رۆژنامە عەربییەکان
شەرقلئەوسەت
عێراق لەگەڵ ئێران و تورکیا رێککەوتووە بۆ توندوتۆڵکردنى سنوورەکانى
محەمەد سەعیدى، فەرماندەى هێزەکانى پاسەوانى سنووری عێراق رایگەیاند، عێراق سنوورێکى هاوبەشى گەورەى لەگەڵ شەش وڵات هەیە، بۆ هەریەکەیان پلانى تایبەت بەخۆی هەیە، لەسەرداواى ئێران بارەگاى هیچ هێزێکى ئۆپۆزسیۆن لەسەر سنوورەکان نەماوە و چەکەکانیان لێوەرگیراوە، بەڵام هێشتا ئەندامەکانیان کۆنەکراونەتەوە تاوەکو نەتەوەیەکگرتووەکان کاریان بۆ بدۆزێتەوە یان بیانباتە وڵاتى سێیەم.
ئەو دەڵێت، لەگەڵ تورکیاش رێککەوتووین بە کۆنترۆڵکردنى هاوبەشى 30 بۆ 40 کیلۆمەترى هەوایی لەنێو خاکى عێراق تاوەکو لەلایەک مەترسى پارتى کرێکاران لەسەر تورکیا کەم ببێتەوە و لەگەڵ هێزە کوردییەکانى باکووری رۆژهەڵاتى سوریاش داببڕێن.
ئەو گوتی، 27 بنکە و پاسگاى تایبەتمان لەسەر سنوورەکانى عێراق و تورکیا دروستکردووە، بڕیار بوو پێکەوە هێزی هاوبەش دروست بکەین، بەڵام تائێستا نەچووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، بەڵام لەوە دڵنیاین تورکیا مکوڕە لەسەر کۆنترۆڵکردنى سنوورەکانى.

دەستوور
لە عێراق هاوشانى بەرزبوونەوەى پلەکانی گەرما رێژەى تەڵاقیش بەرزدەبێتەوە
فازڵ غەڕاوى، سەرۆکى ناوەندى ستراتیژی بۆ مافەکانى مرۆڤ رایگەیاند، لە مانگی کانوونى دووەمی ئەمساڵ حەوت هەزار و 453 حاڵەتى جیابوونەوە تۆمارکراوە.
بەگوێرەى توێژینەوە زانستییەکان بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما کاریگەریی لەسەر لایەنى دەرونى مرۆڤ هەیە، بەرزبونەوەى رێژەى جیابوونەوەش لە وەرزی هاوین دەکرێت یەکێک لە هۆکارەکانى بەرزبوونەوەى پلەکانی گەرما بێت لەگەڵ کەمیى ئاستى رۆشنبیری، لە یەکدى تێنەگەیشتن، بارى ئابووریی خێزان، بەرزبونەوەى رێژەى خیانەتى هاوسەران، لاوازی کۆمەڵگەى عێراقی، ئامێرەکانى پەیوەندی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و چەند هۆکارى دیکە.
فازڵ غەڕاوى داوا لە حکومەت دەکات، بە جدی کاربکات بۆ کەمکردنەوەى رێژەى جیابوونەوە، چونکە هەڕەشەیەکى جدییە لە کۆمەڵگەى عێراقى.
عەرەب
پەیوەندییەکانى بەحرەین و ئێران ئاسایی دەبێتەوە
وەزارەتى دەرەوەى ئێران لە تۆڕی ئێکس راگەیەنراوێکى بڵاوکردوەتەوە و رایگەیاندووە، رێککارە پێویستەکانى دەستپێکردنى گفتوگۆ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بەتەواوەتى ئامادەن.
ئەم راگەیەنراوەى وەزارەتى دەرەوەى بەحرەین لەکاتێکدایە ماوەی کەمتر لە مانگێکە حەمد بن عیسا ئال خەلیفە، پادشاى ئەو وڵاتە ئامادەیی وڵاتەکەى دەربڕیوە بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانیان دواى ئەوەى لە ساڵى 2016ـەوە پەیوەندییەکانیان بچڕاوە.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە بەحرەین هیچ هەنگاوێکی کرداریی لەو بارەیەوە نانێت، تاوەکو دواى هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتیى کۆمارى ئێران.

مەدا
گرووپە چەکدارەکانى عێراق بە مەبەستى پشتیوانى دەچنە لوبنان
ئاژانسی ئەسیۆشیەتد پرێس لە زارى بەرپرسانى گرووپەچەکدارەکانى لوبنان و عێراقەوە بڵاویکردەوە، هەزاران چەکداریان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بڵاوکردووەتەوە، کە عێراقى و ئەفغانى و پاکستانی و یەمەنین و ئامادەییان دەربڕیوە بە مەبەستى جەنگ لە دژى ئیسرائیل بچنە لوبنان، ئەگەر جەنگەکەى نێوانیان پەرەبسەنێت، ئەو بەرپرسانەى گرووپە چەکدارەکان رایانگەیاندووە، ژمارەیەکی زۆریان لەنێو سوریادان و چاوەڕوانى فەرمانن.
رۆژنامەکە لە زارى یەکێک لە بەرپرسانى گرووپە چەکدارەکانى لوبنانەوە ئاشکرای کردووە هێزەکانى حەشدى عێراقى و فاتمییەکانى ئەفغانستان و زەینەبییەکانى پاکستان و حوسییەکانى یەمەن دێنە خاکی لوبنانەوە بەمەبەستى پشتیونیکردن لە لوبنان.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
کۆچبەرانی کەمپی کالاس چاوەڕوانی بردنەوەی پارتی کرێکارانی بەریتانیا دەکەن
کۆچبەرانی باکووری فەرەنسا، کە لە کەمپی کالاس نیشتەجێن، چاوەڕێی دەکەن پارتی کرێکارانی بەریتانیا هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی وڵاتەکە بباتەوە و حکومەت پێکبهێنێت، کە بڕیارە 4ـی مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
ئەم هیوایەی کۆچبەران لەوەوە سەرچاوەی گرتووە سەرۆکی پارتەکە بەڵێنی داوە یاسای ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا هەڵبوەشێنێتەوە، ئەگەر هەڵبژاردنەکان بباتەوە.
هەربۆێە لە ئێستادا پەڕینەوەی کۆچبەران بە رێگەی ئاویی نێوان ئەو دوو وڵاتە کەمبووەتەوە و کۆچبەران چاوەڕێی دوای هەڵبژادنەکانن.
گاردیەن
کەمی بەرەوپێشچوونی ئاستی مووچە لە بەریتانیا 900 هەزار منداڵی هەژار کردووە
بەهۆی هێواشی پرۆسەی زیادبوونی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی بەریتانیا لە ماوەی 14 ساڵی رابردوودا، ژیانی 900 هەزار منداڵ لەو وڵاتەدا کەوتووەتە دۆخی هەژارییەوە، چونکە کەمیی مووچە و بەرزبوونەوەی نرخی شتومەک کاریگەریی خراپی لەسەر ژیان و گوزەرانیان دروستکردووە.
دۆخی مووچەی هاووڵاتییەکی بەریتانیا بە جۆرێکە، لە ئێستادا تێکڕای مووچەی هەفتانەی فەرمانبەرێک تەنها 16 پاوەن زیاترە بەراورد بە مووچەکەی لە ساڵی 2010ـدا.
واشنتن پۆست
هیوای بایدن بۆ ئاگربەستى غەزە، کە بووە هۆی زیادبوونی هاوکارییەکان، بەرەو کاڵبوونەوە دەچێت
لە حەوت هەفتەی رابردوودا سوپای ئیسرائیل هێرشەکانی بۆسەر ناوچەی رەفەح لە باکووری غەزە دەستپێکردووە، هەموو ئەو رووداوانەی ئیدارەی بایدن ترسی هەبوو خەریکە تێدەپەڕن، هەرچەندە حەماس لاواز بووە، بەڵام لەناونەچووە. ژمارەی گیانلەدەستداوانی هاووڵاتییانی مەدەنی بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە. هاوکات ئەو هیوا بەهارییەی پێشبینی دەکرا درێژە بکێشێت و هاوکارییەکان زیاتر بن، بەهۆی بەرزیی پلەکانی گەرما لە هاویندا خەریکە نامێنیت.
عەرەب نیوز
سزاکانی سەر ئێران زیاتر دەردەکەون، لەکاتێکدا ئێرانییەکان دەنگ بە سەرۆککۆمار دەدەن
سزاکانی وڵاتانی رۆژئاوا، کە ئابووریی ئێرانیان داڕماندووە، لە ئێستادا بوونەتە چەقی بانگەشەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئەو وڵاتە.
هەر شەش کاندیدەکەی سەرۆکایەتی بۆچوونى جیاوازییان هەیە لەسەر ئەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رۆژاوا باش بکەن یان نا، بەشێوەیەک ئەوانەی لەبەرەی پارێزگارەکانن، پێیانوایە بەردەوام دەبن لە دژایەتیکردنی وڵاتانی رۆژاوا.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
لە کوێی کەمکردنەوەى خەرجییەکانداین
وەزیرى دارایی تورکیا باس لە کەمکردنەوەى خەرجییەکان دەکات، پاکێجی زیادکردنى باج لەسەر هاووڵاتیان ئامادەدەکات، بەڵام خۆیان بەدوور گرتووە لە کەمکردنەوەى خەرجییەکان.
وەزیر خۆى بە مەرسیدزێکی 16 ملیۆن لیرەیی دەگەڕێت، تیمەکەشى دوو مووچەیان هەیە.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، بەهاى ئەو ئۆتومبێلەى وەزیر، بەرامبەر هەشت ئۆتومبێلی (تۆگ)ـە.
حوڕییەت
شاندی جەهەپە لەگەڵ وەزیرى دارایی کۆبوونەوە
کۆبوونەوەکەى یاڵچن قەرەتەپە یاریدەدەرى سەرۆکی گشتیی جەهەپە، لەگەڵ محەمەد شیمشەک، وەزیری دارایی تورکیا بۆ ماوەى چوار کاتژمێر و 18 خولەکى خایاند.
سەرۆکی شاندەکەى جەهەپە پاکێجێکی چوار خاڵى وەک پێشنیاز بۆ چارەسەری قەیرانی ئابوورى و دۆخی هاووڵاتیان رادەستی وەزیری دارایی کردووە، ئەویش مووچەی خانەنیشینان، رێککردنەوە باج، پشتیوانی و هاندانى جووتیاران و دیاریکردنى مووچەی کارمەندانی نافەرمی.
تورکیا
لە جەژنى قورباندا گەشتە ئاسمانییەکانى تورکیا ژمارەى پێوانەی شکاندووە
لە رۆژانی جەژنى قورباندا گەشتە ئاسمانییەکانى فڕۆکەخانەى ئەنتاڵیا و ئیستەنبوڵ بەرزترین ئاستی ژمارەى گەشتی فڕۆکەى تۆمارکردووە.
تەنها لە فڕۆکەخانەى سەبیحە گۆکچەن، کە دووەم گەورە فڕۆکەخانەى تورکیایە، حەوت هەزار و 18 گەشت ئەنجامدراوە، یەک ملیۆن و 254 هەزار گەشتیار لەهەمان فڕۆکەخانەوە گەشتیان کردووە.
قەرار
ژمارەى پەنابەران لە ئیستەنبوڵ زۆر زیاترە لە ئامارى بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ کە دەڵێت ملیۆنێک پەنار هەن
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ رایگەیاند، ئامارەکانى بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و پەنابەران، کە گوایە لە ئیستەنبوڵ یەک ملیۆن پەنابەر هەن، ئامارێکی دروست نییە و خۆشیان باوەڕ بەو ژمارەیە ناکەن.
ئەو دەڵێت، پێشتر گوتمان نزیکەى دوو ملیۆن و 500 هەزار پەنابەر لە ئیستەنبوڵ هەن، ئەگەر ئامارەکانى شارەوانی چارۆچکەکانى ئیستەنبوڵ وەربگرین ژمارەى پەنابەران زۆر لەوە زیاترە.