زووم، ئاژانسەکان:
هەمووان شۆک بوون، کاتێک لە ئاهەنگی کردنەوەی مۆندیالدا بینییان رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر بەدەم یەکدییەوە پێدەکەنن و تەوقە دەکەن.
پاش نۆ ساڵ لە تێچکوونی پەیوەندییەکانی نێوانیان، ئەردۆغان و سیسی لە پەراوێزی ئاهەنگی کردنەوەی مۆندیالدا تەوقە دەکەن
پێگەی فەرمیی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا وێنەکەی بڵاوکردووەتەوە، ئاژانسی ئەنادۆڵۆش ئاشکرایکردووە، ئەردۆغان و سیسی پاش تەوقەکردنەکە بۆ ماوەیەکی کورت پێکەوە وەستاون و گفتوگۆیان کردووە.
ئەم تەوقە و یەکتربینینە لەکاتێکدایە لەوکاتەوەی سیسی بووەتە سەرۆکی میسر، پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات گرژیی تێکەوتووە.
ئەردۆغان جگە لە سیسی، چاوی بە هەریەک لە مەحمود عەباس سەرۆکی فەلەستین و شا عەبدوڵڵای ئوردن کەوتووە.
هەڵوێستە “توندەکانی” ئەردۆغان لە رابردوودا
تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و قاهیرە دەگەڕێتەوە بۆ تەمموزی 2013، ئەوکاتەی عەبدولفەتاح سیسی فەرماندەی ئەوکاتی سوپای میسر کۆتایی بە دەسەڵاتی محەمەد مورسی و ئیخوانەکان هێنا.
کۆتایی حوکمی ئیخوان لە میسر گرژیی خستە نێو پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتەوە، بەوپێیەی ئەردۆغان پشتیوانێکی سەرسەختی مورسی و ئیخوانەکان بوو.
ساڵی 2019 ئەوکاتەی محەمەد مورسی لەنێو زینداندا کۆچی دوایی کرد، ئەردۆغان زۆر بەتوندی رەخنەی لە دەسەڵاتی میسر گرت و گوتی، “هەرگیز مێژوو رەحم بەو ستەمکارانە ناکات، کە لە رێگەی زیندانیکردن و هەڕەشەی سزای لەسێدارەدانەوە، خەڵکانێک بەرەو مەرگ دەبەن”.
ئەردۆغان یەکێک بوو لەوانەی سەرسەختانە پشتگیریی لە محەمەد مورسی دەکرد
چەند مانگێک بەر لەو رووداوەش، ئەردۆغان وەکو ئاماژەیەک بۆ سیسی لە بۆنەیەکدا گوتبووی، “قسە لەگەڵ خەڵکی وەهادا ناکەم”.
ئاماژەی باشبوونی پەیوەندییەکان
لە ساڵی رابردووەوە ئەنقەرە و قاهیرە لەسەر ئاستی بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دەرەوە دەستیان بە کۆبوونەوە و گفتوگۆ کردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی تورکیادایە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی لەگەڵ هەریەک لە میسر، ئیمارات، سعودیە و ئیسرائیل.
ئەگەرچی بەرپرسانی میسر ترسیان لە نزیکبوونەوەی زیاتر هەبوو، بەڵام سەرۆککۆماری تورکیا لە تەمموزی رابردوودا رایگەیاندبوو هیچ بیانوویەک نییە بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی باڵا دەست بە گفتوگۆ نەکەین.
پاش گەڕانەوەشی لە لوتکەی گروپی بیست لە ئیندۆنیزیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنوسانی وڵاتەکەی بەجۆرێک لە جۆرەکان ئاماژەی بەوەدابوو کە ئامادەییان تێدایە پیاچوونەوە بە پەیوەندییەکانیاندا بکەن لەگەڵ هەریەک لە سووریا و میسر.
ئەردۆغان گوتبووی، “دەتوانین چاو بە پەیوەندییەکانمان بخشێنینەوە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کێشەمان لەگەڵیاندا هەیە. تەنانەت دەتوانین لە سفرەوە دەستپێبکەینەوە، بەتایبەت پاش هەڵبژاردنەکانی حوزەیرانی داهاتوو”.
رەجەب تەیب ئەردۆغان پێشتر رایگەیاندووە، کە جارێکی دیکە خۆی بۆ سەرۆکایەتیی تورکیا کاندید دەکاتەوە لە هەڵبژاردنەکانی هاوینی 2023.
ئەگەرچی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا وێنەکەی ئەردۆغان و سیسی بڵاوکردوەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنی میسری هیچ لێدوانێکی لەوبارەیەوە نەداوە.