قەیس خەزعەلی، ئەمیندارى گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق، رایگەیاند، هیچ گفتوگۆیەکیان لەگەڵ رەوتى سەدر نییە، بەڵام بڕیارەکەى سەدر بۆ کشانەوە لە ململانێکانى پێکهێنانى حکومەت بە “شۆڕشگێڕانە” وەسفدەکات.
خەزعەلی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى عێراقییە کە ئەمشەو بڵاوکرایەوە، راشیگەیاند، هیچ بڕیار و نیازێکیان نییە بۆ لە قاڵبدان و سنوردارکردنی رەوتی سەدر، دەشڵێت دەرهێنانى پارێزگاری نەجەف لە ئاڵوگۆڕەکانى سودانى، نامەیەکی دڵنیاکەرەوە بووە بۆ سەدر.
سەبارەت بە حکومەتى تازەى عێراق، خەزعەلی دەڵێت، چوارچێوەی هەماهەنگی حکومەتى پێکهێناوە و کارەکانی سەرۆکوەزیران هەڕەمەکی نییە، بەڵکو پێشتر رێککەوتنی لەسەر کراوە، سەرۆکوەزیرانیش پابەندە بەوەی کە دەبێت هەفتانە لە کۆبوونەوەى چوارچێوەی هەماهەنگی ئامادە بێت.
خەزعەلی لەبارەى کوژرانى هاوڵاتییە ئەمریکییەکە دەڵێت، تاوانە و پێویستە سەرۆکوەزیران بە ئەرکی خۆی هەستێت لە دۆزینەوەی بکوژانی و بە سزاى خۆیان بگەن، ئاشکراشیدەکات کە لێکۆڵینەوەی هاوبەشی عێراقی – ئەمریکی لە دۆسییەکەدا هەیە.
ئەمیندارى گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق، ئاماژەى بەوەشداوە کە گروپەکانى “موقاوەمە” بە راشکاویی بە ئامانجکردنى نێردە دیبلۆماسییەکان لە عێراق رەتدەکەنەوە.
لەبارەى هەڵبژاردنى پێشوەختیش خەزعەلی دەڵێت: لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەختم، بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگی، بەڵام هەڵبژاردن بەم یاسایەى ئێستا ئەستەمە بکرێت.