زووم..
ئەمریکا ئەوپەڕی فشارەکانی بۆسەر ئیسرائیل خستووتەکار بۆ دوورکەوتنەوە لە تێکهەڵپژانی ئانوساتی لەگەڵ حزبوڵای لوبنانی و هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیبلۆماسی بۆ ئاڵۆزییەکان دەدات بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی قەیرانێکی دیکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
رۆژانە سوپای ئیسرائیل و هێزەکانی حزبوڵای لوبنانی کە هاوپەیمانی سەرسەختی ئێرانە بۆردومان یەکتر دەکەن، هەفتەی رابردوو سوپای ئیسرائیل رایگەیاند پلانی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی بۆسەر لوبنان پەسەندکردووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هیوادارە هەردوولا بگەنە رێککەوتن لەسەر ئاگربەستی غەزە و ئاڵوگۆڕی بارمتەکان تاوەکو رێگری بکەن لە هەڵگیرسانی جەنگ لە بەرەی لوبنانەوە.
ساموێل روبێرگ، گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە سکای نیوزی عەرەبی رایگەیاند، سەرنجی سەرەکی واشنتن ساردکردنەوەی دۆخەکەیە لەرێگەی گەیشتن بە رێککەوتنێک و دەڵێت، تەواوی هەوڵی خۆیان دەدەن لەوبارەیەوە.
هاوکات رافائیل کۆهین، شارەزا لە زانستە سیاسییەکان لە دەزگای توێژینەوە راند بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، ئیدارەی بایدن نیگەرانییەکی زۆری هەیە لەوەی ئاڵۆزییەکانی سنووری لوبنان و ئیسرائیل بگۆڕێت بۆ جەنگێکی فراوان.
دەشڵێت، واشنتن دوو مەترسی گەورەی هەیە، یەکەم بەهۆی ئەوەی جەنگەکە وێرانکەر دەبێت بۆ هەردولا، دووەمیش مەترسیی گەورەبوونی جەنگەکەیە بۆ جەنگێکی هەرێمیی گەورەتر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
کۆهین جەختیکردەوە کە حزبوڵا سەرەرمی گرووپە بریکارەکانی ئێران، بۆیە ئێران زۆرترین ئامادەیی هەیە بۆ دەستێوەردانی راستەوخۆ.
بەگوێرەی ئامارەکانی فرانس پرێس، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکان لە سنووری لوبنان و ئیسرائیل، تائێستا 481 کەس لە لوبنان کوژراون کە 94 کەسیان مەدەنییە و 313ـی دیکەیان چەکداری حزبوڵان، هاوکات 15 سەرباز و 11 هاووڵاتی مەدەنیی ئیسرائیلیش کوژراون.
لەئێستادا یوئاف گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە واشنتنە بۆ جەختکردنەوە لە توندوتۆڵیی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو هاوپەیمانە سەرسەختە، ئەمریکییەکان دەیانەوێت ئەم سەردانە بقۆزنەوە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی دیبلۆماسی.
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی گوتی، “دەکرێت جەنگی چاوەڕوانکراوی ئیسرائیل و حزبوڵا بگۆڕێت بۆ جەنگێکی هەرێمی و دەرئەنجامێکی وێرانکەری بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێت” و جەختیکردەوە کە “هەوڵە دیبلۆماسییەکان باشترین ئامڕازن بۆ رێگری لە پەرەسەندنی ئەو ئاڵۆزییانە.”
هاوکات یۆئاف گاڵانت لە کۆبوونەوەکەدا گوتی، “پێکەوە کاردەکەین بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، بەڵام لە هەمان کاتدا خۆمان ئامادە دەکەین بۆ هەموو سیناریۆیەکی چاوەڕوانکراو.”