زووم..
نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان 20ـى تشرینی یەکەمی ئەمساڵی بۆ رۆژى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دیاریکرد.
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژى سەرۆکایەتیی هەرێمى کوردستان لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا فەرمانە هەرێمییەکەى خوێندەوە کە تێیدا 20ـى تشرینی یەکەم بۆ رۆژى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دیاریکراوە.
گوتیشى، پەیوەندییان بە سەرجەم لایەنەکانەوە کردووە بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن، بەڵام هەمووان لەسەر ئەو رۆژەى دیاریکراوە کۆک نەبوون.
راشیگەیاند، هیچ خاڵێکی ناکۆک نەماوە کە ببێتە رێگر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.
رۆژی یەکشەممەی رابردوو زووم لە زاری سەرچاوەیەکی باڵا لە سەرۆکایەتیی هەرێم ئاشكرای کرد، ئەم هەفتەیە سەرۆکی هەرێم پێنجەم مەرسووم دەردەکات.
هاوکات سەرچاوەیەک لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە زوومی گوت، دەتوانن لە 20ـی ئۆکتۆبەردا هەڵبژاردنەکە ئەنجام بدەن.