رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
عەبادی: سەرکردەکانى شیعە داواى کوشتنى خۆپیشاندەرانیان لێکردم
حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانى پێشووى عێراق نهێنیەکى مەترسیداری ئاشکرا کرد و رایگەیاند، هەندێک لە سەرکردە شیعیەکانى نێو چوارچێوەى هەماهەنگی ئێستا، لە 2016 داواى کوشتنى خۆپیشاندەرانیان لێدەکردم، کە لەسەر داواى موقتەدا سەدر هاتبوونە سەر شەقام.
عەبادى دەڵێت، ئەوان داوایان دەکرد فڕۆکە لە دژیان بەکاربهێنم، لەوکاتەى هەڵیانکوتایە سەر نووسینگە تایبەتەکەم، هەرچەندە ئەم کارە نایاسایی بوو، بەڵام من هێزم لە دژى هاووڵاتیان بەکارنەهێنا.
عەبادى ناوى هیچ یەکێک لە سەرکردەکانى نەهێناوە، بەڵام دواى بڵاوبونەوەى قسەکانى کاردانەوەى خەڵکی لێکەوتوەتەوە، لایەنگرانى سەدر نیگەرانییان دەربڕیوە و لایەنگرانى چوارچێوەى هەماهەنگیش بە سەرسوڕمانەوە نووسیویانە بۆچى عەبادى دواى هەشت ساڵ ئەم بابەتە دەوروژێنێت، ئەوە جێگەى پرسیارە.
سەباح
ترەمپ داوا لە بایدن دەکات پشکنینى پزیشکی ئەنجام بدات
بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە دیبەتى نێوان دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن بەڕێوەبچێت و تێیدا رووبەڕوو لەسەر بەرنامەکانیان گفتوگۆ بکەن.
ترەمپ لە تۆڕى تروس سۆشیاڵى تایبەت بەخۆی نووسیویەتى، با پێش لەو وادەیە بچێت پشکنینێکى پزیشکی بکات، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو دەنگۆیەى باس لە بەکارهێنانى مادەى وزەبەخش دەکات تاوەکو لە دیبەیتەکەى پێنج شەممەدا باشتر بتوانێت بەرنامەکانى بخاتەڕوو.
رونى جاکسون، راوێژکارى پێشووى بوارى پزیشکی لە کۆشکى سپی پێشتر لە رێگەى کەناڵى فۆکس نیوزەوە رایگەیاند، بەناوى ملیۆنەها کەسى ئەمریکییەوە داوا دەکەین بایدن پشکینینى پزیشکى ئەنجام بدات، چونکە دەزانین دەرزی تایبەتى وزە بەخشى بەکارهێناوە.
مەدا
لەیەک ساڵدا 65 ملیۆن عێراقى نەخۆشکەوتون و ژمارەى توشبوانى شێرپەنجەش ئاشکرادەکرێت
ماجید شەنگالی، سەرۆکی لیژنەى تەندروستیى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، بەگوێرەى ئاماری تەندروستى لە ساڵی 2023ـدا 65 ملیۆن جار هاووڵاتییانى عێراقى سەردانى نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیەکانیان کردووە، ئەوە لەکاتێکدا ژمارەى دانیشتوانى عێراق لە ئێستادا کەمترە لە 43 ملیۆن هاووڵاتییە.
رایگەیاندووە، هەر لەو ساڵەدا زیاتر لە 300 هەزار کەس نەشتەرگەریی گەورە و بچووکیان بۆ ئەنجامدراوە.
هاوکات سەباح هەورامی، بەڕێوەبەرى گشتیی تەندروستیى سلێمانى بە رۆژنامەى مەداى راگەیاندووە، لە ساڵی 2023ـدا لە هەرێمى کورستان نۆ هەزار و 911 کەس تووشی نەخۆشیى شێرپەنجە بوون، لەو ژمارەیەش چوار هەزاریان لە سلێمانى تۆمارکراون.
قودسى عەرەبی
نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، رۆژانە 10 منداڵى غەزە قاچیان لەدەستدەدەن
نەتەوەیەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا باس لە نەهامەتییەکانى جەنگى غەزە دەکات و دەڵێت، 69%ـى دانیشتوانى غەزە رۆژانە یەک ژەم خواردنیان دەستناکەوێت و سەرجەم نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانیش دەرمان و چارەسەریان تێدا نییە.
لە راپۆرتەکەدا فلیپ لازارینى رێکخەرى کاروبارەکانى ئۆنروا رایگەیاندووە، رۆژانە 10 منداڵ قاچێک یان هەردوو قاچیان لەدەستدەدەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ئامارە ئەو منداڵانە ناگرێتەوە، کە دەستیێک یان هەردووکیان یاخود ئەندامێکى دیکەى جەستەیان لەدەستدەدەن.
رۆژنامە فارسییەکان
ئەبرار
کەنەدا رێگە بە دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار لە وڵاتەکە نادات
موحسین ئیسلامی، گوتەبێژی مەڵبەندی هەڵبژاردنەکان سەبارەت بە دەنگدانی ئێرانییەکان لە دەرەوەی وڵات لە کەنەدا و ئەمریکا رایگەیاند، وەزارەتی دەرەوە بەرپرسیارە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە دەرەوەی وڵات، لە ئەمریکاش سندوقەکانی دەنگدان پلانی بۆ دانراوە و پڕۆسەی دەنگدان لە باڵیۆزخانەی ئێران تەواو بووە و دەنگدان بەشێوەی فەرمی رێگەپێدراو دەبێت.
ئیسلامی دەڵێت، لە کەنەدا مۆڵەتی هەڵبژاردن لە لایەن حکومەتەوە رێگەى پێنەدراوە و پرۆسەى دەنگدان بۆ هاووڵاتیانى ئێران لەو وڵاتە بەڕێوەناچێت.
ئەسکەناس
289 شارى ئێران رووبەڕووی کەمیی ئاو بوونەتەوە
هاشم ئەمینی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاوی ئێران رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵدا 500 شار کێشەى کەمی ئاویان هەبووە، ئێستا ژمارەکە بۆ 289 شار کەمبووەتەوە.
ئەو دەڵێت، وڵات لە کەشوهەوایەکی وشک و نیمچە وشکدایە و بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان زۆر گرنگە.
هاشم ئەمینی رایگەیاند، رێژەی بارانبارین لە ئێران کەمترە لە تێکڕای بارانبارین.
دەشڵێت، پلانەکانی وەزارەتی وزە لە ساڵی رابردووەوە بۆ تێپەڕاندنی لوتکەی هاوین و دابینکردنی ئاو دانراون، ئەوانەشى ئاو بەفیڕۆ دەدەن سزا دەدرێن.
ئازەربایجان
قەبارەی هەناردەى غاز لە ئێران دوو هێندە زیادی کردووە
لە سێ ساڵی رابردوودا هەناردەی غازی شل لە ئێران زیادیکردووە، ئێران بە هاوکاری دیپلۆماسی وزە توانیوێتی غازی شل بۆ وڵاتانی جیاواز هەناردە بکات.
دەڵێت، لەم ماوەیەدا بە کۆنترۆڵکردن و دابینکردنی ژێرخانی هەناردەکردن، قەبارەی هەناردەکردنی غازی شل بەراورد بە ساڵی 2019 زیادیکردووە. هەناردەی غازی شل لە سێ ملیۆن تۆن بۆ شەش ملیۆن تۆن بووە، کە ئەمەش بە رێژەی 100% زیادی کردووە.
بەگشتی لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا قەبارەی هەناردەى غازی شل لەلایەن ئێرانەوە گەیشتووەتە 19 ملیۆن تۆن.
ئەفکار
بە ئامادەبوونی خێرخوازان 1560ـهەمین قوتابخانە لە لوڕستان کرایەوە
محەمەد عەلی رەزەوی، لە 26ـهەمین فێستیڤاڵی خێرخوازانی بینای قوتابخانەکانی پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، بە ئامادەبوونی خێرخوازان 1560تهەمین قوتابخانەمان لە لوڕستان کردەوە، ئەمە لەکاتێکدایە، کە 1057 خێرخوازی بیناسازی قوتابخانە لەم پارێزگایە چالاکن.
ئەو جەختی لە پێویستی دروستکردنی قوتابخانە لە لوڕستان و رەچاوکردنی دادپەروەری پەروەردەیی لە ناوچە بێبەشەکان کردەوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
تایمز
کڵێسای ئینگلتەرا دەڵێت سۆشیاڵ میدیا رێگایەکە خەڵک بەرەو “بێمێشک”ـی دەبات
کڵێسای بەریتانی دەڵێت، زۆر بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا رێگایەکە خەڵک دەخاتە سەر ئەو رێگایەی “بێمێشک” ببن.
ئێستا خەڵکی بەریتانیاش وایان پێخۆشە هەر لە روانگەی قسەوباسەکانی نێو سۆشیاڵ میدیاوە، بڕیار لەسەر کەسایەتییە ناودارەکانی خۆیان بدەن، بەبێ ئەوەی بپرسن ئەو کەس و لایەنانەی ئەم زانیارییانە بڵاودەکەنەوە کێن؟
راپۆرتێکی بڵاوکراوە ئاماژەی بەم مەترسییە داوە، کە بەدواداچوونی لەسەر ئەو بابەتە کردوە، چۆن کڵێسا بتوانێت متمانە بۆ خەڵک بگەڕێنێتەوە؟
دەیلی تەلەگراف
ئاسانج بەرەو ئازادی دەفڕێت
لاپەڕەی یەکەمی رۆژنامەی دەیلی تەلەگراف وێنەیەکی گەورەی جولیان ئاسانجی رۆژنامەنووسی ناسراوی ئوسترالیی دامەزرێنەری ماڵپەڕی ویکیلیکسی بڵاوکردووەتەوە، کە لە دیوی ناوەوەی جامی فڕۆکەیەکەوە سەیری دەرەوە دەکات، لەسەری نووسیوە ئاسانج بەرەو ئازادی دەفڕێت.
ئاسانج ئازادکراوە، بە فڕۆکەیەک لە لەندەنەوە دەچێت بۆ بانکۆکی پایتەختی تایلەند، بۆئەوەی بۆ پشوویەکی کاتی بمێنێتەوە.
ئاسانج لە بەریتانیا لە زیندان ئازادکرا، بۆئەوەی بچێتە ئەمریکا و لەوێ دادگایی بکرێت، کە پێشوەختە بەڵێنی وەرگرتوە ئازادی بکەن و ئەو ماوەیەی بۆ لەپێشچاو بگرن، کە لە بەریتانیادا لە زینداندا بووە.
گاردیەن
پێنجەمین کەسی سەر بە پارێزگاران لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت
کەسایەتییەکی سیاسیی سەر بە پارتی پارێزگارانى بەریتانیا دەبێت بە پێنجەمین کەسی حزبی، لەلایەن دەستەیەکی چاودێریکردنی تێوەگلان لە قومارکردنەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، دەگوترێت ئەم لێکۆڵینەوەیە کاریگەری دەخاتە سەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن.
ئەو کەسایەتییە ناوی ویلیەمزە و کاندیدى ناوچەی وێستمنستەرە، گرەو و قوماری لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن کردووە و پارەیەکی زۆری وەک بارمتە لەسەر ئەو قومارە داناوە.
واشنتن پۆست
قەدەغەکردنی ئەفیوون لەلایەن تالیبانەوە کاریگەری دەخاتە سەر گۆڕانی ژینگەی جیهان
وێنەی سەرەکیی لاپەڕەکە چەند کەسێکی سەر بە تالیبان پیشاندەدات، کە کێڵگەیەکی چێندراو بە ئەفیوون لەناودەبەن.
نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، لەپێش ئەوەی تالیبان بچێتە سەر دەستەڵات، ئەفغانستان گەورەترین هەناردەکەری ئەفیوون بووە.
رێژەی 80%ـى ئەفیوونی بەرهەمهێندراوى هەموو جیهان لەنێو ئەفغانستان بەرهەمدەهێندرێت.
بە دووساڵ دواى گەیشتنی تالیبان بە دەستەڵات، ئەفیون قەدەغە کراوە و جووتیارە ئەفغانییەکان ئێستا دەتوانن زەوییەکانیان بە هەر دانەوێڵەیەکی دیکە بچێنن، بەڵام نابێت ئەفییون بێت.
رۆژنامە تورکییەکان
حوڕییەت
هێڵی ئاسمانیی تورکی لە ئەوروپا باشترینە
بۆ جارى نۆیەم هێڵی ئاسمانیی تورکی بە باشترین هێڵی ئاسمانی هەڵبژێردرایەوە و لەلایەن کۆمپانیاى سکای تراکسەوە خەڵاتی باشترین درایە بیلال ئێکشی بەڕێوەبەرى گشتیی هێڵی ئاسمانیی تورکی، لە لەندەنى پایتەختى بەریتانیا.
هێڵی ئاسمانیی تورکی لە ئەوروپای رۆژهەڵات و ئەوروپای رۆژاوا بە باشترین هێڵی ئاسمانیی دەستنیشان کراوە.
سەباح
ئۆتومبێلی تۆگ دەخرێتە بازاڕی ئەورپاوە
ئۆتومبێلی دروستکراوی تورکیا بەناوى تۆگ، لەمساڵدا ناوى لە ریزبەندی زۆرترین داهاتی کەرتی پیشەسازیی تورکیا هاتووە.
لە ساڵى 2023دا، بە بەهای زیاتر لە 24 ملیار لیرە فرۆشی هەبوو، لە لیستی 500 دروستکراوی پیشەسازیی تورکیادا لە ریزبەندی 42ـهەمیندا ناوی هاتووە.
بڕیارە لە ساڵی داهاتوودا تۆگ هەناردەى وڵاتانی ئەوروپا بکرێت.
سۆزجو
لە تورکیا نادادپەروەریی لە کەمکردنەوەى خەرجییەکان دەکرێت
ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاند، حکومەتى تورکیا لەلایەک خەرجییەکانی بۆ کاسپکاران، جووتیاران و خانەنشینان کەم دەکاتەوە، لەلایەکی دیکەوە بە بڕی 660 ملیار لیرە بڕیاری لێخۆشبوون لە باجی کۆمپانیاکانی نزیک لە خۆى دەدات.
ئەمە پێیناگوترێت کەمکردنەوەی خەرجییەکان، ئەمە تاڵانییە، دەستبردن بۆ گیرفانی خەڵکە و دەوڵەمەندکردنى چینی سەرمایەداریی نزیک لە دەسەڵاتە.
تورکیا
وەزیری دارایی تورکیا لە شاندەکەی جەهەپە نیگەرانە
سەردانەکەى شاندی جەهەپە بۆ لاى محەمەد شیمشەک، وەزیری دارایی تورکیا نیگەرانی وەزیری لێکەوتەوە.
شیمشەک رایگەیاند، شاندەکە بۆ چاوپێکەوتن نەهاتبوون، بەڵکو بۆ ئەوە هاتبوون فەرمان بە سەر ئێمەدا بکەن، ئۆمێدەوارم ئەو سەردانە کاریگەریی نەرێنی لەسەر پڕۆسەى ئاساییبونەوەى سیاسی لەنێوان ئاک پارتى و جەهەپە دروست نەکات.