زووم..
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، کۆمسیۆن چاوەڕێی نووسراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن.
جومانە غەلای لە لێدوانێکدا بە زوومی گوت، سەرەتای مانگی رابردوو پێشنیازیان کردووە هەڵبژاردن لە پێنجی ئەیلول ئەنجامبدرێت، بەڵام ئێستا مانگێک بەسەر پێشنیازەکەی کۆمسیۆن تێپەڕیوە و سەرۆکایەتیی هەرێم وادەی هەڵبژاردنی دیاری نەکردووە.
گوتیشی، کۆمسیۆن پێویستی بە کاتە بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن، لە کاتێکدا تەنها دوو مانگ ماوە بۆ ئەو وادەیەی پێشتر کۆمسیۆن پێشنیازی کردبوو.
بەگوتەی جومانە غەلای، کۆمسیۆن پێویستی بە سێ بۆ چوار مانگ هەیە تا ئامادەکاریی تەواو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات، هەروەها دوای هەڵبژاردنەکەش زیاتر لە مانگێک کاتی پێویستە بۆ وەرگرتن و پێداچوونەوەی تانەکان و پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن.
هەر لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردن، ئەمڕۆ کۆمسیۆن جارێکی دیکە وادەی تۆمارکردنی ناوی لیست و کاندیدانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان درێژکردەوە، لە کاتێکدا بڕیاربوو ئەمڕۆ وادەکە کۆتایی بێت.
تا ئێستا 22 لیست و دوو هاوپەیمانی و زیاتر لە 70 کاندیدی سەربەخۆ لەلای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە تۆمارکراون.
رۆژی 28ـی مانگی رابردوو، کۆمسیۆن بە فەرمی داوای دیاریکردنی وادەیەکی نوێی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد و رۆژی پێنجی ئەیلولیشی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە پێشنیاز کرد.
دوای نزیکەی مانگێک لە داواکارییەکەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، تا ئێستا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هیچ وادەیەکی دیارینەکردووە و وەڵامی داواکارییەکەی کۆمسیۆنی نەداوەتەوە.