زووم، ئاژانسەکان:
ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە)، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی نزیک لە پەکەکە، ئاماژەی بە ئۆپراسیۆنی ئاسمانیی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا کرد، کە کاتژمێر 12.00ی شەوی 19ی تشرینی دووەم ئەنجامدرا و بەشێک لە شار و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و رۆژئاڤای کوردستان کرانە ئامانج.
ئاڵدار خەلیل دەڵێت، دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە دەیەوێت بە درێژکردنەوەی قەیرانی سووریا، لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە تاوەکو خۆی وەکو لایەنی سەرکەوتوو نیشانبدات “هەوڵی خەڵەتاندنی رایگشتیی ناوخۆیی و دەرەوەی تورکیا دەدات”.
ئەندامەکەی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە، بە “توندی” رەخنەی لە ئەمریکا و ناتۆ گرت و ئەوەی خستەڕوو، کە تورکیا 50 درۆن و فڕۆکەی جەنگیی لەهێرشەکەیدا لەدژی رۆژئاڤای کوردستان بەکارهێناوە “تورکیا بەبێ مۆڵەتی زلهێزەکانی جیهان ناتوانێت هێرشبکاتە سەر باکور و رۆژهەڵاتی سووریا، لە هێرشەکانیشیدا موشەکی ناتۆ و ئەمریکای بەکارهێناوە، بەمەش ئاشکرا دەبێت کە ئەو وڵاتانە هاوبەشی هێرشەکانی تورکیان بۆ سەر هەرێمەکە”.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا دیمەنی بۆردومانەکانی بڵاوکردەوە
https://www.facebook.com/zoomnewskrd1/videos/1259875371243795/
کاتژمێر 12.00ی شەوی 19ی تشرینی دووەم، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، لەژێر ناوی ئۆپراسیۆنی “چنگی شمشێر” هێرشێکی فراوانیان بۆ سەر ژمارەیەک شار و ناوچەی هەرێمی کوردستان و رۆژئاڤای کوردستان دەستپێکرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لە هێرشەکەدا 89 بارەگای پەکەکە/ یەپەگە بەئامانج گیراون و میدیا تورکیەکانیش باسیان لەوەکرد، زیاتر لە 70 فڕۆکە لە هێرشەکەدا بەکارهێنراون.
میدیاکانی نزیک لە خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سووریا، رایانگەیاند، بە گوێرەی دوایین ئامار، 13 هاوڵاتی مەدەنی، 6 شەڕڤان و 20 سەربازی سوپای سووریا لە هێرشەکاندا کوژراون و بە دەیان کەسیش برینداربوون.