بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی گوتووە، لەمساڵدا 450 تۆمەتباری بەقاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکان دەستگیرکراون و رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە.
لیوا زافر نەزمی دەڵێت، بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی نەوتی عێراق بەقاچاخبردنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان بە ڕێژەی لەسەدا 98 کۆنترۆڵکراوە، ئەو رێژەیەشی ماوە بردنی نایاسایی بەرهەمە نەوتییەکانە لە کۆگا بچووکەکان و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.
بەڕێوەبەری پۆلیسی وزەی عێراق جەختی لەوەشکردووەتەوە، بە شێوەیەکی گشتی بەقاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکانیان کۆنترۆڵکردووە و هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت و کێڵگەکانی نەوت و کۆمپانیا بیانییەکانی ئەو بوارە بەڕێژەی لەسەدا سەد پارێزراون.
دەشڵێت، لە شەش مانگی رابردوودا 15 ملیۆن لیتر لە بەرهەمی نەوتی بەقاچاخبراو دەستیبەسەردا گیراوە و گەڕێنراوەتەوە بۆ کۆگاکانی حکومەت. ساڵی رابردووش 33 ملیۆن لیتر بەرهەمی نەوتی بەقاچاخبراو گەڕێنراوەتەوە بۆ کۆگا حکومییەکان.