زووم..
فادی شەمەری، راوێژکاری سیاسیی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەتەوە کە باس لە کردنەوەی بارەگای فەرمیی بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی دەکەن لە عێراق.
فادی شەمەری لە لێدوانێکی بۆ رۆژنامەی شەرقلئەوسەت راگەیاندووە، حکومەتی عێراق هیچ داواکارییەکی بۆ گواستنەوەی سەرکردەکانی بزوتنەوەی حەماس یان کردنەوەی نوسینگەی فەرمی لە عێراق پێنەگەیشتووە.
هاوکات سەرچاوەیەکی نزیک لە حکومەتی عێراق بە رۆژنامەکەی گوتووە، گواستنەوەی سەرکردەکانی حەماس وەک خالید مەشعەل و ئیسماعیل هەنیە بۆ بەغداد بە دوور دەزانرێت.
دووپاتیشیکردوەتەوە، حەماس بۆ گواستنەوەی سەرکردەکانی و کردنەوەی نوسینگەی لە عێراق، هیچ داواکارییەکی بۆ حکومەتی عێراق نەناردوە و ئەوەی لەو بارەیەوە باس دەکرێت دوورە لە راستییەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە لە چەند رۆژی رابردوودا وا بڵاوکرایەوە مانگی رابردوو نوێنەری حکومەتەکانی عێراق و ئێران و ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی نوسینگەی مەکتەبی سیاسیی حەماس گفتوگۆیان لەبارەی پلانێکەوە کردووە بۆ گواستنەوەی بارەگاکانی حەماس لە دەوحەوە بۆ بەغداد.