زووم..
لە ئامەدی باکوورى کوردستان چەند کەسێک بە گوتنەوەى دروشمی “لە ئامەد بورگەر کینگمان ناوێت ئەڵاوئەکبەر” هێرش دەکەنەسەر خواردنگەى ستاربەکس و بورگەر کینگ. کە دوو براندى خواردنى خێرای ئەمریکیین. ئەو گروپە دەڵێن ستاربەکس و بورگەر کینگ پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکەن. ئەمەش وەک کاردانەوەیەک لە هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ سەرغەزە.
هێرشەکە لە کاتی ئێوارەدا بوو کە کۆمەڵێک کڕیاری زۆر لەناو خواردنگەکەدا بوون، هێرشبەران زیانێکی زۆری ماددییان بە خواردنگەکە گەیاند و لەگەڵ کڕیارەکانیشدا کەوتنە گفتوگۆ.
بەگوێرەى هەواڵێکی ئامیدا خەبەر، لەهێرشەکەی لقی بورگر کینگ لە ناوچەی سووری ئامەد، هیچ زیانێکی گیانى نەبووە.
بورگر کینگ براندێکی ئەمریکییە و گەورەترین زینجیرە خواردنی خێرایە لە 100 وڵاتی جیهاندا، 30 هەزار لقی هەیە و بەهاکەى 40 ملیار دۆلارە.
لەماوەى شەڕی ئیسرائیل و غەزە لە چەند پارێزگایەکی تورکیا، وەک ئەدەنە، ئەنقەرە، ئیستەنبوڵ هێرشکرایە سەر لقەکانی بورگر کینگ و ستار بەکس، بەڵام هێرشەکەى ناوچەی سووڕی ئامەد کاردانەوەى لێکەوتەوە.
رۆژێک لە پاش رووداوەکە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا راگەیاند: هێزەکانی ئاسایش لە ئامەد، 16 لەو هێرشبەرانەی ستاربەکس و بورگەر کینگ-یان دەستگیرکردووە.
هاوکات پارتی دۆزی رەوا (هودا پار)، کە ناوەندی سەرەکی لە ئامەدە، پارتێکی کوردییە و ئەندامەکانى پێشتر لەنێو حیزبوڵای باکوورى کوردستاندا بوون، رایانگەیاندووە کە ئەو هێرشانە هیچ پەیوەندییەکیان بە ئەوانەوە نییە.
سەرهات ئێرەن، پەرلەمانتارى دەم پارتی لە بازنەى ئامەد دەربارەى هێرشەکەى ئەو گروپە بۆ سەر خواردنگەکەی ئامەد، لە دانیشتنى دوێنێی پەرلەماندا چەند پرسیارێکی ئاڕاستەى سەرۆکی پەرلەمان کرد و بانگهێشتی وەزیرى ناوخۆ دەکات وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە. یەک لەو پرسیارانەش دەڵێت ئایا پێش ئەنجامدانی هێرشەکە ئێوە هیچ زانیارییەکتان لابووە؟ ئایا ئەوە راستە هێرشبەران ئەندامی ئاک پارتى و هوداپار بوون؟
هێرشبەرەکانی پێشووتر سەرەڕای ئەوەی زیانێکی ماددی زۆریان بە زنجیرە خواردنگەکانی بورگر کینگ و ستار بەکس دابوو، ئازادکران، بەڵام تائێستا چارەنووسی دەستگیرکراوانى ئامەد دیارنییە.